ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا(لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)

مەتين ئەتماكا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی سێیەم

سەدەی حەڤدەهەم: لە بریکارەوە بۆ هاوبەشانی ئیمپراتۆرییەت

لە ساڵی 1603دا، بۆ جارێکی تر خاکی ئێران بووەوە بە گۆڕەپانی جەنگ لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە سەفەوییەکان تەبرێز بگرنەوە. شاعەباس و هاوشێوە عوسمانییەکەی سوڵتان ئەحمەدی یەکەم (١٦٠٣ - ١٦١٧) لەگەڵ ئەوانەی دوای ئەو هاتن جارێکی تر دڵسۆزیی خێڵەکانی سەر سنووریان گێڕایەوە. بەپێچەوانەی سەدەی شانزەهەمەوە، سەرەتا سیاسەتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی سەبارەت بە کورد "یەکبگرە و حوکم بکە" بە تۆبزیی گۆڕا بۆ "پەرت بکە و حوکم بکە"divide et imprera)) بە هۆی ڕکابەری لەگەڵ سەفەوییەکاندا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئازەربایجان. لە هەمان کاتدا، خێڵەکان ئەم ڕکابەرییەیان وەک دەرفەتێک دەبینی "کە سنووری ئاڵۆز و ناجێگیر، گۆڕینی هاوپەیمانێتییەکان و بایەخی ڕوو لە زیادی ستراتیجی هێنابوونیە ئاراوە کەوا زێد و نیشتمانی ڕەسەن و بە میرات بۆماوەیان وا ئێستا بە دۆخی جەنگ و شەڕوشۆڕدا تێدەپەڕێت بۆ سەرلەنوێ دانوستان کردن لەسەری و جارێکیتر دیاریکردن و پێناسەکردنەوەی هەلومەرجی هەواداری و بریکاری و دڵسۆزی و سەربەخۆیی سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هەردوو بەناو ئاغا و گەورەکانیان کە شا و سوڵتانن" (مورفی، ٢٠٠٣: ١٥٢).

سەرەڕای دۆخی ئۆتۆنۆمی و بە میرات مانەوەی حکوومەتە کوردییەکان، کاریگەرییان لەسەر سنوور هەر بە لۆکاڵی مایەوە و زۆر جێی ستایش و پێزانین نەبوو لە لایەن ناوەندی عوسمانییەوە بە هۆی پاسەوانی و بەرگری کردنیانەوە لە سنووری ڕۆژهەڵات. نە عوسمانییەکان و نە سەرۆکە کوردەکان و خێڵەکانیان بەدوای تەواوکردنی نێوانیاندا نەدەگەڕان. بەپێی بەڵگەنامە عوسمانییەکانی دامەزراندن و پێدانی پلە و پایە ئەو سەردەمە، میرنشینە کوردەکان (مەفرووزول قەلەم و مەقتووعول قەدەم - مفروض القلم ومقطوع القدم) بوون و ئەمەش دەستەواژەیەکە بە واتای دۆخی سەربەخۆیی و پابەند نەبوون بە باجدانەوە و سەردان نەکردندنی پشکنەران دەگەیەنێت (عەینی عەلی ئەفەندی، ١٢٨٠/ ١٨٦٣ - ١٨٦٤: ٣٠). سەرۆک و دەمڕاستە کوردەکان بە هاوکاری کردنیان لەگەڵ عوسمانییەکان لە کاتی جەنگدا ئەو شکۆ و شانازییەی پێدەبەخشین کە هەوڵیان بۆ دەدا و هاوشانی کردبوون لەگەڵ بەرپرس و کاربەدەستە عوسمانییە ناوچەییە هاوەڵەکانیان.ئەوان چاوەڕوانی هێزی زیاتر و گەورەتر بوون لە ماوەی چالاکیی سەربازیدا لە ناوچەکانیان لەوەی کە هەبوو لە کاتەکانی نەبوونی ململانێدا. ئەوان لە ماوەی جەنگدا وەک چاوساغ و ڕێپیشاندەر خزمەتیان دەکرد. ئەوان کۆکەرەوەی زانیاری و بریکاریهەواڵگری بوون و پەیوەندییان دروستدەکرد لە نێوان عوسمانییەکان و هاوپەیمانە جۆراجۆرەکانی سەفەویدا (2003: 154-5). لە کاتەکانی قەیران لەگەڵ میرە جۆرجییەکاندا، بۆ نموونە، عوسمانییەکان بەزۆری پشتیان بە میرە کوردەکانی سەر سنووری ئازەربایجان و قەوقاز دەبەست بۆ ئەوەی زانیاریی متمانە پێکراویان بدەنێ. عوسمانییەکان باوەڕی ڕەهای خۆیان دەردەبڕی بە جێگیری و بەردەوامیی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکاندا چونکە ئیمپراتۆرییەت پێویستی بە سەقامگیری و پێشبینی کردن بوو لە سنوورێکدا کەوا خەڵکەکەی بەئاسانی دڵسۆزیی خۆیان دەگۆڕن (فەرەیدوون ئەحمەد بەگ، ١٨٥٨: ٢/٢٢١.

عوسمانییەکان بە ئاستێک پشتیان بە سەرۆکە کوردەکان دەبەست کە وەک نوێنەری خۆیان دەیانناردن بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ سەفەوییەکاندا. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٦٠٤دا، جاغالئۆغلوو سینان پاشای فەرماندەی عوسمانی سولەیمان بەگی ڕاسپاردووە، کە سەرۆکێکی مەحموودی و حاکمی خۆشاب بوو، بۆ ئەوەی پێشنیازی ئاشتی بخاتە بەردەمی سەفەوییەکان و لەسەر ئەو مەسەلەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٨٥٧). سەرۆکەکانی کۆنفیدراسیۆنی خێلەکیی مەحموودی توانای ڕۆڵبینینی ئەمە و کاری تریشیان هەبوو بە هۆی پەیوەندییەکانی هەردوو دیوی سنووریانەوە بە کەسایەتی و دەمڕاستانی هەمان خێڵ یان خێڵەکانی ترەوە. جارێکیان شا ئاگادار کراوەتەوە لە هاوپەیمانییەکی دژ بە سەفەوییەکان لە ناو کوردانی مەحموودیدا و ئەمیش دەسبەجێ هەنگاوی ناوە بۆ ڕاگواستنیان بۆ ئەو ناوچانەی سنوور کە چالاکیی سەربازیی تێدا کەمتر بووە.(ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٨٧٨). حاڵەتی مەحموودییەکان ئەوە دەردەخات کەوا هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە بەزۆری گرووپە خێڵەکییە نیمچە ملکەچ و دڵسۆزەکانیان کردووەتە ئامانج و هەولیانداوە بیانکەنە دۆست و بریکاری خۆیان. هەروەها هەوڵیانداوە ئەم گرووپانە وا لێبکەن ڕوو لە دوژمن وەرچەرخێنن و بە لای خۆیاندا ڕایانبکێشن. بۆ ئەم مەبەستەش شا عەباسی یەکەم حاڵەتی هەردوو گرووپی کورد و تورکمانە قزڵباشەکانی بە هاوسەنگی ڕاگرتووە و دەسبەرداری هیچ لایەکیان نەبووە بۆ بەرگری کردن لە سنوور (، ٢٠٠٣: ١٥٨ - ١٥٩).

لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا، سەفەوییەکان وایان پێ باشتر بووە کە بە قورسی دەست دابگرن لەسەر ئەو کەسانەی کە سەر خێڵە کوردەکانی ڕۆژاوای ئێرانن و هاوکارییان لەگەل ناکەن. شاعەباسی یەکەم تووشی کێشە و گرفت بووبووەوە لە مەسەلەی هەڵبژاردنی ئەوەی ئاخۆ بەکردەوە هاوسەنگی بکات لەنێوان کورد و تورکمانەکاندا یان گرووپە کوردە نیمچە ملکەچەکان سەرکوت بکات. دواجار شا بژاردەی دووەمی هەڵبژارد لە مەسەلەی ئەمیر خانی سەرۆکی برادۆستدا، کە لە ڕۆخی ڕۆژاوای گۆلی ورمێ قەڵای دمدمی دروستکردبوو و لە شا یاخی بووبوو. لە پاش سێ مانگ گەمارۆدانی ئەو قەڵایە لە لایەن هێزەکانی سەفەوییەوە، لەنێوان نۆڤەمبەری ١٦٠٩ و شوباتی ١٦١٠دا، ئەمیر خان قەڵاکەی ڕادەستکرد. لەکۆتاییدا، ئەوانەی کە خۆیان دا بەدەستەوە بێ هیچ جیاوازییەک و بە گۆترەکاری لەگەڵ ئەو یاخیبووانەدا سەریانبڕین کە تا دوا هەناسە چەکیان دانەنا (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٩٩٨ - ١٠٠٢). پانزە سال لە دوای کوشتارەکەی دمدم، شێر بەگی موکری بە هەمان شێوە ڕاپەڕی و بە هێزەکەیەوە دای بە سەر مەراغەدا و خەڵکەکەی تاڵان کرد. شا هێزێکی تۆڵەکردنەوەی ناردە سەر گەڤداڵی پایتەختەکەی، بەڵام شێر بەگ توانی خۆی دەرباز بکات و هەڵهات بۆ چیاکان (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ١٢٥٣).

سەبارەت بەودوای ساڵانی سەدەی حەڤدە، سەفەوییەکان وایاندەبینی کە خاک و ناوچەکانی کورد نامۆ و پڕ لە ناپاکییە. بەڵام بەپێچەوانەی سەفەوییەکانەوە، عوسمانییەکان ستراتیجییەتێکی درێژخایەنیان گرتەبەر بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و دڵسۆزیی خێڵەکان لە ڕێگەی پێدانی پلە و پایە و ئیمتیازاتەوە. ئامانجی ئەم سیاسەتە دروستکردنی هاوپەیمانیی بەهێز و پتەو و پشت بەخۆبەستوو لە ناوچە سنوورییەکاندا کە بتوانن کوتوپڕ وەڵامی هێرش و پەلامارەکان بدەنەوە کاتێ کە هێزەکانی عوسمانی لەو شوێنە نەبن. میر شەرەفی حوکمڕانی جەزیرە بە میرات، پلە و پێگەیەکی تایبەتی درایە کە دەسەڵاتی بەرفراوانی بە سەر عەشیرەتەکاندا لە ماوەی جەنگەکانیعوسمانی - سەفەویدا لە سەرەتای سەدەی حەڤدەوە. عوسمانییەکان نەیاندەتوانی سەربکەون بە سەر هەڕەشە و مەترسیی سەفەوییەکاندا بەبێ هاوکاریی حوکمڕانە ناوخۆییەکانی وەک میر شەرەف. حوکمڕانە کوردەکان هێز و دەسەڵاتی زیاتریان بەدەستهێنا لە ڕێگەی بەکارهێنانی پلە و پایە نوێکانیانەوە تا ئاستی بەشداربوون لەگەڵ عوسمانییەکاندا بۆ خزمەتی مەبەستەکانیان (نەعیمە مستەفا ئەفەندی، 1281/ 1864-1865: 2/17). بۆ نموونە، نەسووح پاشای والیی دیاربەکر، کە زاوای میر شەرەف پاشاش بوو ویستی کۆتایی بەو یاخیبوونە بێنێت کە ساڵی ١٦٠٦ لە بەغدا بەرپابووبوو. میر شەرەف سەرنجی نەسووح پاشای گۆڕی کە لە پێش وەرزی لەشکرکێشییەکەیدا قەڵمڕەوی ناوچەکەی فراوان بکات و قەناعەتی پێکردووە کە هێرش بکاتە سەر قەڵا و قایمکارییەکانی کورد عەلی، کە سەرۆک خێڵی ئاشتی بووە. ئەوجا گەمارۆدانێکی درێژخایەنی ماوەی چوار مانگ سەلماندی کە بێئەنجامە و لەشکرکێشییەکەی بەرەی عێراق دواخرا بۆ ساڵی داهاتوو.

هێزە خێڵەکییەکانی کورد بوون بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ دابینکردنی هەندێ خزمەتگوزاریی بنەڕەتی لە بوارەکانی گواستنەوەی سەربازی و پشتیوانیی لۆجستیکی. هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستیی سوپای عوسمانی درێژبوونەوە بۆ پشت مەنزیلخانەی ئیمپراتۆری (واتە وێستگەکانی پۆستە)، کە ئەم تۆڕە تەنها قۆرخ بوو بۆ ناوچەرگەی ویلایەتەکانی ئیمپراتۆرییەت و ئەم بەرفراوانبوونە بەهۆی هاوکاریی هێزە خێڵەکییەکانەوە بووە. بە پێی عەزیز ئەفەندی، هێزە کوردییەکان بریتی بوون لە هێزێکی سەربازی پێکهاتوو لە ٥٠ - ٦٠ هەزار سەرباز لەم ماوەیەدا. پاش ئەوەی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٦٣٨دا بەغدایان گرتەوە، هانی خێڵەکان درا کەوا کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان بەرفراوان بکەن و پەیوەندیی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور دروست بکەن لەگەڵ خێڵە خزمەکانیان لە ناو خاک و قەڵەمڕەوی سەفەویدا (، ٢٠٠٣: ١٦٢ - ١٦٣). زیاد لەوەش، لە غیابی فەرماندە یان پاشا عوسمانییەکاندا بۆ سەرکردایەتیی هێزەکانیان، فەرماندە خێڵەکییەکان ئەو ئەرکەیان لەئەستۆگرتووە لە کەرتەکانی خۆیاندا لە بەربڵاوترین سنووردا. لە ساڵی ١٦٢٧دا، کاتێ کە چەندین بەرەی شەڕ لە قۆڵی ڕۆژهەڵات کرایەوە، سەرکردایەتیی شەڕەکە لە باشووری کوردستان سپێردرا بە میرە بەگی سەرۆکی کۆنفیدراڵییەتی موکری (كاتب چەلەبی،1287/1870: 2 / 96- ٩٧).لەم جۆرە حاڵەتانەدا، یاسا و ڕێسای باڵادەستیی ئاسایی بەشێوەیەکی کاتی پێچەوانە دەبووەوە و جیاکردنەوەی هەرەمی لەنێوان ئاغا و ژێردەستەدا ناڕوون و تەمومژاوی بوو. سەرەڕای ئەوەش، لەو ماوەیەدا عوسمانییەکان نەیاندەتوانی پشت بە خەزێنەی ناوەندی ببەستن وەک چۆن لە سەدەی شانزەدا ئەو کارەیان دەکرد. بەو پێیە، دەبوو خێڵە کوردەکان بەشدار بوونایە لە خەرج و تێچووی جەنگەکاندا بێجگە لە ئیمتیازاتی باج و سەرانەش. ئاوبەشی کردنی بەرپرسیارێتی لەم چەشنە و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی قورسایی لە ماوەی جەنگدا دەرفەتی دا بە سەرۆکە کوردەکان بۆ سەرلەنوێ دیاریکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەیان. ئەم میرانە پارێزبەندیی زیاتریان بەدەستهێنا دژ بە زیادەڕۆیی و پێشێلکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە زەویوزاریاندا و دەسەڵاتیکی ناوچەیی بەرفراوانی دەدانێ و سەرلەنوێ جەختکردنەوە و سەربەخۆیی درێژخایەنی ئەو زەوییانەی بە میرات بۆیان مابووەوە و بە هی حکوومەت پۆلێن دەکران (، ٢٠٠٣: ١٦٧).

پاش ئەوەی هەردوو لا ڕێککەوتن لە سەر مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩دا (کە لە مێژووی تورکیادا زیاتر بە ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین دەناسرێت) و سەرلەنوێ جەختی کردەوە لەسەر ڕەگەزە سەرەکییەکانی پەیماننامەی ئەماسیا کە زیاد لە هەشتا ساڵ لەوەوپێش ئیمزاکرابوو، دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا وردە وردە تووشی خۆرکە هاتبوو. ناوچە کوردییەکانی بەری ئێرانیش بەرەوڕووی هەما چارەنووس بووبووەوە کاتێ کە بنەماڵەی سەفەوی لاواز بوو و چیتر نەیتوانی بە هێز و گوڕی جارانەوە لە سەر پێی خۆی ڕابوەستێ لە ناوچەکەدا لە پش نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەدا و لە کۆتاییشدا، لە سەدەی هەژدەدا، جڵەوی کۆنترۆڵی لەدەستدا و ئێران داڕووخا و نوقمی بێسەروبەری و پاشاگەردانی بوو بە هۆی لاوازیی سیاسییەوە. شەڕ و ململانێی درێژخایەنی عوسمانی – سەفەوی لەکۆتاییدا دواجار ژینگەیەکی لەباری دروستکرد بۆ دۆخی سەربەخۆیی میرە کوردەکان کە بوون بە بەشێک لە ناوچەیەکی تەریک و دابڕاو، کە دواجار تا ڕادەیەک دەستیان لێبەردا وەک خۆی بمێنێتەوە و هیچکام لە دوو لایەنەکە نەیدەتوانی هەژموونی خۆی بە سەر کوردستاندا بسەپێنێت. لەئەنجامی ئەوەدا، سەرۆک و دەسەڵاتدارە کوردەکان توانییان ئەم گرفت و قەیرانە لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.

عەزیز ئەفەندی وایبۆدەچێت کە ئەم جۆرە پاشەکشە و داڕووخانەی سنووری ڕۆژهەڵات هۆکاری گرنگی هەڵوێستی چاوچنۆکانە و بەردەوام دەستێوەردان بووە لە کاروباری خێزانیی ئیمارەتە کوردییەکاندا. ئەو وای باس دەکات کە دەستێوەردانی بەگلەربەگی لە مەسەلەی سەربەخۆیی بەگە کوردەکاندا بووە بە مایەی ئەم پاشەکشێیە. چونکە بەگلەربەگیبڕە پارەیەکی هێجگار زۆری لە بەگە کوردەکان کۆدەکردەوە سەرباری بەخشینیشیان لە پابەندییە داراییەکان. هەروەها عەزیز ئەفەندی وایبۆدەچێت، کەوا تاقە چارەسەری چاککردنی دۆخی سەربازی دەبوو ئیمتیازەکانی میراتی خاوەندارێتییان بدرایەتێ و بیانپاراستنایە لە داواکارییە داراییە نەبڕاوەکانی حکوومەتەکانی ویلایەتەکان. جا ئەو دەمە "جەنگاوەرە کوردەکان" جارێکی تر دەیانتوانی "شمشێرە تیژەکانیان بەکاربێننەوە و چەندین سەرکەوتنی بەرچاو ئەنجام بدەن لەبریی تەخت و تاجی ئیمپراتۆری" (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤ - ١٧).

دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەسەر دیاربەکردا تا دەهات بەرەو کزی دەچوو لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمەوە، چونکە تەنها نۆ سەنجەقی ئاسایی مابووەوە لە کۆی ئەو هەژدە سەنجەقەی کەوا لە سەدەی شانزەهەمدا تۆمار کرابوون. خێڵە کۆچەر و نیمچە کۆچەرەکان لە ویلایەتەکەدا هەروا بە پەراوێز مانەوە لە ناو پێکهاتەی سیاسیی میرنشینە کوردەکاندا. ئەم خێڵانە نەخرابوونە سەر هیچ یەکەیەکی کارگێڕی و پۆلێن کردنیان وەک سەنجەق تەنها بۆ مەبەستی باج و دارایی بوو چونکە بریکارەکانی باج وەرگرتنی عوسمانی دەیانویست باجی خۆیان وەربگرن پێش ئەوەی ئەوان گەشتی خۆیان دەست پێبکەن بەرەوە لەوەڕگە و پاوانەکانی هاوینەهەواریان. بۆ ناوەڕاستی سەدەی هەژدە دانیشتووانی کۆچەری ویلایەتی دیاربەکر پتر کەمیانکرد. میرەکانی وەک بەدلیس، هەکاری، ئامێدی، بابان و سۆران پشتیان بە ڕەچەڵەکی خێڵەکی دەبەست و سەرچاوەی هێز و دەسەڵاتیان کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکان بوو. هەندێک لە کۆنفێدراسیۆنانە، وەک حەیدەران و بۆز ئوڵووس لەبەریەک هەڵوەشانەوە. عوسمانییەکان پشتگیریی پێکهاتنی نوێی ئەم خێڵانەیان دەکرد بۆ ئەوەی لە هێزی سەربازیدا ناونووسیان بکەنلە ڕێگەی دابەشکردنی پارچە زەوی و لەوەڕگە بە سەریاندا (بەمانە دەگوترا زەویی تیمار و لە ئێستاشدا گەلێ گوند لە کوردستاندا هەن بە ناوی تیمارەوە - وەرگێڕ). ئەم چەشنە دابەشکردنەوەی زەویوزارە بوو بە مایەی ناکۆکی و ململانێی زیاتر لە میرنشینەکانی هەکاری و بەدلیسدا. حوکمڕانە کوردەکانی ئەم میرنشینانە دەسەڵاتێکی سنوورداریان هەبوو بەسەر خێڵەکاندا و هەندێ جار لە لایەن سەرۆکەکانیانەوە تەحەدا دەکران. ئەم بارودۆخە ناچاری کردبوون شەرعییەتی خۆیان دابمەزرێنن و بە پشتیوانیی ئیمپراتۆرییەت داوای دەسەڵات بکەن و بەو پێیە پێویستیان بە سوڵتان بوو پشتگیریی لە حوکمیان بکات (فوكارۆ، 2012: 243).

میرنشین و خێڵەکان بەردەوام لە لایەن گۆڕیندا بوون و هەندێ جاریش سنووری خۆیان فراوان دەکرد. لەدواییدا، سنوور وای لێهات کۆنترۆڵ کردنی یان پەڕینەوە لێی بۆ ناو خاکی عوسمانی یان سەفەوی زەحمەت بێت . ئەم دۆخەش ڕوون و ئاشکرا لە نەخشە جوگرافییەکانی جیهاننومای کاتب چەلەبیدا دەردەکەوێت لە سەدەی حەڤدەدا، کە وردەکاریی ئەنەدۆڵی تێدا شیکردووەتەوە بەڵام شوێنی کوردەستانی بە بەتاڵی جێهێشتووە هەرچەندە نووسەر خۆی زانیاریی هەبووە لەبارەی ناوچەکەوە و وەسفی شار و شارۆچکەکانی کردووە وەک وان، عادیلجەواز، بەدلیس، مووش، هەکاری، سیرت و دیاربەکر. جەزیرەشی وەک ناوەندی کوردستان پێناسە کردووە و جەختی لەسەر سوننەبوونی دانیشتووانی کورد کردووەتەوە (کاتب چەلەبی، ٢٠٠٧: ١/ ٤٤٨ - ٤٥٠).

ئەولیا چەلەبی، گەڕیدەیەکی عوسماننی بووە و لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمدا ماوەیەک بە کوردستاندا گەڕاوە و وردەکاریی زۆری خستووەتەڕوو لەبارەی جوگرافیا و سیاسەت و خەڵک و کولتووری ناوچەکە. کاتێ کە ئەو سەردانی کوردستانی کردووە هەندێ ئیدارەی جێگیری سیاسیی بینیوە و لە ماوەی سەردانەکەیدا تێبینیی کردووە کە نزیکەی هەموو میرنشینە کوردییەکان بنکەیان لە شارەکانی وەک بەدلیس، ئامێدی، جەزیرە، حەسنکێفا و جۆلەمێرگدایە٤٢. ئەولی چەلەبی زۆربەی کاتی خۆی لە بەدلیسدا بەسەربردووە و بەو پێیە وەک بایەخدارترین میرنشین دەیخاتەڕوو لە ناو هەموو ئەوانیتردا. هەروەها هەندێ وردەکاری لەبارەی کوردستانی باشوورەوە باس دەکات، بەتایبەتی ویلایەتی شارەزوور کە ناوەندەکەی کەرکووک بووە و سەرنجی داوە کە ئەم ویلایەتە هەژدە سەنجەقی ئاسایی تێدایە و دوو ناوچەی تەواو سەربەخۆی کورد، کە گازییان و مێهرەڤان بوون. وەک ئەو باسی دەکات کە لە ماوەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، شارەزوور دەتوانێ سوپایەکی 30 هەزار کەسی ئامادە بکات. هەروەها ئیمارەتەکانی هەریر و ئەردەڵان وسۆرانیش دەخاتە سەر ئەو قەوارە کوردییە سەربەخۆیانەی لە لە ژێر ڕکێفی ویلایەتی شارەزووردا بوون، بەڵام هیچ وردەکاری و شیکارییەک لەبارەیانەوە باس ناکات. هەڵبەت وا باس لە بادینان و ئامێدیی پایتەختی دەکات کە سەربەخۆترین و بەهێزترینی تەواوی میرنشینە کوردییەکانە. ئەم ئیمارەتە کراوە بە چەندین بەش و ناوچەوە و ئەو کەسانەی کە دادەنرێن بۆ حوکم کردنی ئەم کەرت ناوچانە لە لایەن ئەمیر سەید خانەوە دادەنرێن، نەک لە لایەن والیی بەغداوە. ئەمیر خۆیشی لە هێرشە سەربازییەکاندا دژ بە سەفەوییەکان بەشدار دەبوو بە لەشکرەکەوەیە کە لە ٤٠ هەزار پیاوی جەنگاوەر پێکدەهات و لەپاڵ سوپای شارەزووردا دەوەستان و هەردوو سوپاکە پاسەوانی پێشەوەیان پێکدەهێنا.

  • 1