ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستا ئەحمەد حەمەعەلی جەواز

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 لە بری پێشەکی:

٭ مامۆستا ئەحمەد حەمە عەلی جەواز، یەک لەو مامۆستا تێکۆشەرانەی پارێزگای سلێمانییە،کە بەردەوام لە یەک کاتدا، کۆششی دڵسۆزانەی لە بواری پەروەردەو فێرکردندا گرێداوە بە خەباتی سیاسی لە پێناوی ئایندەیەکی گەش و پێشکەوتو بۆ گەلەکەیدا، هەروەها خەباتی پیشەیی لە پێناوی داکۆکی کردن لە مافە پیشەییە ڕەواکانی مامۆستایاندا.

 مامۆستا ئەحمەد نموونەی مامۆستای دڵسۆز، بەڕێوەبەر یان یاریدەدەری بەڕێوەبەری بە پەرۆشی قوتابخانە بوو، کادیری خۆڕاگری حزبی شیوعی، هەروەها کادیری سەرکەوتووی بواری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و لیستی پیشەیی مامۆستایان بوو.

 ئێمە لە دوور و لە نزیک لە ماوەی چەندین ساڵدا لە ماوەی نێوان (١٩٩٢ - ٢٠٠٨)  لەگەڵ مامۆستا خەلیل ئیبراهیم و مامۆستا محێدین هەورامی و مامۆستا تەها خەلیل و مامۆستا ئەحمەد حەمە عەلی جەواز و مامۆستا کاروان و مامۆستا ڕزگار و مامۆستا ساڵح و مامۆستا ڕووخۆش و مامۆستا ژیان و مامۆستا بێخاڵ و مامۆستا شیرن و مامۆستا بێستون و ..هتد لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی سلێمانی، بە هەموو جۆرێک، لە خزمەتی جەماوەری مامۆستایاندا بووین، ئەوان لە سلێمانی و ئێمەش لەگەڵ تێکۆشەرانی پارێزگای هەولێر لە هەولێر و لە کۆنفرانسەکانیشدا هەموولا بە گڕوتینێکی بەهێز بە یەک دەگەیشتین و بەرنامە و پلانمان دادەنا بۆ ساڵێک و دوو ساڵی تر. روحی ئەو هاوڕێیانەمان شاد کە کۆچی دواییان کردووە، یادیان بەخێر، تەمەن درێژیش بۆ هاوڕێ کۆڵنەدەرەکانی تر، ئەوانەی تاکو ئێستا لە ژیانن، لە مەیدانن، هیوای تەندروستی و تەمەن درێژیش بۆ مامۆستا ئەحمەد حەمە عەلی جەواز و مامۆستا خەلیل ئیبراهیم نەورۆز دەخوازین.

 ٭ ناوی تەواوی: ئەحمەد حەمە عەلی جەواز.

ــ ساڵی١٩٤٠ لە ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک لە دایک بووە، باوکی لەو ساڵەدا پۆلیس بووە لە ئامێدی. دوایی دەگەڕێنەوە هەڵەبجە.

ــ لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری هەڵەبجە لە قوتابخانەی یەکەمی هەڵەبجە خراوەتە بەر خوێندن. لە ساڵی١٩٥٦ خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە.

ــ لە ساڵی خوێندنی (١٩٥٦-١٩٥٧) لە قوابخانەی ناوەندی هەڵەبجە وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی ( ١٩٥٩-١٩٦٠) تەواوی کردووە. هەر لەم ساڵەدا لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٦٣ خانەی مامۆستایانی تەواو کردووە.

ــ لە ڕێککەوتی ٣-١١-١٩٦٣ بە مامۆستا لە قوتابخانەی (سفیە) سەر بە ناحیەی گوێر، پارێزگای هولێر بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە.

ــ لە ساڵی١٩٦٦ گوازراوەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و لە قوتابخانەی بێسارانی لە قەزای هەڵەبجە دانراوە.

ــ لە ساڵی١٩٧٣ گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی سەرکەوتن لە هەڵەبجە، لە ساڵی١٩٧٥ دەکرێتە بەڕێوەبەری هەمان قوتابخانە تاکو ساڵی ١٩٧٨ لە کاری بەڕێوەبەری لادەبرێت و دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی (شنروێ)، داوای لێکراوە ببێتە بەعسی بەڵام بە توندی ڕەتی کردۆتەوە.

ــ هەر لە ساڵی ١٩٧٨ بەهۆی دەستپێکردنی ئیرهابی حزبی بەعس بۆ سەر حیزبی شیوعی چەندین جار بانگ دەکرێتە دائرەی ئەمنی هەڵەبجە و فشاری دەهێننەسەر بۆ ئەوەی ببێتە بەعسی، بەڵام ئەم بەردەوام ڕەتی کردوونەتەوە، بۆیە بڕیاری داوە ماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ شاری سلێمانی.

مامۆستا ئەحمەد کە دەگوازرێتەوە بۆ شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٩، لە قوتابخانەی زەرگەتەی سەرەتایی وەکو مامۆستا دەست بە کار دەبێت. دوایی بەهۆی شارەزایی و  دڵسۆزی لە بواری کارگێڕیدا دەکرێتە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و بەردەوام دەبێت تاکو ساڵی١٩٨٩، لەو ساڵەدا دیسان داوای لێدەکرێت ببێتە بەعسی، ئەو ڕەتی دەکاتەوە، بۆیە دیسان لە ئیدارە لایدەدەن و دەبێتە مامۆستا لە قوتابخانەی پێشەوای سەرەتایی.

ــ لە ساڵی١٩٩٢دا لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە بەهاری ١٩٩١دا، لە ساڵی١٩٩٢ دەکرێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی حەمدی لە شاری سلێمانی و بەردەوام دەبێت تاکو ساڵی ١٩٩٨، دیسان لە بەڕێوەبەری لادەبرێت و دەبێتەوە بە مامۆستا لە قوتابخانەی پێشەوا.

ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە، لەسەردەمی بەعس ئەوەی نەبووایەتە بەعسی لە ئیدارە لادەبرا، هەرچەند شارەزاو دڵسۆزیش بووایە، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کوردی (پارتی و یەکێتی)شدا، دیسان هەموو پۆستە ئیداریەکانیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد و کەسانی دڵسۆز و شارەزای وەکو مامۆستا ئەحمەد لە سلێمانی لە کاری بەڕێوەبەری قوتابخانە لادەبەن چونکە شیوعییە؟!

ــ مامۆستا ئەحمەد وەکو مامۆستایەکی دڵسۆز لە کاروانی پرۆسەی پەروەردە بەردەوام دەبێت تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی ٢٠٠٦.

٭ لە بارەی خەباتی سیاسی:

 هەر لە تەمەنی لاوییەوە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتی  لە دڵ و دەروونیدا گەشەی کردووە. هەستی چینایەتی وای لێکردووە داکۆکی لە مافەڕەواکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بکات و بچێتە ناو حزبی شیوعی و ببێتە ئەندام لە حزبی شیوعی عیراقیدا.

لە ساڵی١٩٦٣ لە شارەزوور کاری حزبی پێ سپێردراوە.

بەهۆی دڵسۆزی و چالاکی لە ساڵی١٩٧٥ دەبێتە ئەندامی لێژنەی قاعیدی ناوشاری هەڵەبجەو دوایی دەبێتە ئەندام قەزای هەڵەبجە.

 لە ساڵی١٩٨٠، لە بارودۆخی نهێنیدا، دەبێتە ئەندامی ڕێکخستنی شاری سلێمانی.

 لەدوای ڕاپەڕینیش دەبێتە ئەندامی لێژنەی شاری سلێمانی حزبی شیوعی.

لە لایەن ڕێکخستنی شاری سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان ڕێزی لێنراوە. هەروەها لە هەڵەبجەش ڕێزی لێنراوە.

 ٭ لە بواری کاری پیشەیی و ڕێکخراوی پیشەییدا:

مامۆستا ئەحمەد هەر لە ساڵی١٩٩٢دا دەبێتە ئەندامێکی چالاکی لیستی پیشەیی و ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان.

بەهۆی چالاکی و داکۆکی کردنی لە مافەپیشەییەکانی مامۆستایاندا لە لایەن لیستەکەیەوە، دەپاڵێورێت و دەبێتە ئەندامی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ماوەی نێوان(١٩٩٢ تاکو٢٠١٠).

 لە هەموو کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بەشدار بووە. هەروەها لە لایەن لێژنەی پارێزگای سلێمانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشکراوە.

٭ مامۆستا ئەحمەد لە ساڵی١٩٦٦ لەگەل خاتوو ئامینە محەمەد ئەحمەد هاوسەرگیری کردووە و خێزانیان پێکەوە ناوە. چوار کوڕ و کچێکیان بووە بە ناوەکانی: (هەڵمەت، هەڵکەوت، هەیات، هەوار، هەناو).

تەندروستی باش و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا ئەحمەد و تەواوی ئەندامانی خێزانە بەڕێزەکەی.

  • 1