ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، ڕوسیا و چین و ئێران ڕایانگەیاند کە هێزە سوپاییە پاپۆڕیەکانیان هەموویان پێکەوە چەند ڕاهێنانێکی گرنگ ئەنجام دەدەن لە دەریاکانی ئەمەریکای باشوردا. ووڵاتی ڤێنزوێلا میوانداری ئەم ڕوداوە سەربازی و سیاسیە ئەگرێتە ئەستۆی. چەند ساڵێك پێش ئێستا هەواڵێکی ئاوا دەبووە جێی سەرسوڕمان و بێ باوەڕی. ئەمڕۆ بە پێجەوانەوە ئەو ڕووداوە ڕاستیە.

دوێنێ، لە سەدەی پێشودا بە تایبەت، ووڵاتانی ڕۆژئاوای چاوچنۆك، خاکی جیهانیان لە خۆیان بەش دەکرد، سامان و دەستکەوتی میللەتانیان دەفڕاند بۆ ووڵاتەکانی خۆیان. هەندێ جار نوێنەری میللەتێکیان لە گۆڕەپانی سەرەکی ووڵاتێکدا لە سێدارە دەدا (وەکو عومەر موختاری لیبیا کە لە لایەن ئیتالیەکانەوە لە سێدارە درا، تەنها گوناهی ئەوەبوو کە پشتگیری لە میللەتەکەی دەکرد دژ بە داگیرکەر)، ووڵاتیان پێکدەهێنا، سنوری دەستکردیان دەکێشا بە پێێ بەرژەوەندیەکانی خۆیان. کوردستانی گەورە و چەوسانەوە و لەناوچوونی سەدان هەزاران کورد ئامانجی ئەو گەمەیەی ووڵاتانی ڕۆژئاوایە و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. ئەو سەردەمە هیچ میللەتێك توانای خۆڕاگرتنی نەبوو لە بەردەم هێزە سەربازیەکانی ئەو ووڵاتانەدا.  

ئەمڕۆ، هەندێك ووڵات وەکو ڕوسیا و چین و هیندستان گەیشتوونەتە پلەیەکی زۆر پێشکەوتوو لە ڕووی چەکی سەربازیە وە ولە زۆر لایەنی ئابوری و کولتوری و کۆمەڵایەتیەوە. پێشکەوتنی ئەو ووڵاتانە بۆتە دڵە لەرزەی حوکمەتی ئەو ووڵاتانەی کە دوێنێ زۆر بە شانازیەوە کۆلۆنیالیست بوون. ئەمڕۆ ڕوسیا و چین و هیندستان و چی دی مل کەچی ووڵاتانی ڕۆژئاوا نین، بە پێجەوانەوە هاوتان یان دەتوانین بڵێێن لە زۆر بواردا زیاتریشن. بازاڕی ئەو سێ ووڵاتە پێکەوە لە سێ ملیار کەس پێكهاتووە. چەند ووڵاتێكی تریش داخوازن بەشداری بازاڕەکانی ئەو سێ ووڵاتە ببن. لە هەمان کاتدا لە ڕووی سەربازیەوە ئەو سێ ووڵاتە ئامادەن بە بێ باك بەرەنگاری هەڕەشە پوچەڵەکانی (ناتۆ) ببنەوە کە ئەمیش هەر ڕیکخراوێکی شەڕی دەستکردی ووڵاتانی ڕۆژئاوایە.

ئەو کاتەی کە شەڕی سارد لە ئارادا بوو لە نێوان ووڵاتانی سەر بە ناتۆ و ئەوانەی سەر بە پەیمانی وارشۆ (ڕوسیا و...) تەنها چوار ووڵات توانیان ببنە ئەندامی ناتۆ، یۆنان، تورکیا، ئیسپانیا و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا. پاش شەڕی سارد و کەوتنی سیسیتەمی کۆمونیستی لە یەکێتی سۆڤیێت (١٩٩٠/١٩٩١) هەموو ئەو ووڵاتانەی کە لە پێشا سەر بە پەیمانی وارشۆ بوون، بوونە ئەندامی ناتۆ. بێگومان ڕێکخراوی ناتۆش لە لایەن ئەمەریکاوە بەڕێوەدەچێت. ئاشکرایە کە ناتۆ هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی کە ئەو ووڵاتانە ببنە ئەندامی ناتۆ دژ بە ڕوسیای ئەمڕۆ.

پاتریك جۆزێف، سیاسیەکی ناسراوی ئەمەریکیە و چەند جار بۆتە ڕاوێژکاری سیاسی ڕیچارد نیکسۆن، جێرارد فۆرد و ڕۆنال ڕێگان دەڵێ؛ ئێمەی ئەمەریکی ڕۆڵێکی سەرەکیمان بینیوە بۆ دامەزراندنی دووهەم شەڕی سارد کە لەوەی پێشوو زیاتر ترسناکترە.

لە ساڵی ٢٠٠٨دا کۆلۆنیالیستە نوێیەکانی ئەمەریکا ووڵاتی جۆرجیایان هاندا پەلاماری ناوچەی ئوسیتیا (هەرێمێکە لە نێوان ڕوسیا و جۆرجیا) بدات. ئەمەش وای کرد کە ڕوسیا سوپا بنێرێت وسوپای جۆرجیا  ملکەچ بکات. بە هەمان شێوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆلۆنیالیستە نوێیەکانی ئەمەریکا بەشێک لە میللەتی ئوکراینایان هاندا کە کودەتایەك ڕێکبخەن وحوکمەتی نوێی کیڤیان لە دەسەڵات دەرپەڕاند. ئەو حوکمەتەی کیڤ بە شێوەیەکی یاسایی و دیموکراسی لە دەنگاداندا دەرچوو بوو، واتە دامەزراندنی ئەو حوکمەتە خواستی زۆرینەی میللەتی ئوکراینا بوو.

پاتریك جۆزێف لە لایەکی دیەوە دەڵێ؛ لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕوسیا داوای لە ئەمەریکا کرد کە ئوکراینا نەکات بە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئێمە ئەو داواکاریەمان ڕەتکردەوە.

دەزانین پاشان چی ڕوویدا.

فەیلەسوفی ئیتالی گەلیمبێرتی دەڵێ؛ ئێمە پێشکەوتووین چونکە هەرچیەکمان پێویست بووبێت چووین هێناومانە (واتە بە زۆر).

هینری کیسینجەر لە چاوپێکەوتنێکدا ووتی؛ هەڕەشەمان لە شایانی عەرەبی سعودی کرد و پێمان ووتن کە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێ نەوتەکەمان بدەنێ.

هەتا ئێستا ئەو جۆرە بۆچوونەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا هەر بەردەوامە. ئەوان چیان پێویست بێت دەبێ بە زۆرداری بەدەستی بهێنن. بەڵام پێویستە بپرسین ئایا ئەو بۆچوونە نیشانەی زیرەکی و ووردبینیە لە سیاسەتدا؟ نەخێر، گەر زیرەك بوونایە لە سیاسەتدا ئەو هەموو مەسرەف و هەوڵەی دەیدەن بۆ زۆرداری تەنها دوژمنیان بۆ زیاد دەکات، دەیانتوانی هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و دامەزراندنی بازاڕی نوێ و هاوکاری میللەتە ساکارەکان. هەربۆیە  ئەوبۆچوونە زۆرداریە چی دی کاریگەر نیە، چونکە ئەمڕۆ جەند ووڵاتێکی وەکو ڕوسیا و چین و هندستان کە هاوتای ڕێکخراوی ناتۆن هاتوونەتە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی و هیچ هێزێکی ڕۆژئاوایی ناتوانێت ملکەچیان بکات.