ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرەڕای پشتیوانی بەشێك لە پەرلەمانتاران و حزبەكان بۆ هەمواری یاسای توندوتیژی خێزانی، بەڵام ناڕەزایی و فشاری گروپە توندڕەو سەلەفیەكان و ئیسلامی سیاسی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەشێك لەحزبەكان لە پشتیوانی هەموارەكە پەشیمان كردەوە و كارەكەی بە پەرلەمان ڕاگرت. ئەم ڕاگرتن و پاشگەزبوونەوەیەش بەرلەوەی خزوع و چەمانەوەیەكی مەترسیداربێت بۆ ڕەوتە توندڕەو كۆنەپەرستەكان و هاوئاوازەكانیان بۆخۆی  ترسە لەژن و ئازادیەكانی ژنان و دەستەبەركردنی مافەكانیان و هەمواركردنەوەی یاسایەك كە ڕەنگە لەو قۆناغەدا هەرچەندە تێبینی زۆریشی لەسەرە هەنگاوێكی بابەتیانەی باشبێ بۆ بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگا و پاراستنی ئافرەتان لە هەرتوندوتیژی و سوكایەتیەكی دەرونی و جەستەیی.

ئەم گروپ و ڕەوتە ئاینی و سەلەفی و ئیسلامیانەی كە بە پاڵپشتی مادی و مەعنەوی ئەحزابی دەسەڵات كار و پرۆژەكانیان بە ڕێدەكەن لە ئێستادا خاوەنی بێزراوترین دیاردەی باوی نێو سۆشیال میدیا و سوكایەتی پێكردن و تانەدانن لە ژنان و فۆبیایان بە ئازادی ژن و پێشكەوتنی كۆمەڵگا و پاراستنی مافەكانی هاوڵاتی بوون و هەرجۆرە هەنگاوێكەوە هەیە كە دیدگاو تێڕوانینەكانی ئەوان بخاتە ژێرپرسیار و ڕەخنە و لێكدانەوەی ئەقڵانییەوە، ئەمانە زۆر بەجدی و بێشەرم ڕۆژانە چەندین ڤیدۆی مەلای ئاینی و بانگخواز و كۆمێنتی ناشیرین بۆ لێدان لەژن و تیرۆركردنی كەسایەتی و ناشرینكردنی رۆڵ و كاریگەری ئافرەتان و ئازادییەكانیان لە ڕێگەی لەشكرێك لە خەڵكی جنیۆفرۆش و دەمپیسی  فەیسبوكەوانەوە بڵاودەكەنەوە و بەناوناتۆرەی ناشرینەوە دەم لە هەمووشتێك دەكوتن.

گەر لەڕوانگەی ئەو ترس و شڵژانە دەرونیەی ئەو ڕەوتە ئاینیانەوە خوێندنەوەیەكی وردی ئەو پرسە بكەین لەم هەڵومەرجەدا، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی كە ڕاگرتنی هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە لەم تەوقیتەدا كە ژنانی ڕۆژهەڵات لە شۆڕشێكی بەردەوامدان بۆ لابردنی حیجاب و گۆڕینی یاساكانی پۆلیسی ئەخلاق، تێدەگەین لەوەی ئەمە مەغزا و مەبەستێكی تری لە پشتە و  پەیوەندی بە ڕەوتەدینی و كۆنەپارێزەكانەوەیە ، بەتایبەت ئەوەی كە پەیوەندی بە توندوتیژی خێزانەوە هەیە و ڕەنگە كەمترین مافیش بێت بۆ پاراستنی خێزان لە هەر هەڕەشەیەك كە لە لایەن كەسانی ناو ئەو كەڵچەرەوە دەكرێتە سەریان، بۆیە كاتێك ئاینیش دەبێتە پرۆژەیەكی ئایدۆلۆژی و هەندێك كەس بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی خۆی بەكاریدێنێ و بەزمانێكی زبری نالۆژیكیانە سوكایەتی بە ژنان دەكا، ئەم حاڵەتەی لێ كەسك دەبێ و ئیتر دەبێ هەموان ملكەچی ئەو پرۆژە مەترسیدارانە بین كە ئەم گروپ و ڕەوتە ئاینیانە هەنگاوی بۆدەنێن.

ئەوەشی ئێستا ئەحزابی دەسەڵاتدار دەیكات لە پارلەمان و پرۆسەی حوكمڕانیدا بۆخۆی دەڕژێتە جۆگەڵەی ئەو زەمینە كۆمەڵایەتی و یاسایی و داب ونەریتە خێڵەكی و دژی پێشكەوتنەوە كە ئافرەتان سوتەمەنی سەرەكین و هاوكات قازانجە بە گوتاری ئەمڕۆی ڕەوتە ئاینی و توندڕەوەكان كە قومار بە داهاتووی ئەم كۆمەڵگایەوە دەكەن لە پێناو مانەوەی خۆیان و ئەو كەلتورە دواكەتوانەی كە ترسی لە هەمواركردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی هەیە .

دواجار ئەم ڕاگرتنەی پەرلەمان و تویتی لابەلای بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەحزابی حوكمڕانی كوردستان و چەمانەوەیان لە بەردەم ئەم ڕەوتە مەترسیدارەدا  بە بیانووی  خیلافی یاساكە بە شەریعەتی ئیسلام بۆخۆی فرسەتی زیاتر دەڕەخسێنێ بۆ هێرش و سوكایەتی و توندوتیژی و لە قاڵبدانی ئافرەتان و وادەكات كۆمەڵگا لە ژێرفشاری ئەو جۆرە تێڕوانینانەدا زیاتر پاشگەزبێتەوە لە دەسكەوتە مەدەنی و پێشكەوتوەكان كە ساڵانێكە خەباتی لە پێناودەكرێت و سەدان قوربانی پێبەخشراوە  .

 

  • 1