ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کاتێك گوێمان لە ووشەی فاشیزم دەبێت، ڕاستەوخۆ مرۆڤی توندڕەو و سیستەمی دیکتاتۆری و کوشتار و داگیرکردن و.... چەوساندنەوەمان دێتە پێش چاو. بەڵام فاشیزم تەنها ڕواڵەت نەبوو، بە پێچەوانەوە ئایدیۆلژی و بزوتنەوەیەکی سیاسی توندڕەوی ڕاستڕەوەکان بوو لە ئیتالیا.و بوو. هەرچەندە کرداری فاشییستی و ئەو جۆرە بۆچوونە لە هەندێ لایەنیدا ئەشێ لە ڕابووردویەکی کۆنەوە هاتبێت، بەڵام  لە سەردەمی سەرەتای سەدەی پێشودا لە لایەن موسۆلینی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی ئیتالیەوە دامەزرا. مێژووی چەوساندنەوەی زۆر کەسایەتی ناوداری ئیتالی وەکو گرامشی کۆمونیست و هەموو ئەوکەسانەی کە دژ بە فاشیزم و سیستەمی دیکتاتۆری بوون ئاشکرایە، بە هەمان شێوە لەناوبردنی جولەکەکانی ئیتالیا بە شێوازی دڕندەیی بە هاوکاری نازیە ئەڵمانیەکانی هیتلەر کە ئەو کاتە لایەنگری فاشیزم و موسۆلینی بوون.

ئەوەی کە زۆر نادیارە و بە لاوەکی وتاری لەسەر نوسراوە، بۆچونی فاشیزمە سەبارەت بە ڕۆلی ئافرەت لە ئاستەکانی ناو کۆمەڵدا. لە سەرەتای سەدەی پێشوودا، هەموو ووڵاتانی ڕۆژئاوا سەرقاڵی شەڕی یەکتری لەناوبردن بوون لە ڕۆژئاوا. هەر بۆیە لە ناو شار و لادێکاندا زۆربەی ئافرەتەکان ناچاربوون کە نەك تەنها کاری بەخێوکردنی منداڵەکانیان و بەڕێوەبردنی ماڵەکانیان بن، بەڵکو دەبوو قۆڵ هەڵکەن و لە جیاتی مێردەکان و کوڕەکانیان بچنە جیهانی کارکردنەوە. ئەمەش توانای ئافرەتانی پیشاندەدا کە تا ئەو کاتە بە شێوەیەکی گشتی سەقاڵی تەنها ئەو کارانە بوون کە سەبارەت بە ماڵ و منداڵ بەخێوکردنەوە بێت.

فاشیستەکان خۆشبەخت نەبوون بەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەر کۆمەڵدا دەهات، واتە نزیك بوونەوەی ئافرەت لە جیهانی کار و ڕزگاربوونی لە چنگی پیاو کە تا ئەو کاتە زیاتر سەرۆكی خێزان بوون نەك هاوتا یان هاوڕێی ژنەکانیان. فاشیزم دەیخوازی کە ئافرەت ملکەچ بێت، گوێ ڕایەڵ و فەرمانەکانی پیاو بسەپێنێت.

هەندێ ڕاستی هەیە کە مێژوونوسان بە شیوەیەکی لاوەکی لێی دواون. بەڵام زۆر گرنگن و پێویستە هەموو یەکێكی پێشکەوتوخواز لێی ئاگاداربێت. فاشیستەکان ملکەچێتی ئافرەتیان دەسەپاند لە ناو خێزاندا، لە هەمانکاتدا لە دەرەوەش دەبوو ئافرەت ببێتە یاریگای ڕاهێنان بۆ کوڕە گەنجەکان. لە و جێگا ڕێکخراوانەی کە ئافرەت کاری لەشفرۆشیان تیا دەکرد، دەستەی دەسەڵاتی فاشیزم کولتورێکی وای بڵاوکردبۆوە کە بە ئاسایی هەر باوکێك دەیتوانی کوڕە گەنجەکانیان ببات  بۆ ئەوەی فێری جووت بوون ببن لەگەڵ ئافرەتدا. لەناو خێزاندا ئافرەت کاری منداڵبوونی پێ سپێردرابوو، لە دەرەوەش کاری ڕاهێنانی سێکسی بۆ گەنجەکانی دواڕۆژی فاشیزم.

جۆڤانی جێنتیلێ، فەیلەسوف و سیاسی و یەکێك لە کەسایەتیە پێشکەوتوەکانی فاشیزمی ئیتالی گوێی نەدەدا بە مافی ئافرەت وەکو مرۆڤێکی سەربەخۆ. لەناو خێزاندا ئافرەت دەبوو موڵکی پیاو بێت، دەبێ خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەتی کەسانی دی، دەبێ دایك بێت بۆ مناڵەکانی، یان بۆ بەخێوکردن و خۆشەویستی دان بە منداڵانی دیکەش. جۆڤانی جێنتیلێ کاتێك وەزیری خوێندن بوو، فەرمانی دابوو کە ئافرەت نابێت لە فێرگاکانی پاش سێی ناوەندی ببێتە مامۆستای زمانی ئیتالی و ئەدەبی کلاسیك و فەلسەفە. لەهەمان کاتدا لە زانکۆی شاری پیزە دەرگای لە کچان داخستبوو کە ببنە خوێندکار لەو زانکۆیەدا، بە بۆچونی ئەو لە ساڵی ١٩٣٢/١٩٣٣ " لە ئیتالیای فاشیدا مامۆستاکانی دواڕۆژیان دەبێت پێكهاتبێت لە کەسانێك کە هێزی جەستەیان سەرکەوتوتربێت لە جوانی".

بەهەمان شێوە کۆمەڵناسی فاشیستی ئیتالی فێردیناندۆ لۆفرێدۆ لە ساڵی ١٩٣٨دا دەیوت " پێویستە ئافرەت بگەڕێتەوە بۆ ملکەچیەکی تەواو بەرامبەر بە پیاو، بە باوك و بە مێرد، ئەم ملکەچیتیەش نیشانەی نزمی ئافرەتە بەرامبەر بە پیاو لە ڕووی ڕوحانی و کولتوری و ئابوریەوە بۆیە دەبێت کە ئافرەت تەنها خوێندەواریەکی پێویستی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە دایکێکی باش". ئەوە بیر نەکەین کە هەتا ئەو سەردەمەش مێشکی ئافرەت بە لاوازتر دادەنرا لە چاو مێشکی پیاودا. (ڕەنگە هێشتا لە زۆر جێگا، بۆچوونی پیاو هەروابێت بەرامبەر بە ئافرەت). سەبارەت بەم تاوانە کولتوریانەی فاشیزم بەرامبەر بە ئافرەت، کاسۆلیکیەکان چەپڵەی خۆشحاڵیان لێدەدا.

فاشیستەکان پێیان وابوو کە دەبێ موچەی ئافرەتان لە موچەی پیاو نزمتر بێت بەرامبەر بە هەمان جۆری کار. هەروەها کەوتنە دورخستنەوەی ئافرەت لە کاری دەزگا دەوڵەتیەکاندا. هەردەزگایەکی دەوڵەتی لە ٪١٠ شوێنی کاری تەرخان دەکرد بۆئافرەت، لە ٪٩٠ بۆ پیاو تەرخان دەکرا. بێگومان ئافرەت هەرگیز نەدەگەیشتە پلەیەکی بەرزی بەڕێوەبدن لە دەزگایەکی دەوڵەتیدا.

لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، فاشیستەکان هیچ نرخێکیان بۆ خۆشەویستی و سۆزی سێکسی ئافرەت دا نەنابوو. ناموسی خێزان زۆر گرنگتر بوو لە هەبوون و نەبوونی ئافرەت. لە ئیتالیا پیاوێک دەیتوانی ژنەکەی خۆی بکوژێت لەسەر کێشەی نامووس، بەو کارەساتەیان دەوت "کوشتن لە پێناوی ناموسدا". تەنها حوکمێکی رەمزی کەمیان بەسەر بکوژەکەدا دەسەپاند کاتێک ڕوداوێکی لەو بابەتە ڕووی دەکرد دادگا. پاش ڕزگاربوونی ئیتالیا لە چنگی فاشیزم و پاش دەیان ساڵانی دی، لە ساڵی ١٩٨١دا بە پێی یاسا ئەو جۆرە کولتورە دڕندە و دواکەتوتووەی پیاو حوکمی قورس ترو دەگای زیندانی بۆ کرایەوە. جێی سەرسوڕمانە کە هەتا ساڵێ ١٩٩٦ لە ئیتالیادا دەستدرێژی کردنی سیکسی بەرامبەر بە ئافرەت وەکو تاوانێک دژ بە ئافرەت دیاری نەکرابوو، بەڵکو وەکو تاوانێك دژ بە مۆرالی گشتی ڕەچاوکرابوو.

لیستی تاوانەکانی پیاو (نێر) لە مێژوودا  بەرامبەر بە ئافرەت (مێ) هێندە زۆرە کە بە وتارێك تەواو نابێت، بەڵام وا پێدەچێ کە هێشتا لە زۆر ناوچەی جیهاندا تاوانکردن بەرامبەر بە ئافرەت وەکو لایەنێکی سروشتی و ساکاری ژیانی کۆمەڵایەتی وایە. لە ئێرانی مەلا ئیسلامیەکاندا تەنانەت ئافرەت بە ڕەش دادەپۆشن و مافی کوشتنیانیان هەیە!

 ئەمڕۆ کوردستانی باشور کیانێکی سیاسی و ئابوری هەیە، ئایا دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ سکاڵایەك دژ بە مەلا دواکەوتووەکانی ئێران تۆمار دەکەن لەسەر بەردەوامی کوشتاری کچ و گەنجانی کورد لە ئێران؟

(جۆڤانی جێنتیلێ، لە ١٥/٤/١٩٤٤دا لە لایەن پارتیزانێکی کۆمونیستەوە کوژرا)

 

 

     

  • 1