ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

122 ساڵ پێش ئێستا محەمەد عەبدە زانای ئاینیی و موفتی ئەوکاتی میسر نامەیەک بۆ ڕۆمانووسی ڕوسی لیۆ تۆلستۆی دەنێرێت لە بەشێکی نامەکەدا دەنووسێت: تۆ بەکتێبەکان، بەنووسینەکانت زۆر پنت و کەلەبەری نێو عەقڵمانت ڕووناککردۆتەوە. ئەو وشانەی محمەد عەبدە لەکاتێکدا تۆلستۆێ یەکێکە لە هەرە باوەڕوادارەکانی ئاینی کریستیانی، کەچی ئەمە نابێتە مایەی ڕێگری و بەربەست لەگفتووگۆیەکی هێمن و ڕاقی لە نێوان دوو کەسی ئاینی جیاواز و بەچاوێکی پڕ لە ڕێز لە بوون و قەناعەتەکانی یەکدی نەڕوانن.

ئەو پێشەکیەم بە بۆنەی ئەمڕۆیە 9ی ئاب نووسی، کە ڕۆژی جیهانی خۆشویستووانی کتێبە.

کتێب زیاتر یا کەمتر لە هەزار ساڵە هاوشانی ژیانی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە و یەکێکە لە ئامرازە هەرە بایەخدارەکانی ڕووناکردنەوەی ڕێگای ئینسان و پێشکەوتن و شارستانیەت.

سەرباری ئەو هەموو پێشکەوتن و گەشەی تەکنەلۆجیا و هۆیەکانی گەیاندن، هێشتا کتێب بایەخی خۆی لەدەست نەداوە.

هێشتا کتێب ئەو چرایەیە کە ڕێگا و پنتە جیاوازەکانی ئەقڵمان بۆ ڕۆشندەکاتەوە.

بەپارەیەکی ئێجگار کەم ئەزموونی کەڵەکە بووی مرۆڤایەتی لە نیو کاغەزەکان دەهێنێتە بەردەستت، ژن و پیاوە هەرە مەزنەکانی مێژووی مەعریفەت لەگەڵتدا دادەنیشت و گفتووگۆت لەگەڵ دەکەن، هەمیشە شتی تازە لەڕێگەی وشەکانەوە بەگوێت دەخەن.

ئاشنات بە گەلێک جوگرافیا و دید و بیری نوێت دەکەن.

ماڵی پڕ کتێب خۆی دەبێتە نێوەندێکی مەعریفی.

پڕ دەبێت لە گفتووگۆی هێمنانە و دروست کەر.

لەماڵی ئێمە زۆر جار کانت و هێگڵ و مارکس و عەلی وەردی و لاکان پاشان دێدرا و فۆکۆ و ژیژەک دەکەوتنەوە گفتووگۆ، بەختیار عەلی و گابرێل گارسیا مارکێز باس لە مەینەتیە هاوبەشەکانی ئینسانی کورد و ئەمەریکای باشوور دەکەن.

باس لە شکستی پاڵەوانەکانی یەکتر دەکەن، باس لە جەنگی ناوخۆیی و نائومێدییە گەورەییەکان دەکەن.

 مارکس بە هێگڵ دەڵێت: جەنابی مامۆستا وێڕای ڕێزم بۆ گەورەیی تۆ، مێژوو و جوڵەی مێژوویی ڕێڕەوێکی دیاریکراوی نییە و هەمیشە لە بخولێتەوە و خولانەوەکان بەئاراستەی گەشەکردن بێت و لەمیانی خۆی خۆیدا کێشەو پرسەکانی چارەسەر بکات، بەڵکو ئەوە پاشخانە ئابووری و کۆمەڵایەییەکانە و جوڵە ئینسانیەکان کارتێکەری مێژووە، چرکەساتی وا هەیە لە میانی ئەو جوڵانە ئەسڵە پاشەکشێی زۆر گەورە ڕوودەدات، نەوەک بەرەو پێشچوون.

بەم جۆرە ماڵی کتێبخانەی تێدا بێت، پڕ دەبێت لە گفتووگۆ.

هەڵبەت مرۆڤ نابێت کتێب وەک فریشتە تەماشا بکات، کتێبەکان گەربەچاوێکی ڕەخنەگرانە تەماشایان نەکەی، ببیتە کویلەیی و وەک حەقیقەتی موتڵەق تەماشای بکەی بۆی هەیە خودی کتێب کوشتار و قەسابخانەی گەورە بخوڵقێنن، بۆ نمونە کتێبی "نیشانەکانی سەر ڕێگا"ی سەید قوتب یاخود "کتێبی سور"ی ماو.

بەهەرحاڵ، کتێب چرایەکی گرنگ و پڕ بایەخە و سەرچاوەی ئاشناکردن ئینسانە بە ئەزموون و ڕامان و هزر کەڵەکەبووەکانی ئینسان، بەڵام ئەوەی مایەی داخە لە وڵاتی ئێمە بە موعەدەلی ساڵانە کەمتر لە سەعاتێک تەرخان دەکات بۆ خوێندنەوە، كەچی ئنسانێکی هنیدی و ئەمەریکی و ئەوروپی هەفتانە زیاد لە 5سەعات تەرخان دەکات بۆ خوێندنەوە.

  • 1