ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   

لەڕوانگەی چینایەتیەوە

لەتەواوی دنیادا و لە بەرئەنجامی تێکۆشانی سەدان ساڵی چینی کرێکار و سەندیکا سەربەخۆکانی کرێکاران و حزب ولایەنە چەپ وکۆمۆنیستەکان چەندین یاسا و ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی دەرچووە بۆ پاراستنی مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی چینی کرێکاران .

لەچوارچێوەی ململانێ چینایەتی نێوان چینی کرێکاران لەگەڵ دەوڵەت و خاوەنکار و سەرمایەداراندا هەزاران مانگرتن و خۆپیشاندان و گفتوگۆی بەکۆمەڵ و چالاکی و ناڕەزایەتی هەمەجۆر ڕوویداوە ، لەم ڕێگەیەدا کرێکاران قوربانی زۆریان بەخشیوە هەر لە دەرکردن لەسەر کار و گواستنەوە لە شوێنی کار و پێنەدانی کرێ تا بە زیندانی کردن و کوشتنیان دەکات ، بەڵام لەناو ئەم خەباتە سەخت و دژوارەدا بەسەدان دەستکەوتی مێژوویان بەدەستهێناوە وەکو) :دیاری کردنی کاتی کار و موڵەتی هەفتانە ومانگانە و ساڵانە و دابینکردنی کۆمەڵایەتی و مافی کارو هەڵسوڕانی سەندیکایی و گفتوگۆی بەکۆمەڵ و کرێی یەکسان بۆ کرێکارانی ژن وپیاو ) بەپێی یاساو رێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە کار .

زۆربەی دەوڵەتان پابەندی ئەم یاساو ڕێسایانەی کارن ، بەڵام زۆرێک لەدەوڵەتانیش هەن کە یاسای پیشکەوتوو گونجاویان نیە کەلەگەڵ مافە بڕیارلێدراوە جیهانیەکان بگونجێت . لەهەرێمی کوردستان دوای ( ۳۰ ساڵ) لە ئەزموونی حوکمڕانی تازەخەریکن پرۆژەی یاسای کار دەرچووێنن .

پێوویستە لێرەوە بەووردی و لەڕوانگەی بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانەوە خوێندنەوە بۆ ئەم پرۆژە یاسایە بکەین و لەخواست و نیازەکانی دەسەڵات و ناوەڕۆکی یاساکە بکەین بۆ ئەم مەبەستە چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو بۆ هەموولایەک وەک پرنسیبی بنەرەتی :

1-دەبێت لەسەر بنەماو پێوەرکانی یاسای کاری نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامە جیهانیەکانی تایبەت بەکرێکاران یاساکە دەربچێت .دەتوانرێت مافەکانی کرێکاران لەو مافە جیهانیانە زیاتر و باشتر بێت چونکە یەکێک لەپێوەرەکانی یاسای کاری نێودەوڵەتی نووسراوە کە ئەم مافانە لایەنی کەمی مافەکانی کرێکارانن و یاسا نیشتمانیەکان دەتوانن یاسای باشتر دەربچێنن .

2- دەبێت بەندەکانی( ٤ +۲۰+۲۱+۲۲+۲۳+۲٤ ) چاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ ببنە بنەمایی دیاری کردنی مافی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی بیمەی بێکاری و کاری سەندیکایی .

3- نابێت هیچ جیاوازیەکی نەتەوەی و ڕەنگ و ڕەگەزی و زمان ڕەنگدانەوەی هەبێت لە یاساکاندا .

4- مافی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەموو کرێکاران بگرێتەوە بێ جیاوازی بە کرێکاری (عەرزی) شەوە ئەمە لەیاساکەدا بچەسپێت تاکو یاسای خانەنشینی و دابین کردنی کۆمەڵایەتی دەردەچێت .

5- بەشێک تایبەت بکرێت بە بیمەی بێکاری ( ئەوانەی هیچ کاریان نیەو ئەوکرێکارانەی لەسەر کار نامێنن ) .

6- موڵەتی هەفتانە دەبێت بکرێت بە(دوو ڕۆژ) لەهەفتەیەکدا بۆ ئەوەی هاوسەنگی یاسای کاری نێودەوڵەتی و یاسای خزمەتی شارستانی عێراقی بێت کە فەرمانبەران لەهەفتەیەکدا دوو ڕۆژ موڵەتیان هەیە .

7- پێوویستە لە پرانسیپە گشتی و بنەڕەتیەکانی یاسای کاردا مافی( تعددی نقابات) فرەیی کاری سەندیکای بچەسپێنرێت تا ببێتە بنەما بۆ یاسای کاری سەندیکایی لەداهاتوودا .

8- پێوویستە لایەنی کەمی کرێکار لەسەر بنەمای پێداوویستیەکانی ڕۆژگاردا بێت وەکو ( کرێی خانوو خۆراک جلوبەرگ بژێوی ڕۆاژانە کرێی هاتووچۆ و خوێندن وتەندروستی )هەر دوو ساڵ جارێک لە لایەن لایەنی پەیوەندیدارو نوێنەری کرێکارانەوە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت .

9- بەشێک تایبەت بکرێت بە مافەکانی کرێکارانی بیانی ( کۆچبەر ) چونکە لەیاسا کۆنەکەدا زیاتر ئەرکەکانیان دیاری کراوە و نابێت جیاوازی بکرێت لە ئەرک ومافدا تەنها جیاکاری ئیجابی نەبێت بۆ پاراستنی مافەکانیان .

10- لەبەشی گرێبەستی کاردا نابێت لە( ۸ سەعات )کار زیاتر بێت و کاری زیادە نابێت لە(۲)سەعات زیاتر بێت لەیاسا کۆنەکەدا (٤ سەعات )دیاری کراوە کە (۱۲ سەعات) لە شەو ڕۆژێکدا زۆرە ومرۆڤ زۆر ماندوو دەکات دەبێت ئەو دوو سەعاتە بەکرێ دوو بەرامبەر هەژمار بکرێت .

11-لەباری نائاساییدا ئەوەی پێدەووترێت ( قوەقاهرە) خاوەنکار پابەند کراوە کە دوو مانگ کرێ بداتە کرێکار ، دوو مانگ کەمە پێوویستە بکرێت بە ٦ مانگ و دوای ئەوە ئەگەر بارە نائاساییەکە بەردەوام بوو ئەوا دەوڵەت( حکومەت ) پێوویستە کرێ بدات بەکرێکار یان بیمەی بێکاری پێبدات لەیاساکۆنەکەدا تەنها دوو مانگ دیاری کراو خاوەنکار کرێ بدات وە ئەرکی حکومەتی دیاری نەکردووە .

ماویەتی .

 

  • 1