ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەكە كاری مۆدێلینگ لە كوردستان، مشتومڕێكی زۆری ناوەتەوە و بوەتە جێی باس و خواسی خەڵك و دەسەڵات تا ئەو ئاستەی كە وتەبیژی حكومەت لە تویتێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە ڕێگە نادەن كاری مۆدێلینگ شیرازەی كۆمەڵگای كوردی تێكبدات، لێرەو لەوێش لە میدیا و سۆشیالمیدیاوە فۆكس لە سەر ئەوەیە كە ئەمانە شیرازەی كۆمەڵگایان تێكداوە و بونەتە هۆكاری سەرهەڵدانی كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكان و بەهۆی كاری ئەم مۆدێلانەوە ئابڕووچوون و كوشتنی ژنان زیادیكردووە و خودی كچە مۆدێلەكان خۆشیان بوونەتە قوربانی پرۆسەكە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەم حكومەت و هەمیش ئەحزابی دەسەڵاتدار و تەنانەت كۆمەڵگاو میدیاش دەزانێ كە كێ بەرپرسە لە تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و تڵۆقەكردنی مەترسیەكانی ئەو تێكچونە ، چونكە هیچ مومكین نیە كۆمەڵگایەكی چەند ملیۆنی بە ژمارەیەكی كەم لە كچە مۆدیل ئەخلاقی داڕوخێت و مەترسی بكەوێتە سەر، بەبێ ئەوەی بیرلەوە بكەینەوە كە سیاسەتی هەڵەو بەلاڕێدا بردنی دیموكراسی و پەرەگرتنی گەندەڵی و شێواندنی كۆمەڵگا و خولقاندنی نائارامی تاچەند كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و چەند مەترسیە لە سەر پاشەڕۆژی كۆمەڵگا ، پرسیارەكە ئەمەیە ئایە لە دەرهاوێشتەكانی ئەوانەوە شیرازەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا تێكناچێ و سەرناكێشێ بۆ بەرجەستەكردنی بێئەخلاقی بە مانا سیاسی و كۆمەڵایەتیەكەی ، ئایە ئەحزابی حوكمڕان لە كوردستان بۆ دەستخستی دەسەڵات و گەیشتن بەو پێگەیە هەزاران فرت و فێڵیان ئەنجام نەداوەو نەبوونەتە سەرچاوەی شێواندنی شیرازەی كۆمەڵایەتی ؟.

كێ شیرازەی كۆمەڵگای تێكداوە ئەوەی كە سەرپێچی یاسا دەكات و بە ئاشكرا دەرمانی ئێكس پایەرو خواردنی بەسەرچو ژەهراوی دەرخواردی كۆمەڵگا و میلەتەكەی دەدات یان كچە مۆدێلێكی ئیستغلالكراو ، كێن ئەوانەی مادەی هۆشبەر دێننە كوردستان و بە ئاشكرا بازرگانی پێوەدەكەن ، مۆدێلەكانن یان مافیاكانی ناو پرۆسەی حوكمڕانی.؟! لەڕوی پێداویستی ڕۆژانەشەوە كێ بەرپرسە لە نەبوونی ئاو كارەبا و سوتەمەنی و گرانی بەنزین و خۆراك لە بازاڕدا مۆدێلەكان یان دەسەڵات، ئایە دزی و فزی و گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات و تاڵانی سەرچاوە سروشتیەكان و كەڵكەبوونی قەیرانەكان و قۆرخكردنی بازار و دەفتەرە دۆڵارو باڵەخانەی بەرزو خۆ دەوڵەمەندكردن و حەزی جنسی و ناپاكیكردن لەیەكتریی و عەنتەریاتی كوڕ و پاسەوانی بەرپرسەكان شیرازەی كۆمەڵگای تێكنەداوە .

كەچی سەرەڕای هەموو ئەوانەش بۆ پاساودانی خۆیان و شاردنەوەی مەخسەدەكانیان ئێستا ئەیانەوێ بە هەڵا و هوریای رووبەرووبونەوەی مۆدێلەكان پاكێتی خۆیان پێشاندەن و دارەكە لەسەری ئەواندا بشكێنن. وەك ئەوەی كە هەرچی بێئەخلاقی كۆمەڵگایە خەتای مۆدێلەكانە و ئەوان بەرپرس نین كە ئەمانە لەكوێووە هاتن و چۆن دروست بوون و كێ سپۆنسەری كار و پرۆژە و پارە و سەرچاوەی دارایان بوو، چۆن لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بونە خاوەنی بزنس و سەیارەی گران بهاو و هەوادارێكی زۆر، وەك ئەوەی ئەوان بەرپرس نەبن لە ناساندن و دەرخستن و باس كردنیان لەكەناڵەكان و تەرویجدانیان، واتا ئامانجی دەسەڵات لە گەورەكردن و دەرخستنی ئەو مۆدێلانە و ئێستاش پەلاماردانیان بۆ جوانكردنی كۆمەڵگا و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی بە مەدەنی كردن و دیموكراسیەت نەبوو وەك ئەوەی كە كاری مۆدێلینگ لە دنیادا دەیكات، بەڵكوو لەمەشدا مەخسەد و مەرامی خۆیان هەبوە نەك شتێكی تر، كە ئێستا ئەیانەوێت خۆیان لەهەموو گوناهەكان پاك بكەنەوە و هەموو خراپیەكان بخەنە ئەستۆی گەردنی ئەوان.

  • 1