ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەگەر کۆمەکی (جینی)ی ژنی نەبووایە، مارکس ئەو پیاوەی لێ دەرنەدەچوو. جینی یەکەم خوێنەر و ڕەخنەگری نووسینەکانی مارکس بوو، ئەنگڵس و مارکس بە کۆمەکی جینی، (مانیفێستی کۆمۆنیست)یان نووسی کە هێشتا زیندووە. جینی دەربارەی شؤڕشی مارسی ١٨٤٨ی ئەڵمانیا قسەی هەبوو، سەرنجی لەسەر ئیشەکانی شەکسپیر دەردەبڕی، هەر ئەویش سەرپەرشتیی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی مارکسی دەکرد. جینی چەندان زمانی دەزانی، لەو بوارەدا لە مارکس بەهرەمەندتر بوو. ئەنگڵس ئەوەندە پێی سەرسام بوو، کە جینی کۆچی دوایی کرد، گوتی: ئاستی ڕۆشنبیریی هێندە بڵند بوو، بەهرەمەندێکی هێندە بوێر و لێهاتوو بوو، هەمیشە من و مارکس پێویستمان بە ڕاوێژی دەبوو.

 لە ١٨٦٦دا، بە هاندان و پێشنیازی مارکس و ئەنگڵس، هاوپەیمانیی کرێکارانی نێودەوڵەتی، ماوەی ڕؤژی کاریان بە هەشت سەعات دیاری کرد. هەشت سەعات بۆ کار، هەشت سەعات بۆ خەوتن و هەشت سەعات بۆ خۆشی و پشوو. ١٩١٨ بۆ یەکەمین جار لە ئەڵمانیا، کار بە هەشت سەعات دیاری کرا. لە ئەیلوولی ٢٠١١دا، لە دژی ئەو سیستەمە ئابوورییەی، کەمینەیەکی دەوڵەمەندتر و زۆرینەی هەژارتر دەکرد، کرێکاران دروشمی: (واڵ ستریت داگیر بکەن)یان بەرز کردەوە. لەو خۆپیشاندانەدا ناڕازییان،بڵند وێنەی کارڵ مارکسیان ڕاگرتبوو. لە داڕمانە ئابوورییە گەورەکەی ٢٠٠٨یشدا، دیسانەوە مارکس وەک گەورەترین ڕەخنەگری سەرمایەداری، بووەوە بە جێی بایەخی دونیا.

 تا هەنووکەیش ئابووریناسە گەورەکانی دونیا پشت بە ئیشەکانی مارکس دەبەستن. ئابووریناسی فەرەنسایی: تۆماس پیکێتی لە کتێبی: سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکەمدا کە ٢٠١٣ بڵاوی کردەوە، پشتی بە (سەرمایە)ی مارکس بەستبوو کە لە ١٨٦٧دا بڵاو کرابووەوە. تۆماس پیکێتی دەیگوت: (لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە، کەمینەیەک لە وڵاتە پیشەسازییەکان، دەستیان بەسەر زۆربەی سامانی دونیادا گرتووە و نایەکسانی بووە بە بەشێکی لە جیابوونەوە نەهاتوو لە سەرمایەداری و هەڕەشەیەکی کوشندەیە لە دیموکراتی. لە (٢٠١٣)ەوە، نوسخە ئەسڵییەکەی سەرمایە، ئەوەی بە خەتی خودی مارکس هەندێک تێبینی لەسەر نووسراوە، لەسەر پێشنیازی ئەڵمانیا و هۆڵاند، لە لایەن یۆنسکۆوە، وەک کەلەپووری جیهانی ناوزەد کراوە.

 لە سەدەی بیستەمدا، کۆمۆنیزم کە پشتی بە تێزەکانی مارکس قایم بوو، باڵی بەسەر دونیادا کێشابوو، لە هەر شوێنێک شۆڕشێک هەڵگیرسابا، هەوێنەکەی فیکری مارکس دەبوو. ئیدی هەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و چینەوە، تا شۆڕشەکانی لاتین ئەمریکا. ئەو عەقڵە مەزنەی لەدوای شۆڕشی پرۆلیتاریاوە بوو، بەشێکی زۆری ژیانی وەک بێ وڵاتینامە بەسەر برد، هەر دەمە و خۆی لە مەنفایەک دەبینییەوە، تا دوا جار لە ١٨٤٩دا لە لەندەن ئۆقرەی گرت. هەرچەندە مارکس لە (١٨٨٣)وە دڵە بەرینەکەی لە لێدان کەوتووە، بەڵام هێشتا ئیشەکانی ئەوەندە زیندوون، هەر دەڵێیت بۆ ئەم سەردەمە نووسراون.

*

(*) هل سبق مارکس عصرە؟ ترجمة: حیان الغربي. لە پێگەی تیڤیی ئەڵمانیاوە وەرگیراوە.

  • 1