ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

بەشی یەکەم

٭ مامۆستا ڕۆستەم باجەلان لە یەک کاتدا مامۆستایەکی دڵسۆزو بە هەڵوێست،پەروەرداکارێکی سەرکەوتوو،هەروەها شاعرێکی ناسراوو نوێخوازو نیشتمانپەروەر بوو.

ــ ناوی تەواوی: رۆستەم سەلام محەمەد ئەمین. بە رۆستەم باجەلان ناسراوبوو.

ــ ساڵی ١٩٤٦ لە شاری هەولێر لە دایک بووە.

ــ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە.

ــ لە ساڵی خوێندنی(١٩٧٢-١٩٧٣) بەشی کوردی لە کۆلێجی ئاداب ی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

ــ لە ڕێکەوتی٢-١٠-١٩٧٣ بۆ یەکەمجار بە مامۆستای زانکۆیی(معلم جامعی) لە ناوچەی باڵەک، قەزای چۆمان دامەزراوە.

ــ مامۆستا ڕۆستەم باجەلان هەر لە یەکەم دامەزراندنی بە مامۆستا تاکو نەخۆش کەوتن و خانەنشین بوونی دڵسۆزی پەیامی پەروەردەو مامۆستایان بوو،جگە لە وانە ووتنەوە بایەخی بە ئەدەبی منداڵان دەدا،شیعری بۆ منداڵان دەنووسی،زیاتر لە هەزار منداڵی بردبووە بەردەم مایکرۆفۆن تاکو بەرهەمە سادەکانیان لە شیعرو چیڕۆک وئۆپەرێت و شانۆگەری پێشکەش بکەن و شەرم و ترسیان بشکێت..تەنیا لە هۆڵی ڕێگا ناو بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە کۆتایی نەوەتەکان و سەرەتاکانی هەزارەی دووەمی زاینی (٢٣)کۆڕی شیعر خوێندنەوەی بۆ منداڵان سازکردووە،بێگومان ئەم منداڵانەش هەموو قوتابی قوتابخانە سەرەتاییەکان بوون..

" مامۆستا ڕۆستە شیعری بۆ منداڵان دەنووسی،کۆنتاکی ڕۆژانەی لەگەل منداڵاندا هەبوو،ناوە ناوە کۆڕی بۆ منداڵە بەهرەمەندەکان ساز دەکرد،هانی دەدان کتێب بخوێننەوە و شیعر بنووسن،کتێبی منداڵانی بەسەردا دابەش دەکردن ،هەوڵی دەدا لە دونیای خوێندنەوە و ئەدەب نزیکیان بکاتەوە ،فێری چوونە سەر مینبەرومایکرۆفۆن گرتنەدەست و وتاربێژی و شەرم شکاندنی دەکردن.ئەو کات لەم بوارەدا ڕۆستەم باجەلان یەکێک بوو لەو کەسایەتییە پەروەردەییە ناو بەدەرانەی هەولێر، یەکێک بوو لە هاندەرو پشتیوانە دیارەکانی منداڵان و نزیککردنەوەیان لە جیهانی خوێندنەوە(١)"..

مامۆستا ڕۆستەم داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوو لە داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایان ،لە ڕێکەوتی٢٨-٤-٢٠٠٣ لە هەولێر دوو مانگ بوو مووچەی مامۆستایان دابەش نەکرابوو،ناڕەزایی لەناو مامۆستایان پەرەی دەسەند،لەو ڕۆژە مامۆستا ڕۆستەم باجەلان ڕابەرایەتی مامۆستایانی ناوەندی کەرکوکی کردو هەموو هاتن بۆ ئامادەیی ڕزگاری، ئێمەش لەوێ مامۆستابووین،داوای لێکردین بچین بۆ خۆپیشاندان تاکو پێش پەرلەمان، بەهۆی تەلەفۆنیش ئاگاداری دوو ئامادەیی دیکەشی کردبۆوە،ئێمە چەند مامۆستایەک لە ئا ڕزگاری ئامادەبووین بۆ خۆپیشاندان، هەر لە لای ئێمە چەند دروشمێکمان لەسەر فایلی مانێلا نووسی و بەڕێ کەوتین لە پێش هۆڵی میدیا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە هات ویستی ڕێمان پێبگرێت و خۆپیشاندانەکە تێک بدات،مامۆستا ڕۆستەم باجەلان دلێرانە زۆر بە توندی ڕووبەڕووی بووەوەو دووری خستەوە..ڕۆیشتین تاکو پێشی پەرلەمان، لەوێ بینیمان دەوروبەری٣٠ مامۆستای تر ئامادەبوون چاوەڕوانی ئێمەیان دەکردو هەموو پێکەوە چووینە ناو تەلاری پەرلەمان ڕێگایان پێنەگرتین،لە بەر دەروازەی ژوورەوەی پەرلەمان ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران هاتنە پێشوازیمان، لە پێشەوەیان مامۆستا ئەحمەد سالار بوو، پەیامەکەمان پێڕاگەیاندن،وادەی ئەوەیان پێداین کە بە زووترین کات پەیامەکەمان بگەیەننە گەورە بەرپرسان ..دوو ڕۆژی پێ چوو مووچەی مامۆستایان دابەشکرا..

(١)ئیسماعیل تەنیا،گۆڤاری دیوان،ژمارە(١٥) ئابی ٢٠٢٢..هەروەها سوود لە وتارێکی کاک قەهار شێخانی لە هەمان گۆڤار وەرگیراوە..خۆشم بیرەوەریم لەگەل مامۆستا ڕۆستەم باجەلان زۆرە، بەتایبەتی ڕووداوەکانی ئەو خۆپیشاندانەی باسم کردو دەرئەنجامەکانی.

(ماویەتی)،لە بەشی دووەم و کۆتاییدا باسی ڕۆستەم باجەلانی شاعیر دەکەین.

  • 1