ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی جیاوازییە ئاینیی، مەزهەبیی، نەتەوەیی و فکرییەکان و کوشتنی ئازادیی دروستبووە، ڕژێمێک، کە هیچ جۆرە دڕندەیی و توندوتیژییەک نەماوە لەسەر نەیارەکانی تاقینەکاتەوە، کۆمەڵکوژیی بەڕێوەدەبات و ساڵانە بە ئەشکەنجە و سێدارە ژیان لە سەدان کەس دەسێنێتەوە، چۆن شەرعیەت بە یاسا و ڕێسکانی دەدەی؟!

هەندێک قسە و نووسین سەبارەت بە کوشتنی هۆڤانەی ژینای ٢٢ ساڵ، هێندەی تاوانەکە ئازار بەخشە، ئاخر چ جۆرە بیرکردنەوەیەکە بڵێی (ژینا)، لەبەر ئەوەی بەگوێرەی یاساکانی ئێران ڕەفتاری نەکرد کوژرا!، بۆ مەگەر یاسا بۆ خۆی چییە؟ کێ دایناوە؟ لە بەرژەوەندیی کێیە و لەسەر کێ جێبەجێی دەکرێ؟، واتا هەر شتێک ناوی یاسای لێنرا، ئیتر ئەبێ سەری بۆ نەویکەین و لێی دەرنەچین؟!

بۆ کەسێک، کە زەڕەیەک دڵی بۆ ئازادیی لێبدا، تەواوی سیستمی فاشیست و دژە ژنی ئێران ڕەتکراوەیە، نەک یاسای زۆرەملێی حیجاب، تا کەس مافی ڕەتکردنەوەی نەبێت، خۆ ئەگەر بەو بیرکردنەوەی ئێوە بێت، هەموو ئەو تاوانانەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان کردوویانە ڕوایە، چونکە یاساشکێنییمان کردووە!.

دیسان بیرم چووەوە بۆ وتەیەکی ناو ڕۆمانی (لاس لۆماس) "ئەو کەسەی شاخی گا دەگرێت، بەهێندەی ئەو کەسە تاوانی کردووە، کە دەیکاتە قوربانیی"، تۆش مەبە بە هاوبەشی تاوانی کوشتنی ژینا و بە دروستکردنی بەهانە، ڕەوایەتیی بە کوشتنی مەدە.

 

  • 1