ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فۆبیای دەسەلات و حوكمڕانی یەكێكە لەو فۆبیا سیاسی وخۆبەزلزانیەی كە بریتییە لە ترس لە سیاسەت و فەرمانڕەوای، فۆبیای سیاسی زۆرجار لەژینگەیەكی دوودڵی و ناجێگیری سیاسیەوە دروست دەبێت و پەرەدەسێنێت ومەودایەكی فراوانی هەیە هەندێك جار ئەم ترسە لە دەر ئەنجامی لە دەستدان و سەرڕێژی كورسی و دەسەڵاتەوە سەرچاوەدەگرێت و زۆرجاریش فۆبیای سیاسی لە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن و دەنگدانەوە گەشەدەكات و دەبێتە حاڵەتێكی وا كە دواجار هستریای سیاسی لێدەكەوێتەوە.

بەپێی زۆر توێژینەوە و ڕاڤەی سیاسی دەركەوتوە سیاسیەكان لە پرۆسەكانی دیموكراسی و هەنگاوەكانی گەشەی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگای مەدەنی دا توشی فۆبیای سیاسی و حوكمڕانی دەبن تا ئاستی هستریا و وایان لێدێ بێ ئاگا لەدۆخی كۆمەڵگا دەكەونە بەرگری لە مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان و نایانەوێ‌ داببڕێن لە دەسەڵات، بۆیە ئەگەر لە روانگەی ئەم تێڕوانینەوە تەماشایەكی ئەحزابی فەرمانڕەوای كوردستان بكەین، دەبینین لە زۆربەی روودا و پێشهاتەكاندا ئەمانە لە زۆنگاوی شكستی سیاسەتی بەردەوامی خۆیاندا بەردەوام لەم فۆبیایەدا دەژین و وایان لێهاتوە لە هستریایەكی ناجۆردا مامەڵە لەگەڵ سیاسەت دەكەن و نازانن چۆن ڕزگاریان بێت لە ئیدارەدانی كۆمەڵگا و كەرتی گشتی و مافی هاوڵاتی .

دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا بووە بە دەسەڵاتێك كە پەروەردەی سیاسیی تیایدا گۆڕاوە بۆ سزادانی سیاسیی. توندتوتیژیی بووە بە تاكە میتۆدێك بۆ پەروەردەكردنی تاكەكان و هەنگاو بەهەنگاو خەریكە لە پیادەكردنی توندوتیژییدا جێپێی خۆیان قایمدەكەن و دەیانەوێ‌ لەبری پاراستنی ئاساییش و كەرامەتی كۆمەڵایەتیی كارلەسەر پاراستنی ئاساییش و بەرژەوەندییەكانی خۆیان و حزب و بنەماڵەكانیان بكەن، ئەمەش لە خۆیدا بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەحزابی دەسەڵاتداری تووشی فۆبیای حوكمڕانی و ئیدارەدان كردۆتەوە.

دەسەڵات فۆبیای بە گردبونەوە و كۆبونەوەی ناڕەزای جەماوەر و چاكسازی هەیە، ترسیان لە خۆپیشاندانی خوێندكاران و مامۆسایانی زانكۆ و ناوەندە زانستیەكان و مومارەسەی دیموكراسی و هۆشیاربونەوە و ڕەخنەی خەڵك و لە تەتبیقكردنی عەدالەت و بیروڕای ئازادە، ترسیان لە هەڵگەرانەوە و سەنگەرگۆڕینی ئەندامە مشەخۆرەكانی خۆیانە كە زۆر بە ئاسانی هەرچی پۆخڵەواتی حزبەكەیەتی دەیداتە حزبی دڵخوازی و دەبیتە مۆتكەی ترس بە سەر حزبی یەكەمەوە .

ئەمانە ترسیان لە ئاشكرابوون و ڕیسوایی خۆیانە كە چەندین ساڵە لەناو زەلكاوی گەندەڵیدا غەرقبوونە و دەرەچەیەك نادۆزنەوە بۆ دەربازبوون ، ترسیان لەوەیە كەی ڕۆژێك دێت دەكەونە بەر پەلاماری توڕەیی خەڵك و سەراوژێردەكرێن و دەخرێنە قەفەسی دادگای گەلەوە، ئەمانە لەبەر دزی و فزی و ڕاوڕوت و پەلاماردانی موڵك و ماڵی میلەت ترسیان لە لێپێچینەوە و سزادانە، تەنانەت ترسیان لە رابردووی خۆیان و و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی سەركردە و حزب و بنەماڵەكانیانە و فۆبیایان بە داتا و ژمارەكانە و نایانەوێ‌ كەس ئەو دیوە تاریكە ببینێ كە ژمارەكان و ڕێژەی دزی و گەندەڵیەكانیان ئاشكرا دەكات، ئەمەش لە حەقیقەتدا كورتكردنەوە و بچوكردنەوەی بازنەی دەسەڵاتداری و حوكمڕانیە، تا ئەم بازنەیەش بچوكتر بێتەوە ، پەنا بردن بۆ توندوتیژی و ترس و تۆقاندن فراوانتر دەبێ و هیچ مانایەك نامێنێتەوە بۆ نەتەوە، نیشتمان، خاك ووڵات، خەڵك و كۆمەڵگا. سیستمێكیش لەسەر بنەمایەكی ئاوا نا دیموكراسی بونیادنرابێ بێگومان خۆپیشاندان و ئازادی بیروڕا بە ئاسایی و بە مافێكی ڕەوای خەڵك نازانێ هەر لە یەكەم هەنگاوەوە تووشی فۆبیا و ترسی لە ناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی خۆی لادروست دەبێ و وایان لێدەكات ترسێكی گەورەیان لە خۆپیشاندان هەبێ، چونكە دەزانن پاشەڵیان چەند پیس و بۆگەنە و چەند بێزراون لە كۆمەڵگادا .

  • 1