ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 بەر لە ٦٥٠٠ ساڵ پێش زایین مرۆڤ لە ئەناتۆلیا، ناوەڕاست و باشووری زاگرۆس ئاژەڵی ماڵیی کردبوو. دەستی بە کشتوکاڵ کردبوو. بەڵام لەو شوێنەی ئێستە ئازەربایجانی ئێرانە، کۆمەڵگەی کشتوکاڵ، جارێ مابووی. هەردوو دێی حاجی فەیروز و تازەکەند (عەجەمی ئێران کردوویان بە یانیک تەپە) لە لێوارەکانی دەریاچەی ورمێ لە هەزارەی شەشەمی بەر لە زایین دەرکەوتوون. لە ساڵی ١٩٣٦ ڕووماڵی ڕووی سەرەوەی بۆ کراوە. کارەکانی هاوینی ساڵی ١٩٦٠ بە ئەرکێکی کەم گەیشتە قوڵایی نزیک ٢ مەتر و دیواری نیشتەجێی کۆن، دەرکەوتن. دواتر لەگەڵ هەڵکۆڵینەکانی گردی حەسەنلو بوونە یەک پرۆژە و تا ساڵی ١٩٦١ بەردەوام بوون. هەڵکۆڵینی بە بەرهەم لە ساڵی ١٩٦٨ بووە.

تەپۆلکەکە سەروو ١٠ مەتر لە تەختایی دەورووبەری بەرزترە. ١٤٠ بە ٢٠٠ مەتر لە بنکەکەی پانە. دیارنییە پارچەکانی شوێنەوار چەند لە ڕووبەری سەرەوەی تەپکەکە دوورە. دۆزینەوەکانی پێش ساڵی ١٩٦٨ بایەخێکی گەورەیان نەبوو چونکە ئامراز و تەکنیکی ئەو کاتە ئەوەندە نەبوو بە ئاسانی بگەنە پاشماوەکانی ژێر یەک مەتری خاکی دەشتاییەکەی تەپکی حاجی فەیروز، ئەوانەی دەستکەوتن ئومێدبەخش نەبوون. تەکنیکیش نەبوو بتوانن دیوار و پێکهاتەکانی ژێرەوەی ڕووی سەرەوەی ببینن بەرلەوەی دەست بە هەڵکۆڵین بکەن. گرفتی دووەم ئەوەبوو چلۆن بتوانن پێوەندی نێوان نیشتەجێی حاجی فەیروز و نیشتەجێیەکانی دەورووبەری و ئەوانەی میزۆپۆتامیا پێشتر دەرکەوتبوون، تێبگەن.

بەڵگەکانی دەستکەوتوون، دەیسەلمێنن ئەوانەی هاتوونەتە دۆڵی شنۆ-سوڵدوز و لە حاجی فەیروز نیشتەجێ بوون، داگیرکار بوون. بەرلەوە ڕاوچی نەبوون و لەوێ شێوازی ژیانیان بۆ نێشتەجێی هەمیشەیی بگۆڕن. هیچ بەڵگەیەک دەست نەکەوتووە پێش ئەوان ژیان لە تەپۆلکەکەدا هەبووبێ. تەنانەت لە پرۆژەکەی حەسەنلودا (نزیکەی ١ کیلۆمەتر دوورە) تیمەکەی ئەوێش بەڵگەی ژیانی کۆنتر لە حەسەنلویان، لەوێ نەدۆزییەوە. تاکە بەڵگە ئەوانەی ئەشکەوتی تەمتەمەی نزیک ورمێ بوو، چەندین ئامرازی بەرد لەوێ دۆزرایەوە و تاکە ئەنجامیش ئەوەبوو، مرۆڤ لە چاخە بەستەڵەکدا، لەو ئەشکەوتەدا ژیاوە.

کۆمەڵگەی کشتوکال لە تەواوی ئەو دۆڵەدا هەبوون و نیشتەجێ بوون. پارچە سیرامیکەکانی حاجی فەیروز کاریگەریی کەلتووری میزۆپۆتامیایان پێوە دیارە. کەلتووری ئوروک و عوبێد لە گڵسازییەکاندا هەن. حاجی فەیروز بۆ ماوەیەکی درێژ بەبەردەوامیی ژیانی تێدا بووە، دوایی لە ناکاو چۆڵ کراوە. لەگەڵ دەرکەوتنی کەلتووری دەڵما، ژیان لەوێ دەستیپێکردووەتەوە. لە چاخی برۆنز و مسدا، دیواری خشتی گڵ ل ەنزیک شوێنەوارەکەی کۆمەڵگەی کشتوکاڵ، هەڵچنراون. نیشتەجێیەکە تا هاتنی ئیسلامیش بەردەوام بووە. کۆنترین ئاستی هەڵکۆڵین تا ١١ مەتر و ٤٠ سانتیمەتر بوو، بەڵام هەر دڵنیا نەبوون گەیشتوونەتە بنی بنەوەی گردەکە.

هەرچەندە ئەوانەی حاجی فەیروز ٥٠٠ ساڵ دوای حەسوونە دروست کراون، کەچی کۆی دۆزراوەکانی سیرامیک لە تەپکی حاجی فەیروز لەگەڵ ئەوانەی سەردەمی حاسوونەی زوو، زۆر لەیەک دەچن. باشترین لێکدانەوە بۆ ئەو لێکچوونە زۆرە ئەوەیە ئەوانەی هاتوونەتە دۆڵی شنۆ-سۆڵدوز پێشتر لە نزیکەوە لە ڕێگەی ئەوانەی لە نێوان باکووری میزۆپۆتامیا و ئورمیەدا ژیاون، بە کەلتووری حەسوونە ئاشنا بوون.

لە حاجی فەیروز، وەکو هەموو کۆمەڵگەکانی میزۆپۆتامیا گەنمی لێبوو. گەنمی کێوی و نیسکیش دۆزرایەوە. هەڵبەت نیسک پێشتر لە ئەنادۆڵ هەبووە و گوازراوەتەوە بۆ دەشتاییەکانی دامێنی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵات. گەنمی کێویش لە زۆربەی هەرە زۆری شوێنەوارەکانی مرۆڤی کۆن هەبووە. هەندێ شوێنەوارناس بە گەنمی هەموو نیشتەجێیەکانی بەر لە مێژووی دەزانن.

هەرچی ئاژەڵەکانە، ئێسقانی زۆر جۆر دۆزرانەوە. لە ئاژەڵە ماڵییەکان مەڕ، بزن و بەراز. لە ئاژەڵە کێوییەکانیش ئاسک، ڕێوی، کەروێشک، گای کێوی و ئاسکە سوور. ئێسقانی هەندێ جۆری باڵندەیش دۆزرانەوە. ئەوەی لە ئێسقانەکانی بەراز تێبینی کرا ئەوەبوو کاتی کوشتنەوەی بەرازەکان، تەمەنیان زۆر نەبووە. ئەوە بۆ کۆمەڵگەکانی ئاژەڵیان ماڵیی کردووە، ئاساییە. چونکە مرۆڤ لە ئاژەڵداریی مەڕ و بزن فێربوو، لە پێناو دەستکەوتنی شیر و خوری، وازی لە کوشتنەوەیان بێنێ و بۆ تەمەنی گەورەتر بەخێویان بکات.

کوپەڵەی گەورە وەکو کۆگەی خواردن هەڵگرتن بوون، دۆزرانەوە. بەڵام هیچ ئامرازێکی دانەوێڵە و ڕووک دروونەوە نەدۆزرایەوە، دەکرێ لە حاجی فەیروز هەر بەردە شووشە بەکارهاتبێ. هەرچی کوپەی بچووکە، دیارە بۆ هەڵگرتنی پاقلەمەنییەکان بووە، چەنکە قەبارە و بەرهەمیان لە دانەوێڵە کەمتر بووە.

بە شیوەیەکی گشتیی، لەو دۆڵەی شنۆ-سۆڵدوز حەوت شوێنەوار هەن لەهەمان کاتی حاجی فەیرووزدا، ژیانیان تێدا بووە. بەدرێژایی دۆڵەکە ئەو حەوت شوێنەوارە ڕیز بوون. دیارە زۆریی چۆم و دەشتایی تەڕ و لەبار بۆ کشتوکاڵ و ڕووەک، بایەخی بۆ نیشتەجێیانی ناوچەکە زۆر بووە. سنووری دەریاچەی ورمێ و ئەو دار فستەق و بەڕووەی لەوێ بڵاوبووە، تەنانەت لە هاینانیشدا ناوچەکەی سەوز پاراستووە وبووەتە لەوەڕگای باشیش بۆ ئاژەڵەکانیان.

سەرچاوە: https://ancientneareast.tripod.com/Hajji_Firuz_Tepe.html

  • 1