ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دەیەم

هاوڕێ حەیدەر، و كۆنفرانسی پێنجەم

لەكۆتایی ساڵی 1992 دوای ئەوەی ئامادەكاری تەواو بۆ گرێدانی كۆنفرانسی محەلی هەولێر كرا، سەركردایەتی لیژنەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە كۆنفرانسی پێنجەم ساز بدرێت، لەم كاتەدا ململانێی ناوخۆی لیژنەی محەلی توندو گەرم بوو، سێ بۆچوون لەنێوان هاوڕێیان بەڕۆنی دیار بوو، بۆچوونی یەكەم ئەو هاوڕێیانە بوون كە داوایان دەكرد دەم و دەست و بەپەلە حزبی شیوعی كوردستان دروست بكرێت و چاوەڕوانی بڕیاری حزب و گرێدانی كۆنگرە نەكرێت، ئەو رەوتە زۆرینە بوون، بۆچوونی دووەم لەگەڵ ئەوەدابوون كە حزبی شیوعی كوردستان دروست بكرێت بەرێكەوتن لەگەڵ سەركردایەتی حزب و لەكۆنگرەیەكی لیژنەی هەرێمی كوردستان حزبەكە رابگەیەندرێت، ئەم رەوتە لەرەوتی یەكەم كەمتر بوون، بەڵام راو بۆچونەكانیان جێگای بایەخی هاوڕێیان بوو، و گەنگەشەو بیروڕای زۆر دەربارەی رایەكان لەنێوان هاوڕێیاندا دەكراو لەنێوان هەردوو رەوت ئاسایی بوو، ژمارەیەكی كەمیش لەهاوڕێیان بیروبۆچوونی رۆنیان نەبوو، و دەیان ووت لەگەڵ رای حزبداین و حزب باشتر دەزانێت، ئا لەم بارودۆخە كۆنفرانسی پێنجەمی لیژنەی محەلی بەڕێوەچوو، و بەڕای زۆرینەی هاوڕێیان سەركەوتوو بوو، لیژنەی محەلیەك هەڵبژێردرا كە زۆرینەی لە هاوڕێیانی رەوتی یەكەم بوو، هاوڕێ حەیدەر و ابو دلشاد و رەوەند بوونە ئەندامی لیژنەی محەلی و ئەندامی مەكتەبی محەلی و هاوڕێ حەیدەر بەسكرتێری لیژنەكە هەڵبژێردراو، هاوڕێیان هەر یەكەو ئەركی خۆی لەئەستۆ گرت، پاش ماوەیەكی كەم لیژنەی هەرێمی كوردستانی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی كۆنفرانسەكەی داو سەركردایەتی حزبیش رەزامەند بوو، ئەو بڕیارەی سەركردایەتی حزب بووە جێگای ناڕەزایەتی توندی هاوڕێیان و تەواوی ئەندامانی لیژنەی محەلی هەڵبژێردراو، هاوڕێیانی رەوتی دووەمیش ناڕازی بوون، و هاوڕێ حەیدەر وازی لەسكرتێری لیژنەی محەلی هێناو هیچ كام لەئەندامانی سەركردایەتی حزب بەرپرسێتی لیژنەی محەلی وەرنەگرت، و بڕیاردرا بەزووترین كات ئامادەكاری بۆ سازدانەوەی كۆنفرانسی پێنجەم بكرێت، داواكرا هاوڕێیان ئەندامی لیژنەی محەلی كۆن واتە ئەوانەی پێش كۆنفرانس ئەندام بوون بەردەوام بن لەئەركەكانیان تا سازدانی كۆنفرانسێكی تری لیژنەی محەلی.. كاتێك هاوڕێ حەیدەر وازی لەسكرتێری هێنا، هاوڕێ ابو دلشاد و رەوەندیش هەمان بڕیارمان هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی سەركردایەتی حزب داوای لێكردین لەبەڕێوەبردنی ئەركەكانمان بەردەوام بین و بەشداری لەئامادەكردنی گرێدانی كۆنفرانس بكەین....

سكرتاریەتی سێ قۆڵی و ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنفرانس

دوای ئەوەی هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی كۆنفرانسی پێنجەم وازی لەسكرتێری لیژنەی محەلی هێناو، و هیچ كام لە هاوڕێیانی لیژنەی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی حزب بەرپرسێتی لیژنەكەیان لەئەستۆ نەگرت، لیژنەی هەرێم بڕیاریدا سكرتاریەتێكی تایبەت بە لیژنەی محەلی پێكبهێنێ بۆ بەڕێوەبردنی ئیش و كاری رۆژانەی حزب لە پارێزگای هەولێر و ئامادەكاری بكات بۆ سازدانی كۆنفرانسی پێنجەم، سكرتاریەتەكە پێكهاتبوو لە هاوڕێیان ( مام سالح و هاوڕێ محمد حەلاق و بەندە) ئەم سێ هاوڕێیە هەریەكەیان بۆچوونی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی ئەركی حزبی و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانس هاوڕا بوون و بەگونجاوی لەگەڵ یەكتردا كاریان دەكرد و نێوانیان رێك وپێك و تەبا بوون لەپێناوی ئامادەكاری بۆ كۆنفرانس و سەرخستنی ، لەگەرمەی ئامادەكارییەكان ئەو هاوڕێیانەی دەیان ویست حزبی شیوعی كوردستان بەپەلەو بەبێ چاوەڕوانی بڕیاری حزب و كۆنگرەی هەرێم حزبەكە دروست بكەن، رۆژانە گلەییان دەكرد، ودەیان ووت لەهەڵبژاردنەكانی لیژنەی قەزاكان بۆ كۆنفرانسی محەلی هەولێر دەستێوەردان هەیەو هاوڕێیانی ئێمە دەرناچن، واتە ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵ دروستكردنی حزبی شیوعی كوردستان بوون، بەشێوەیەكی خێراو بەپەلەو بەبێ چاوەڕوانی بڕیاری حزب، رۆژانە دەربارەی ئەم بابەتە ووتووێژ لەنێوان هاوڕێیاندا ئەنجامدەدرا، ئێمە هەوڵی زۆرمان دەدا كە پێویستە ئارام بگرن و هەوڵبدەین ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنفرانسەكە تەواو بكەین، بەڵام ئەوان ترسیان هەبوو لەكۆنفرانسەكەدا ئەو رەوتە زۆرینەبێت كە لەگەڵ دروستكردنی حزبی شیوعی كوردستانە، بەڵام بەشێوەیەكی رێكخراو لەناو حزب بێت و بەبڕیاری حزب و لەكۆنگرەیەكی تایبەتی لیژنەی هەرێم بێت، تا وای لێهات رۆژێك هاوڕێ ملازم رابەر هاتە لام و ووتی، ئێمە چیتر بەرگەناگرین و لەهەڵبژاردنی هاوڕێیانی (دارەتوو) خراپ بەڕێوەچووەو ئەو هاوڕێیانەی دەرچوونە تازەنەو هیچ مافی ئەوەیان نییە ببنە ئەندامی كۆنفرانس، بۆیە ئێمە چیتر بەشداری ئیش و كاری لیژنەی محەلی ناكەین، لەوەڵامدا ووتم/ هاوڕێی بەڕێزم ئەوانەی كە دەنگ دەدەن ئەندامی حزبن و مافیان هەیە دەنگ بدەن، هەروا ئێمە نازانین ئەو هاوڕێیانە لەگەڵ دروستكردنی حزبی شیوعی كوردستانن یان نا.. و باشە چاوەڕێ بكەن تاكو گرێدانی كۆنفرانسی لیژنەی محەلی و سەرخستنی و هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەكەو سكرتێر، ئەوكاتیش ئەگەر هەر ناڕازی بوون، و لەگەڵ بۆچونەكانی هاوڕێیان و حزب نەبن، و ئە ئەوكاتیش دەتوانن بڕیاری گونجاو بدەن، ئێمە دەمانویست كۆنفرانسەكە ساز بدرێ و لیژنەیەكی محەلی و سكرتێر هەبێت، و شەرعیەتی لە هاوڕێیان وەرگرتبێت، سەركردایەتی حزبیش بڕیاری پێكهێنانی حزبی شیوعی بدات، جا ئەوكات ئەگەر هەندێ هاوڕێ لەگەڵ بڕیاری حزبیش نەبن و لەحزبیش دووركەونەوە ناتوانن حزبێكی شیوعی كوردستانی دروست بكەن، كە جێگرەوەی حزبی شیوعی بن، هاوڕێیانی رەوتی خێراو بەپەلەی دروستكردنی حزبی شیوعی كوردستان رایان وابوو، ئەگەر پێكهاتەی كۆنفرانسی پێنجەمیان بەگونجاو و باش نەزانی ئەوە لەكۆنفرانسەكە دەچنە دەرەوە.. هەرواش كەوتەوە، هەر لەگەڵ كردنەوەی كۆنفرانسی پێنجەم بەئامادەبوونی هاوڕێ عەزیز محمد و كەریم ئەحمەد و هاوڕێیانی تر، گیروگرفت دروست بوو، و كاتێك هاوڕێ عەزیز محمد و هاوڕێ كەریم ئەحمەد ویستیان بەئەركێكی گرنگ لە كۆنفرانسەكە بچنە دەرەوە ، نوێنەرانی كۆنفرانس هاواریان لێهەڵساو داوایان دەكرد هاوڕێیان نەڕۆن، هاوڕێ ابو دلشاد بەرایی هاوڕێ عەزیز محمد ی گرت و داوای لێكرد كە كۆنفرانسەكە بەجێنەهێڵێت، چونكە ئێمە دەمانزانی كە رەوتێك هەیە دەیەوێت كۆنفرانسەكە نەكرێت و تێكبچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوڕێ عەزیز محمد و هاوڕێ كەریم ئەحمەد كاری گرنگیان لەپێش بوو، و ئاگاداری ئەوەش نەبوون كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كۆنفرانسەكە ساز نەدرێ و تێك بچێت، ئیتر دوای رۆیشتنی هاوڕێیان بەشێكی زۆر لە نوێنەرانی كۆنفرانسەكە دەرچوون و كۆنفرانس ساز نەدراو و تێكچوو، ئەو هاوڕێیانەی كە پەلەیان بوو بۆ دروستكردنی حزبی شیوعی كوردستان جیابوونەوەو بەئاشكرا بارەگایان كردەوە بەناوی شیوعیە كوردستانیەكان و كەوتنە نواندنی چالاكی و دروستكردنی رێكخستن، ئەزو هاوڕێ ابو دلشاد رۆژانە سەردانی لیژنەی محەلی هەولێرمان دەكرد، بەڵام وازمان لە ئەستۆ گرتنی ئەركی حزبی هێنا، و بڕیارەكەی حزبمان بەناڕاست و هەڵە دەزانی و پەلەی تێداكرا، دەبوو بەشێوەیەكی هێمنانەو لەسەرخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكانی كۆنفرانسی پێنجەم بكرێت، و مامەڵەیەكی گونجاو و لەبار لەگەڵ بارودۆخەكە بكرایەو تا ئەو كاتە حزبی شیوعی كوردستانی لەلایەن حزبەوە راگەیاندرا...

 

  • 1