ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زانراوە هیمالایا بەرزترین لووتکەی جیهانی تێدایە، ١٤ لووتکەی ئەو زنجیرە چیایە لە بەرزترین لووتکەکانی جیهانن. لە بوتان دەستپێدەکات، بە نیپاڵ، هیند و پاکستاندا تێدەپەڕێ تا دەگاتە ئافگانستان. بەشێکیشی لە ناو تیبتە (چین). ٧٥٪ ی هەموو ڕووبەری نیپال چیای هیمالایایە. نزیکەی ٢٤٠٠ کیلۆمەتر لەمسەر تا ئەوسەر کشاوە. شاخەکانی بە سێ هێڵی تەریب بەیەک، دەکشێن. هەریەکەیان ناوی خۆی هەیە. لە لوتکە بەرزەکانیدا پاشماوەی گیانداری ناو ئاوی بە بەردبوو، دۆزراونەوە. واتا، چەند سەد ملیۆن ساڵێک بەر لە ئێستە ئەو لوتکە بەرزانەی هیمالایا خاکی ژێر ئاو بوون. دەنا هیچ کاریگەرییەک ناتوانێ بوونەوەرێکی ناو ئاو بباتە لووتکەکانی هیمالایا و لەوێ بە بەرد ببێ.

دوای هەردوو جەمسەری باکوور و باشوور،چیاکانی هیمالایا زۆرترین سەهۆڵ و بەستەڵەکی تێدایە. نزیکەی ١٥ هەزار ڕووباری بەستەڵەکی هەیە. چوار ناودارترین ڕووبارە بەستەڵەکەکانی ناویان باڵتۆرۆ، بیافۆ، نوبرا و هیسپورە. کۆی ئەو ئاوەی لەوێدا هەیە سەروو ٤٥٠٠ کیلۆمەتر سێجایە، دەکاتە ٥٦٠ جار ئەوەندەی ئاوی دەریاچەی دوکان لە هیمالایا وەک بەفر، ڕووباری بەستەڵەک و ڕووبار، ئاو هەیە.

٢٢٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، ئەو وڵاتەی ئێستە ناوی هیندستانە وەک دوورگەیەک لە ناو ئاودا بوو. ناوی ئەو زەریایە ئەو کاتە (تێثیس) بوو. ئەو بەشەی ئێستە هیندستانە لە کیشوەرەکەی خۆی کە ناوی (پانگیا) بوو جیا بووەوە و بەرەو باکوور دەجووڵا. لە ماوەی ١٣٠ ملیۆن ساڵدا ئەو دوورگەیە ٦٤٠٠ کیلۆمەتری بڕی، هەر ساڵێک ٩ تا ١٦ سم دەجووڵا، دوایی ئەو تەختەی (پلێت) دوورگەکەی لەسەرە لەگەڵ تەختی ئاسیا بەر لە ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن ساڵ دەگەنە یەک و بەریەک دەکەون.

کەمیی چڕی ئەو دوو پلێتە وای کردووە هیچیان ڕۆنەچیتە خوارێ، یەکیان نەچێتە بن ئەوی دیکەیان. لە ئەنجامدا تەختەکەی یورۆئاسیا بەرەبەرە چرچ و لۆچی تێکەوت (ئەوەی شاخەکانی لێوە دروست بووە). توێکڵی سەرەوەی هەردوو تەختەکە لەیەکیان دا و ئەستووربوون. ئێستە ئەستووری ئەو توێکڵە بووەتە ٧٥ کیلۆمەتر، لەچاو جاران دوو ئەوەندەیە. گڕکانەکان دامرکانەوە چونکە بەر لەوەی بگەنە ڕووی زەوی، سارد دەبوونەوە و وردەوردە ئەو پلێتەی تیبیتی لەسەرە بەرزبووەوە. وای لێهات تیبیت بووە بەرزترین دەشتایی جیهان. هیمالایایش هێندە بەرز بووەوە بوو بە بەرزترین لووتکە.

پێکدادانی ئەو دوو تەختە نەوەستاوە، تا ئێستە هیمالایا ساڵانە ١ سانتیمەتر بەرز دەبێتەوە. لەگەڵیشیدا، ساڵانە هۆکارەکانی ڕووتانەوە (بەفر، باران و با) ئەوەندە لە بەرزی هیمالایا کەم دەکەنەوە. ئەنجامێکی دیکەی پێکدادانی ئەو دوو تەختە تەکتۆنییە بوومەلەرزەیە، لەگەڵ لێکخشانیان بوومەلەرزە دروست دەکات. ئەو زنجیرە چیایە تۆماری بەهێزترین بوومەلەرزەکانی جیهانی هەیە.

لە هیمالایا ٢٠٠ لووتکە بەرزتر لە ٦ هەزار مەتر، ٣٠ لووتکەی بەرزتر لە ٧ هەزار مەتر و ١٤ لووتکەی بەرزتر لە ٨ هەزار مەتر هەیە. هیمالایا لە نوێترین زنجیرە چیاکانی جیهانە، لە چاو هەندێکی دیکە ساوایە. ٦ گەورەترین ڕووبارەکانی کیشوەری ئاسیای لێوە دروست بووە (گانگس، ئیندوس، براهماپوترا، میکۆنگ، گانگتزی و ڕووباری زەرد). زنجیرە چیایەکە پەناگەیەکی سروشتی دروست کردووە، وەکو پارکێکی سروشتی لێی دەڕوانرێ.

هیمالایا وای لە کەشوهەوای ئەو ناوچەیە کردووە لەگەڵ هەبوونی مانسوون و کەشوهەوای شێداری ناوچەی نیمچە کەمەری زەوی، لووتکەکانی هەردەم بە بەفر دابپۆشرێ. بەو کەشوهەوا هەمەجۆرەی ئەو ناوچەیە زۆر جۆری زیندەوەر و ڕووەک هەن تەنیا لە هیمالایا دەژین. پڵنگی ناو بەفر، بزنی کێوی، مەڕی تیبیت و ئاسکی مەسک. ئەوانە گیانداری ناوچەی هیمالایان و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا نین. ئەوانیش لەبەر چالاکی و فراوانبوونی ڕووبەری چەلاکییەکانی مرۆڤ، ئەو گیاندارانە لەسەر لێواری تەفروتونا بوونن.

ئەو ئاوەی لە هیمالایەوە دێتە خوارەوە سەرچاوەی ژیانی ١٠٠ ملیۆن کەسە. گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرما، کاریگەری زۆریان لەسەر ڕووبارە بەستەڵەکەکان و سەرچاوەکانی ئاو هەیە. هیمالایا بۆ مرۆڤ شوێنی کولتوور و ئەفسانەکانە. بەپێی ئەفسانەی هیندۆس، خوا (شیڤا) لە هیمالایا نیشتەجێیە. بۆ هەرچوار ئایینی ئەو ناوچەیە (هیندۆیزم، بودیزم، بۆن و ژاین) هیمالایا زۆر پیرۆزە. تا سەدەی نۆزردەم بۆ یەکەم جار هەوڵی سەرکەوتنی ئێڤەرست نەدرا، کەس نەیدەوێرا خۆی لە قەرەی هیمالایا بدات (زۆرتر لەبەرئەوە بوو ماڵێ خوایەکانە). بەڵام تا ساڵی ١٩٥٣ کەس نەگەیشتە ئەوێ، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە هەوڵی گەیشتن بە لووتکەی ئێڤەرست مردوون ، ئەوە دەکاتە ٩٪ ی هەموو ئەوانەی هەوڵیان داوە.

  • 1