ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرەڕای ئەوەی دەزگا كەشناسییەكان و پەیجی كەشوهەوای گەرمیان ڕایانگەیاند كە ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 6/8/2022 پلەكانی گەرما لە سەرووی 50 پلەوەیە، سەرەڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان هەموو ڕێگاكانی چوونە بەردەم قوتابخانەی شەهید لەیلا قاسمیان گرتبوو، لە كات و ساتی دیاریكراودا، خۆپیشاندەرانی گەرمیان كۆبوونەوە.

لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا، مێرمنداڵ، گەنج، بەتەمەن، دانەمەزراو، فەرمانبەری حكومی، بەشێكی زۆری مامۆستایان، ژن، پیاو، دوكاندار، كاسب، تەنانەت شێخیش بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كرد و جیاوازی بیروڕا نەبووە ڕێگر لەبەردەم ئەو خۆپیشاندەرانەدا تا هەمووان پێكەوە بڵێن نا بۆ حوكمڕانی هێزگەلێك كە ژیانی خەڵكی گران كردووە و كارەبای بۆ دابین ناكرێت و مووچەی لە وادەی خۆیدا پێنادرێت!

خۆپیشاندەری شارەكانی كفری، ڕزگاری، باوەنوور،هاتبوونە كەلار و پێكەوە دژی ستەمی دەسەڵات وەستانەوە و بە شێوازێكی شارستانیانە و دوور لە هەر توندوتیژییەك پەیامەكانی خۆیان دەگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان ڕێگری زۆریان كرد لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەكە و مۆبایلی گەنجە توڕەكانیان دەبرد!

گەیشتینە بەردەم قوتابخانەی شەهید لەیلا قاسم و سێ كەسیان گرتبوو كە سەرپەرشتی ناڕەزایەتییەكانیان دەكرد، ئەو سێ ئەندامەی نەوەی نوێ كە داینەمۆی خۆپیشاندانەكە بوون، هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندنم نەبینی، وتیان سێ پەیامنێریش دەستگیر كراون. بە حوكمی بەرپرسیارێتییەكەم لە نووسینگەی گەرمیانی سەندیكام، لە پەیامنێران گەڕام و بەدواداچوونم كرد، بڕیاری یەپامنێری ئێن ئاڕتی و دڵشادی سەید عەلی پەیامنێری كەی ئێن ئێن وتیان نەخێر ئێمە دەستگیر نەكراوین، بەڵام محەمەد مەحمودی پەیامنێری ڕادیۆی دەنگ لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیر كراوە.

لەم نێوەندەدا لە لایەك دەمویست بە موەفەق حوسێن پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پارلەمانی عێراق بڵێم پەیامی ئاشتیانە بڵاو بكەنەوە و ڕێگە مەدە ناڕەزایەتییەكە بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو گەنجە توڕانەی لولەی تفەنەگەكانی ئاسایشیش نایانترسێنێت و هەر داوای چوونە سەر بارەگاكان دەكەن، لە لایەك بیرم بۆ لای ڕۆژنامەنووسە گیراوەكە دەچوو، پەیوەندیم بە دكتۆرە نەزاكەتەوە كرد و هەواڵەكەم پێدا، وتیان لە هەولێر و سلێمانیش ڕۆژنامەنووسی زۆر گیراون و وەك لیژنەی داكۆكی بەیاننامەیەك دژی گرتنی ڕۆژنامەنووسان دەردەكەین. زانیارییەكانم پێدا.

خۆپیشاندەران بەرد و دەبەی ئاویان دەگرتە هێزە ئەمنییەكان، سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكە ناڕازی بوون و دژی ئەم كارە بوون، تەنانەت گەنجەكان دژی سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكەش قسەیان دەكرد و دەیانگوت ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووینەتە سەرجادە لێرە بووەستین، لە بەرانبەردا هێزەكانی ئاسایش تەقەیان كرد!

ڕاستییەك پێویستە بگوترێت، هێزەكانی ئاسایش هەموو دەرگاكانیان لە خۆپیشاندەران داخستبوو، دووجار سەماعەی خۆپیشاندەرانیان برد كە هەمووی لە دەوری كۆبووبوونەوە، ئەوە هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران توڕەتربن، بەرپرسی چالاكییە مەدەنییەكان لە نێوان خۆپیشاندەران و ئاسایش ڕۆڵی ئاشتەوایی دەگێڕا، بە خۆپیشاندەرانی دەگوت لێرە بمێننەوە و مەجوڵێن، چیدەڵێن بیڵێن، دژی ئەوەش وەستایەوە ئاسایشەكان بەزۆر گۆڕەپانەكە بە خۆپیشاندەران چۆڵبكەن، دەیزانی بارودۆخەكە خراپتر دەبێت.

ئەو گەنجە توڕانەی من لە نزیكیانەوە بووم، لە گولەش نەدەگەڕانەوە، مامەڵەی ژیرانەیان لەگەڵدا نەكرێت و دەسەڵات بە چاكسازی و باشكردنی گوزەرانیان دەست پێنەكات، لە داهاتوودا هەموو شتێك ڕادەماڵن!!

  • 1