ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
لە جوغزی سەربەخۆییدا
بەشی یەکەم
تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر دەستەواژەیەکی یەکگرتوو سەبارەت بە مافی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی بازنەی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتی نەتەوەییدا رێک نەکەوتووە. بەشێک لە نەبوونی ئەو رێکەوتنە بۆ فرەبوونی ئەو پێکهاتانە لە بواری چەندایەتی، و چلۆنایەتی و شوناسدا دەگەرێتەوە.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دەستنیشانکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا تا ئێستا بەرجەستەبوونی رێکەوتن و سازشی دیاردەی درووستبوون و بەردەوامبوونی مۆدیلی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دوای رێکەوتننامەی ویستفاڵیایە کە لە ساڵی 1648 دا کۆتایی بە شەڕی نێوان ئاینزا کرستیانییەکان لە ئەوروپا و بە ڕۆڵی سیاسیی کەنیسە هێنا، و پرنسیپی سەروەری دەوڵەتی نەتەوەیی و دەستێوەرنەدان لە کاروباری سنوری دەوڵەتانی ئۆروپای درووست کرد.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوچەرخ و دەوڵەتی نەتەوەیی بەردەوام کاری کردوە بۆ سنووردانان و دەستنیشانکردنی ئاست و ناوەڕۆکی داواکاری ئەو پێکهاتانە لە رێگای ئەوەی کە چەمکی مافی مرۆڤ و تاکەکەس لە جیاتی مافی تاکە کەسێکی ئەندامی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی خاوەن کەلتوری تایبەت دا بێت، و جێبەجێکردنی مافی ئەو پێکهاتانەی بە هەڕەشە لە سەر بوون و بەردەوامبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی داناوە.
لە بواری فرەکەلتوریدا کە لەم بابەتەدا لە جیاتی دەستەواژەی "میڵتی کەلتوری لیبراڵی" بەکاری دەهێنم، ژمارەیەک پێکهاتە لەو بازنەیەدا واتە فرە کەلتوری کۆدەبنەوە کە کۆمەڵگای فەرمی نێودەوڵەتی بە مافی کەمایەتی ناوی دەبات.
هەر لە بازنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە کەلتورییەکانی بەدەر لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی زۆربەی حوکمران لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، کۆمەڵێک دەستەواژەی دیکە بەکاردێت و هەر یەک لەوانە ئاستەمە لە نێو مافی کەمایەتییەکان کۆبکرێتەوە لە کاتێکدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتی زۆربە بەردەام بە ژمارە دەستنیشان کراوە و هەندێ جاریش کەمایەتییەک بە ژمارە ڕۆڵی زۆربەی بینیوە، وەک حوکمی سپی پێستەکان لە ئەفەریقیای باشور لە سەردەمی سیستمی ئەپارتاید، و حوکمی کشتالییەکان لە ئیسپانیا کە خۆیان بە سەر دەوڵەتدا سەپاند، و لە عێراقیشدا حوکمی سوننە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق تا ساڵی 2003دا.
هەرچەندە کارکراوە کە دەستەواژەی "مافی فرەکەلتوری" بە فراوانی بۆ داڕشتنی جۆرە سیاسەتێک بەکار بێت کە ئاستێک لە دانپێدانانی گشتی و پشتگیریکردنی ناوەندێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە ڕەگەزییە کەلتورییەکانی دەرەوەی بازنەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار، و مافەکانیان دابین بکات، بەڵام هەر جۆرە پێکهاتەیەک لەو ناوەندە فراوانە شوناس و تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەندازەی داواکارییەکانیشیان لە یەک ئاستدا نین.
لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی دەرەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوەندی دەسەڵات لە دەوڵەتی نەتەوەییدا ڕچاوی دەستەواژەی کەمایەتییە کۆنەکان.. کەمایەتییە نوێکان وەک پەناهندە و کۆچبەرەکان .. کەمایەتییە سەقامگیرەکان و دانیشتوانی ڕەسەن، دەکرێت.
هەڵبەتە هەر یەک لەو دەستەواژانە پێناسەی خۆی هەیە و ئەندامانی ئەو پێکهاتانە بەوە قایل نابن کە هەر هەموویان بە کەمایەتی بناسرێن. بەشێکی فراوان لە تاکە کەسی ئەو گروپانە نایانەوێت تەنها لە چوارچێوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و تاکە کەسیدا تەماشای مافەکانیان بکرێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک تاکە کەسێک و مرۆڤێک کە بەشێکن لە چوارچێوەی و لە نێوەندی شوناسێکی هاوبەش و تێکەڵاو لە گەڵ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگایی، و کاردەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو پێکهاتەیە مافەکانیان دابین بکرێت و خۆیان بە بەش و نوێنەری ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە دەزانن و مافە ڕەواکانیان وەک تاکە کەس بە بەشێکی جیانەکراوە لە مافی بە کۆمەڵی پێکهاتەکە دەزانن.
بە شێوەیکی کردەیی ناکۆکی لەسەر پێناسەکردنی دەستەواژەی کەمایەتی و مافەکانی هەیە. بۆ نموونە لە بەریتانیا دەستەواژەی کەمایەتییەکان تەنها بۆ ئەو پێکهاتانە بەکار دێت کە بە نوێی کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردوە، و بەتایبەتی ئەگەر ئۆسکوتڵەندا و ویلز بە نموونە بهێنینەوە دەستەواژەی کەمایەتی بە ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی کە میژووی دێرینیان لە دەوڵەتدا هەیە، ناوترێت، بەڵام لە ئۆتریش پێکهاتەی دێرینی وەک سلۆفینستەکان بە کەمایەتی دادەنرێن. لە هەمان کاتدا دانشیتوانی ڕەسەن لە زۆربەی وڵاتان بە دەستەواژەی کەمایەتی قایل نین، و ئەگەر بڕوانینە ئۆسکوتڵەندا و ویلز ئەوا خۆیان بە گەل یان نەتەوە دادەنێن.
سەبارەت بە دابینکردنی مافەکانی ئەو پێکهاتانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کۆمەڵێک دەستەواژەی جیاواز بەکار دەهێنرێت، لەوانە: مافی کەمایەتییەکان، سیاسەتی هەمەچەشنی، ڵێکۆلینەوەی کەلتوری، مافی کەلتوری، تێکەڵبوونی کەلتوری، خۆگونجاندن..هتد.
لە گوتاری نێودەوڵەتی هاوچەرخدا ناڕوونییەک نێوان مافی دانیشتوانی ڕەسەن و مافی کەمە نەتەوەییەکان درووست بوو. بەشێک لە هۆکاری ئەم ناڕوونییە بۆ ئەو ڕەفتارە نامرۆیانە و بەدڕەوشتانە دەگەرێتەوە کە کۆلۆنیالیستە ئۆروپییەکان دژ بە دانیشتوانی ڕەسەن لە ئەمەریکا و ئۆستراڵیا و نیوزلەندا، و ئەمەریکای باشور ئەنجامیان دا، و لە ئاکامدا دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە زۆر چەوسانەوە و بە لاوازی دەرکەوتن و زیاتر پێویستییان بە پاراستن هەبوو.
جیاوازی نێوان داواکاریی کەمە نەتەوەییەکان و داواکاری دانیشتوانی ڕەسەن لە بواری مافەکاندا لە چەند خاڵێکدا بە دی دەکرێت لەوانە:
ـ ئاراستەی زۆربەی کەمایەتییەکان خۆگونجاندنە و کار بۆ خۆتێکەڵکردنە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەن کار بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکەن.
ـ کەمایەتییەکان جەخت لە سەر مافە تاکە کەسێکان و چوارچێوەی مافی مرۆڤ دەکەنەوە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ڕەسەن دەڕواننە پەیڕەوکردنی بە کۆمەڵی مافی پێکهاتەکەیان.
ـ ڕۆڵە و ئەندامانی کەمایەتییەکان ناڕواننە جیاکاری و جوداخوازی لە گەڵ پێکاتەی زۆربە و دەسەڵاتدار لە دەوڵەتدا، بەڵام ئەندامانی دانیشتوانی ڕەسەن خولیایان بۆ خودموختارییە.
یەکێک لەو پرسیارانەی کە لەم ستونەدا بە گرنگی دەزانم پەیوەندی بە دەستنیشانکردنی شوناسی دۆزی ڕەوای مەسەلەی کوردستانە لە نێو سەرجەم ئەو پێناسانەی دەخرێنە ڕوو.
ئەوەی لە سەد ساڵەی تێکۆشانی ڕەوای بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی ڕچاو دەکرێت، کارکردنی نەیارانی کوردستان و تەنانەت تا ڕادەیەکی بەرچاو کارکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی مامەڵە لە گەڵ بابەتی کوردستان وەک کێشە و گرفت بکرێت، و هەندێ جاریش بە مەسەلە و دۆز ناوبراوە کە پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی یان وەک نەتەوەیەک، نەک دۆزێک پەیوەندی بە کوردستانەوە هەبێت وەک نیشتمان. ئەم ئاراستەیە لە دەستوری عێڕاقی ساڵی 2005دا ڕەنگی دایەوە کە سەرجەم گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی عێڕاقی بە ئاستی جیاوازی شوناسەوە بە پیکهاتە دادەنێت و وشە و دەستەواژەی کەمایەتی بۆ هیچ گروپێک بەکار ناهێنێت، و دانەرانی دەستور پێیان وا بووە بەم جۆرە زۆربەی گرۆپە ئەتنی و نەتەوەییەکان ڕازی دەکەن و بەم جۆرەش بانگەشەی ڕووکەشی بۆ فۆرمێک لە چەمکی فرەکەلتوری لیبراڵی دەکەن.
ڕەنگدانەوەی ئەم ئاراستەیە لە دەستوردا ئەوەبوو کە پەیوەندی کوردستان بە عێڕاقەوە لە چوارچێوەی فیدڕاڵی دەستنیشان بکرێت و ئەمەش بەردەوامبوونی ئەم بۆچونەیە کە مامەڵە لە گەڵ مەسەلەی ڕەوای گەلەکەمان وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێو دەوڵەتی نەتەوەیی عێڕاقدا دەکات نەک ئەوەی کە خودی کوردستان نیشتمانە و مافی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەیە.
  • 1