ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم لە كوردستاندا بە دەنگی بەلێی سێ ملیون وپێنج سەد هەزار كەس ئەنجام درا، كە لە جیهانی ئەمڕۆدا بژارەی ریفراندۆم گەڕانەوەیە بۆ بریار و ئیرادەی گەل بۆ هەنگاونانی كردەیی بۆ بڕیاردانی مافی چارەنوس شیاوترین رێگایە كە لەلایەكەوە لە گەڵ بەها و نەریتی كۆمەڵگای نێودەوڵەی هاوچەرخ دەگونجێت، لە لایەكی دیكەوە لە سەر ئاستی ناوخۆی عیراق، رێگا چارەی ئاشتی ودیموكراسیی گونجاوە بۆ قورتاربوون لە قەیرانی بنیاتگەری دەوڵەتی عێراق.

لە یادی ریفراندۆمدا باشترین رێگە ئەوەیە كە جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی حزبمان،حزبی شیوعی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم كە لە ڕاپۆرتی حەوتەمین كۆنگرەی حزبدا هاتووە:

((پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندوم بە ساڵێك حزبمان ئاماژەی بە خاڵە ئەرێنییەكان بۆ پشتگیریكردنی ئەم پرۆسەیە كرد لەوانە: مێژووی تێكۆشانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و ئەزمون و قوربانییەكانی گەلەكەمان لە پێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و پاراستنیان و، هەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی پراكتیكی لە دوای راپەرینی 1991وە شێوازێكی سەربەخۆیی هەبووە و، خاوەنی دامەزراوەی سەرەكی وەك پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارە ناوخۆییەكان بووە و، لەو ماوەیەدا پشتی بە ئابووری خۆی بەستوە و بازاڕی سەربەخۆی هەیە و، لە هەمان كاتدا تا ڕادەیەكی بەرچاو شوناسی نیشتمانی كوردستانی لە گەڵاڵەبووندایە و، زەمینەی بەیەكەوە ژیانی تێكرای پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان لە نێو كۆمەڵگای كوردستاندا هەیە و، جگە لە بوونی و لێهاتوویی هێزی مرۆیی لە كوردستاندا و ئامادەبوونی جەماوەر بۆ داكۆكیكردن لە كوردستان شان بە شانی پێشمەرگە، كە بۆتە هێزی پیادەی سەرەكی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و هەر ئەم هێزەش پشتگیری لە مافی چارەنوس دەكات و قەوارەی كوردستان دەپارێزێت.

هاوكات لە گەڵ ئەمەشدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەری چارەسەركردنی قەیرانی دەوڵەت لە عیراقدا، دەبێت.

لە هەمان كاتدا حزبمان ئاماژەی بە ئاستەنگەكانی بەردەم ریفراندۆم كرد كە خۆی لە چەندین خاڵدا دەبینیەوە، لەوانە: پەیوەندی ئۆرگانیكی پرۆژەی ریفراندۆم بە رای سەرۆكی هەرێمەوە كە پشتگیری لە پرۆسەكە دەكرد و كاركردنی ڕاگەیاندنی حزبەكەی بۆ بەكەسایەتی كردنی ئەو پرۆژەیە و، مەترسی نەبوونی كۆدەنگی نیشتمانی بە هۆی ناكۆكی حزبییەوە سەبارەت بە دۆسێی ئەو كاتەی سەرۆكایەتی هەرێم و گرفتەكانی حكومەت و پەرلەمان و، رەنگدانەوەی ئەم حاڵەتەش لەسەر دۆسێی ریفراندۆم و هەڵوێست وەرگرتن لە بڕیاردانی مافی چارەنووس و، مامەڵەی نەرێنی لە خوێندنەوەی هۆكاری نێودەوڵەتی و، هەڵوێستی عێراق و دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان كە دژ بە ریفراندۆمە بوو، رەنگدانەوەی دژواری بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و لاوازبوونی متمانەی هاوڵاتی بە حكومەت بە هۆی قەیرانی ئابووری و كورتهێنانی بودجە و نەدانی موچە و، چارەسەرنەكردنی قەیرانی حوكمرانی بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مەسەلەی سەرۆكایەتیەوە هەبوو، نەبوونی شەفافیەت لە كاری حكومەت و پەككەوتنی پەرلەمان، جگە دڵەڕاوكێیەكی رەوا لە نێو ناوەندێكی فراوانی گەلەكەمان كە مەترسییان لە شكستهێنانی هەنگاوی ریفراندۆم هەبوو، بڵاوبونەوەی كەلتوری نەتەوەی باڵادەست، كە گوایە كوردستان توانای دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی نییە و، بوونی بەرژەوەندی توێژە ئیداری و بیروكراتییەكان و ناوەندە مشەخۆرە پەیوەندیدارەكانیان كە لە دوای 2003 وە بەرژەوەندی دارایی و ئابوورییان لە رێگای مانەوەیان لە گەڵ دەوڵەتی عێراقدا مسۆگەر دەكرا.

لە چوارچێوەی ئەو تابلۆیە بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی بڕیاری شەشەمین كۆنگرەی حزبمان لە گەڵ ریفراندۆم بۆ جێبەجێكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس بوو.

لە گفتوگۆكاندا لە لێژنەی باڵای ئامادەكاری ریفراندۆم كە لە ساڵی 2017 دامەزرا، حزبمان جەختی دەكردەوە كە لێژنەی باڵای ریفراندۆم ئەم ئەركانە بكات:

ـ دامەزراندی لێژنەیكی پسپۆر بۆ ئامادەكردنی هۆكارە سیاسی و قانونییەكان كە ریفراندۆمی وەك پێداویستییەك فەرز كردوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە پرنسپی مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان كە بەشیكە لە پرنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە لایەك و، پشتبەستن بە خودی دەستوری عێراق كە جێبەجیكردنی ماددەكانی دەستور مەرجی پاراستنی یەكیتی ئازادانەی خاك و گەل و سەروەری عێراقە و، بە شێوەیەكی پراكتیكی دەیان ماددەی دەستور كە پەیوەندییان بە فیدراڵبوونی دەوڵەتی عێراق هەیە دوای 13 ساڵ جێبەجێنەكراوە.

ـ كاركردن بۆ وەرگرتنی بریاری پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئاماژەكردن بەو بریارە لە دارشتنی گەڵاڵنامەی ریفراندۆم.

ــ دامەزراندنی لێژنیەكی راگەیاندنی ناوەند كە ئاراستەی سەرجەم كارەكانی راگەیاندن بكات بە تایبەتی لە بواری دارشتنی زمانی ئاخافتن لە گەڵ رای گشتی عێراق و عەرەب و گەلانی ناوچەكە بە گشتی.

ـ كۆبونەوە لە گەڵ سەرجەم ڕاگەیاندنەكانی كوردستان بۆ دانانی بەرنامەی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی نیشتمانی سازدان بۆ ریفراندۆم و جەختكردن لەسەر سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی كوردستانی وەك دروشمێكی سەرەكی جەماوەر.

ـ دانانی كەنالیكی سەتەلایەت بە زمانی عەرەبی بە ناوی (الكوردستانیە) كە گوتاری یەكگرتوی كوردستانی بگەیەنێت.

ـ دامەزراندنی ناوەندیكی هاوبەشی رێكخراوە مەدەنی و ناحكومییەكان بۆ پشتگیریكردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.

ــ ئەنجامدانی كۆبونەوە لە گەڵ رێكخراوەكانی دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان وگەلانی دیكە، بە مەبەستی كارتێكردنە سەر گەلانی دۆستی گەلی كوردستان بۆ پشتگیریكردن لە ریفراندۆم.

ـ ناردنی شاندی هاوبەش بۆ لای حزبە سیاسییەكانی عێراق و بۆ ولاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەندامی بەردەوام لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕوونكردنەوەی هەڵوێستی گەلەكەمان لە ریفراندۆم.

ـ گفتوگۆكردن لە گەڵ لایەنە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان و ئاشوری و كلدان لە ناوچەكانی مادەی 140و، خستەرووی پرۆژەیەك بۆ ئیدارەكردنی كردنی كركوك لە كاتی گەرانەوەی بۆ هەرێم بە ڕچاوكردنی بەرژەوەندی پێكهاتەكانی و مسۆگەركردنی بەشداریان و پراستنی مافەكانیان.

ـ سەرلەنوی دامەزراندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و گشتپرسی بە جۆرێك بە پێی قانون بێت و لە بەشبەشێنەی حزبی بەدوور بێت.

ــ دەستنیشانكردنی كاتی ریفراندۆم دوای تەواوكردن و ئەنجامدانی پێداویستییە لۆجیستییەكانی.

ـ دانانی لێژنەی هاوبەش نێوان حكومەت و لایەنە سیاسیەكان بۆ پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابووری بە مەبەستی چاكسازی وچارەكردنی قەیرانی ئابووری لە كوردستاندا.

كوردستان لە هەلەمەرجی سیاسی دووای ریفراندۆم بە ئاستەنگێكی دژوار تێپەر بوو، كە وای پێویست دەكرد عەقلیەتی كاری هاوبەش و یەكریزی بە شێوەیكی كارا زیندوو بكرێتەوە بۆ ئەوەی گیانی بەرەنگاربوونەوە زیاتر بێت و، ماوە بە تەعریب و گۆڕانكاری دیموگرافی و زەوتكردنی مافەكانی گەلی كوردستان نەدرێت. بۆیە هەر دووای ئەو ڕووداوانە حزبمان جەختی لە سەر ڕاگرتنی شاڵاوی راگەیاندن و تۆمەتباركردنی یەكتر و وازهێنان لە بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی دەكردەوە و، جەختی دەكرد كە پرۆسەی ریفراندۆم ویستگەیەكی تێكۆشەرانەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستانە و پێویستە سەرجەم لایەنەكانی ئەم بزوتنەوەیە، هەڵسنگاندنێكی بە كۆمەڵیان بۆ ئەم پرۆسەیە هەبێت}.

 

  • 1