ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستاو نووسەر محەمەد تەیمور

ئامادەکردنی:مەغدید حاجی ــ ورمێ

 ٭ ناوی تەواوی: محەمەد بەکر تەیمور

 ــ ساڵی١٩٣٨ لە شاری هەولێر لە دایک بووە،بنەماڵەکەیان دەگەڕێنەوە سەر خێڵی شکاک ،کاتی خۆی لە باکووری کوردستانەوە بەرەو باشوور کۆچیان کرووەو لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووینە.

 ــ هەردوو قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە..هەر لە هەولێر لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە،ساڵی ١٩٦١ تەواوی کردووەو بە مامۆستا دامەزراوە.

 ــ ماوەی نزیکەی(٣٠)ساڵ وەکو مامۆستا لە بواری پەروەردەو فێرکردن لە قوتابخانەکانی پارێزگای هەولێر خزمەتی کرووە.

ــ مامۆستا محەمەد تەیمور،جگە لە ژیانی پەروەردەیی مرۆڤێکی سیاسی و ڕۆشنبیرو نووسەر بوو.

 لە بواری سیاسی هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی بوو،لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی١٩٥٨ پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراقەوە کردووە..لە حەفتاکاندا لە هەولێر ئەندامی نووسینگەی ڕۆژنامەنووسی (حشع) بوو،ئەوکات لە خەتی کرێکاری کاری دەکردو زیاتر بابەت و ڕیپۆرتاژی لەسەر کارو ڕەوشی کرێکاران لە هەردوو ڕۆژنامەی  (طریق الشعب) و (بیری نوێ) بڵاو دەکردنەوە.

لە سەرەتای ساڵی١٩٨٠ لە لایەن ئەمنی هەولێر بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر بیروباوەڕی شیوعی بوونی دەستگیرکرا.

ــ مامۆستا محەمەد لە سەردەمی گەنجیدا شیعری نووسیوە،لە هەمان کاتدا ئارەزووی لە نواندن و شانۆ هەبووە..لە ساڵی١٩٥٧دا  وەکو ئەکتەر بەشداری نواندنی کردووە لە شانۆگەری (رٲس الشلیلة) دەرهێنانی یوسف العانی.

ــ لە (دە) ساڵی هەشتاکاندا بە زۆری کات خۆی بۆ بواری شانۆ تەرخان کرد، بەردەوام ئامادەی نمایشە شانۆییەکان دەبوو،سەرچاوەی جۆربەجۆری لەسەر شانۆ و مێژووی شانۆ دەخوێندنەوە..ڕەخنەی شانۆیی دەنووسی..دەستی کرد بە نووسینەوەی مێژووی شانۆی کوردی ،بەدوای سەرچاوە دەگەڕا،دیمانەی لەگەل شانۆکارە دێرینەکان دەکرد..چەندین بابەتی گرنگی دەربارەی مێژووی شانۆ لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی هەشتاکان بڵاوکردەوە.

ــ لە دوای کۆڕەوەکەی بەهاری١٩٩١ مامۆستا محەمەد بە خێزانەوە کۆچیان کرد بۆ ئەمریکاو لە هەولێرو کوردستان و شانۆی کوردی دوور کەوتەوە،لە ئەمریکاش تاکو تەندروستی تێک نەچووبوو، بەردەوام دەینووسی، بەڵام نووسینەکانی نەگەیشتنەوە کوردستان و پڕۆژەکانی پێ تەواونەکراو بەداخەوە لە دوور وڵاتی لە ساڵی٢٠١١ کۆچی دوایی کرد.

ــ مامۆستا محەمەد لە ناوەڕاستی شەستەکاندا هاوسەرگیری لەگەل خاتوو گەلاوێژ یوسف کردووە، یازدە کوڕو کچیان بووە:( کاروان،دیمەن،چیمەن،ڤیان،جوان،کوردستان،گزەنگ،کامەران،تارا،زیلان،شانۆ)هەموو تەمەن درێژ و سەرکەوتو بن.

بەداخەوە ساڵێک دوای کۆچی دوایی مامۆستا محەمەد،خاتوو گەلاوێژی خێزانیشی کۆچی دوایی کرد،یادیان بەخێر،هەزار سڵاو بۆ گیانی پاکیان.

  • 1