ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەرگێرانی: فوئاد زیندانی

دەقی ووتاری فلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا سەبارەت بە بانگهێشکردنی بەشێک لە هێزی یەدەگی سەربازی و بارودۆخی شەڕ لە بەرەکانی شەڕ، ڕۆژی چوارشەممە(٢١) ی سێپتێمبەری ٢٠٢٢ پێشکەشی گەلانی ڕوسیای کرد لە تەلەڤزیۆنی ڕوسی و ڕاگەیاندنەکانی ئەو ووڵاتە بڵاوکرایەوە. ووتارەکە لە زمانی ئەڵمانیەوە بۆ کوردی وەرم گێڕاوە.

 

هاوڕێیانی هێژا

ئەمڕۆ دەمەوێت سەبارەت بە بارودۆخی دۆنباس و دۆخی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت بە ئازادکردنی دۆنباس لە ڕژێمی نازییە نوێیەکان کە لە ڕێگای کودەتای سەربازی لە (٢٠١٤) دا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت لە ئۆکرانیا ئاگادارتان بکەمەوە.

ڕووم لە ئێوەیە، سەرجەم هاووڵاتیانی ووڵاتەکەمان، خەڵک لە نەسلە جیاوازەکان، تەمەن و ڕەگەزە جیاوازەکان، نەتەوەکان، بۆ هەموو گەلی ڕوسیای مەزن، بۆ هەرکەسێک ڕوسیای مێژوویی مەزن یەکدەخا، بۆ سەرباز و ئەفسەرەکان، بۆ خۆبەخشانی شەڕ کە ئێستا لەبەرەی پێشەوەی جەنگ وەستاون و دەجەنگن، بۆ برایان و خوشکانمان لە هەردوو کۆمارەکانی دۆنیتس و لوگانسی میللی، ناوچەکانی خیرسۆن و زاپۆرۆژیا و ناوچەکانی تری ڕزگار کراو لە دەستی ڕژێمی نا زییە نوێیەکان.

من بۆ ئێوە باسی هەنگاوە پێوویست و خێراکان بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و خاکی ڕوسیا دەکەم، باسی پشتگیریکردنی داخوازییەکانی هاووڵاتیانی ئێمە بۆ دیاریکردنی پاشەڕۆژی خۆیان و لەسەر سیاسەتی دڕندانەی بەشێک لە نوخبەی ڕۆژئاوا کە هەوڵ دەدات بەهەر ئامرازێک بێت سەرکەوتنی خۆیان بپارێزن و هەوڵی ئاستەنگکردن لە سەرهەڵدانی هەر ناوەندێکی پێشکەوتنی خاوەن سەروەری دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامبن لە سەپاندنی ئیڕادەی خۆیان و چاندنی نرخ  و بەها ساختەکانیان لە ناو میللەتان و ووڵاتانی تردا.

ئامانجی ڕۆژئاوا لاوازکردن و پارچەکردن و لە کۆتاییدا وێرانکردنی ووڵاتەکەمانە، ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن لە ساڵی ١٩٩١ (یەکیەتی سۆڤیەت) مان هەڵوەشاند، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەمان شت بە رامبەر ڕوسیا دووبارە بکەینەوە بۆ ئەوەی ڕوسیا ببێتە چەندین هەرێم و ناوچەی دوژمنی یەکتر. ماوەیەکی دوورودرێژە خەریکی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پلانەن، باندی تیرۆریستی نێونەتەوەییان بەردایە سەر قەفقاسیا، پالیاننا بە ژێرخانی هێرشکارانەی ناتۆ ڕاستەوخۆ تا سەر سنوورەکانمان. ئەوان (ڕوسۆفۆبیا)یان بە تەواوی کردە کەرستەی خۆیان. بە دەیان ساڵ  بە ئەنقەست سەرقاڵی ووروژاندنی ڕق لێبوونەوە لە ڕوسیا بوون، ئەوەش بە تایبەتی لە ئۆکرانیا دەرکەوت کە گۆڕییان بۆ مۆڵگەی دژ بە ڕوسیا، بەکار هێنانی ئۆکرانیا وەک سوتەمەنی بەرگریکار لە شەڕ دژ بە ووڵاتەکەمان.

ئەو شەڕەیان لە(٢٠١٤) دەستپێکرد، لەو شەڕەدا(سوپا) یان دژ بە خەڵکی سڤیل بەکارهێنا، تیرۆر و قڕکردنیان لە دژی ئەو کەسانە  ئەنجامدا کە ئەو حکومەتەیان قەبوڵ نەبوو کە بە کودەتا هاتبوو.

دوای ئەوەی ڕژێمی ئێستای کیێف بە پڕاکتیک و بە ئاشکرا بیرۆکەی چارەسەری ئاشتیانەی بۆ کێشەی دۆنباس ڕەتکردەوە، لەوەش گرنگتر باسی خواستەکانی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی کرد، ڕۆشنبوو کە هێرشێکی تری بەرفراوان بۆ سەر دۆنباس، هەر وەک پێشتر دوو جار هەوڵیان دابوو، چارەی نیە  ڕوودەدا. دوای ئەوە بە دڵنیاییەوە هێرشکردنە سەر نیمچە دوورگەی(کریم- قرم) واتە بۆ سەر ڕوسیای بە دوادادێت. ئەوە ئەو چوارچێوەیە بوو کە تیاییدا بڕیاری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی پێشلێگرتن کە زۆر پێوویستبوو تاکە بژاردەش بوو، ئامانجی سەرەکی ئەو ئۆپەراسیۆنە  تا ئێستاش ڕزگارکردنی تەواوی دۆنباسە.

کۆماری لۆگانسی میللی بە تەواوەتی لە نازییە نوێیەکان پاککرایەوە، شەڕیش لە کۆماری دۆنیتسکی میللی بەردەوامە، لێرە ڕژێمی داگیرکەری کیێڤ هێلێکی قوڵی خۆقایمکردنی بەردەوامی ماوەی هەشت ساڵە دروستکردووە، ئەگەر هەوڵی دۆرپێچکردنی ڕوو بە ڕوو بدەین زیانێکی گیانی زۆر ڕوودەدات، ئەوەیە هۆکارەکە یەکینەکانمان و یەکینەکانی کۆماری دۆنباسی میللی بە تەواوەتی بەپێی پلان هەڵسوکەوت دەکات، بە زیرەکی و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، گیانی کەسەکان دەپارێزێ و خاکی دونیتسک هەنگاو بە هەنگاو ڕزگار دەکەن، گوند بە گوند و شار لە دوای شار پاک دەکەنەوە. نازییە نوێێەکان یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە لەلایەن ڕژێمی کیێڤ دەکرێنە(ڕەهین) مەرتاڵی زیندوو.

ئێوە دەزانن لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتە سەربازییەی ئێمە لەلایەن خۆمانەوە لە خەڵکانی سەربازی پسپۆڕ پێکهاتووە وەک سەربازی خانەنشین کاردەکەن، یەکینەکانی خۆبەخشان شانبەشانی ئەوان شەڕ دەکەن. خەڵکانێک لە ڕەگەزنامە و پیشە و تەمەنی جیاواز، بە کورتی نیشتمانپەرانی ڕاستەقینە لە چوارچێوەی باوەڕی ناوەوەیان کەوتنە ناو بەرگریکردن لە ڕوسیا و دۆنباس . بۆیە ڕێنماییم دەرکرد بۆ حکومەت و وەزارەتی بەرگری بۆ ڕونکردنەوەی باری یاسایی خۆبەخش و شەڕوانانی هەردوو کۆماری دۆنیتسک و لۆگانسی میللی لە زووترین کاتدا. پێوویستە لە داهاتوودا هاوشێوەی ڕوسەکان بە پیشە ببن بە سەربازی پسپۆڕ و لە ڕووی ماددی و پزیشکی و گەرەنتی کۆمەڵایەتی بیانگرێتەوە. پێوویستە گرنگی بدرێت بە ڕێکخستنی هێنانی چەک و پێداوویستی بۆ سەندیکا و یەکینە سەربازییە میللیەکان لە دۆنباس .

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکی سەرەکی بۆ بەرگریکردن لە دۆنباس، بە پێی پلانەکان و بڕیارەکانی وەزارەتی بەرگری و دەستەی گشتی ئەرکان دەربارەی ستراتیجەتی گشتی هێزەکانمان بەشێکی گەورەی هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆرژی و چەندین ناوچەی تری لە دەست نازییە نوێێەکان ڕزگارکرد.ئەنجامەکەشی ئەوەبوو هێلی پێشەوە دەرکەوت ئێستا درێژییەکەی(١٠٠٠) کم.

چیە ئەوەی ئەمڕۆ دەمەوێ بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا بیڵێم؟ کاتێک ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە کردەیی دەستیپێکرد، لە ئیستەنبۆڵ لەگەڵ ئۆکرانیا دانوستانمان کرد، کاردانەوەی نوێنەرانی ئۆکرانیا لەسەر پێشنیارەکانمان زۆر ئەرێنی بوون، پێشنیارەکانیش پەیوەندیداربوو بە  گەرەنتیکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا.بەڵام چارەسەری ئاشتی لەگەڵ کۆنسێپتی ڕۆژئاوا نەگونجا، لەبەرئەوەی پاش ئەوەی بە کردار دانوستانمان لەسەر هەندێک تەنازولاتکرد، لە کیێڤ ڕێنمایی هات هەموو ئەنجامەکانی گفتوگۆکان تێکبدەن. لە ئەنجامدا ئەوان پتر چەکیان نارد بۆ ئۆکرانیا، ڕژێمی ئۆکرانیا بە باندی نوێی نەتەوە پەرستی بەکرێگیراوی بێگانە و یەکینەی سەربازی ڕاهێنراو بەپێی پێوەرەکانی ناتۆ کە بە شێوەیەکی کرداری لەلایەن ڕاوێژکارانی ڕۆژئاوایی بەڕێوەدەبڕێن دەستیپێکرد. لەهەمان کاتدا ئۆکرانیا لە ناوخۆدا کاری تۆڵەسەندنەوەی دوای کودەتای چەکدار ساڵی 2014 دژی هاووڵاتیانی خۆی زیاتر کرد. سیاسەتی ترساندن و تیرۆر و توندوتیژی تا دەهات بە شێوەیەکی مەترسیدار و هۆڤانە شکلی دەگرت.

من دەمەوێ تەکەز بکەم ئێمە دەزانین زۆرینەی ئەو خەڵکەی لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی نازییە نوێیەکان دەژین، ناوچەی مێژووی ڕوسیای نوێن، نایانەوێت لە ژێر دەستی ڕژێمی نازییە نوێیەکان بژین. لە زاپۆرژیا، هەرێمی خێرسوۆن، لە لۆگانس و دۆنێتسک هۆڤانەتی نازییە نوێیەکان لە ناوچەکانی هەرێمی خارکێف کە نازییەکان داگیریان کردبوو دەبینن.میراسی گەلی باندێرا و هێزە داپڵۆسێنەرە فاشیەکان خەڵک دەکوژن، ئەشکەنجەدەکەن، داوێنە زیندان، پاکتاوی حساباتی کەسی دەکەن، تۆڵە دەکەنەوە یاریدەکەن یارییەکان  بە خوێنی خەڵکی سڤیل دەکەن.

پێش دەستپێکردنی شەڕ زیاتر لە 7.5 ملیۆن کەس لە کۆمارەکانی دۆنێتسک و لۆگانس، لە ناوچەکانی زاپۆرژی و خێرسۆن دەژیان. زۆریان ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەڵبێن، بەڵام ئەوانەی مانەوە کە نزیکەی 5 ملیۆن کەس دەبن، بەردەوام لەلایەن سەربازانی نازییە نوێیەکان تەقەیان لێدەکرێت، نەخۆشخانە و قوتابخانە بە تۆپ و ڕاکێت بۆمباران دەکرێن، هێرشی تیرۆریستی دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل.

ئێمە ناتوانین دەستبەرداری خەڵکانی نزیکی خۆمان ببین، ناتوانین داخواری ڕاستەقینەی ئەوان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چارەنووسیان پشتگوێ بخەین. پەرلەمانی کۆماری دۆنباسی میللی هەروەها ئیدارەی سڤیل و سەربازی ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆرۆژی سەبارەت بە داهاتووی ئەو ناوچانە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیاندا، داوامان لێکرا، ئێمە ڕوسیا پشتگیری ئەو هەنگاوە بکەین. من دەمەوێ لێرە دڵنیایی بدەم کە ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ گەرەنتی ئاسایشی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم تا خەڵک بتوانێ تەعبیر لە ئیڕادەی خۆی بکات. ئەو بڕیارەی کە زۆرینەی خەڵکی کۆمارەکانی دۆنێتسک و لۆگانسی میللی و هەروەها ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆرۆژی دەیدەن ئێمە قەبوڵی دەکەین و پشتگیری دەکەین.

 

هاوڕێیانی خۆشەوویست !

 

ئەمڕۆ هەروەک ئاماژەم پێکرد، هێزە چەکدارەکانمان لە هێڵی پێشەوە کە درێژییەکەی زیاتر لە(1000) کیلۆمەترە وەستاون، تەنیا ڕووبەڕووی یەکینەکانی نازییە نوێیەکان نابێتەوە لە ئۆکرانیا، بەڵکو لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی ماکینەی سەربازی بە کۆمەلی ڕۆژئاوا دەبێتەوە.

لەم ڕەوشەدا، بە پێوویستی دەبینم، ئەو بڕیارەی خوارەوە بدەم کە بەتەواوی لەگەڵ ئەو ‌هەڕەشانەی دوچاری دەبین دەگونجێ:

بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ساغ مانەوەی یەکپارچەیی ووڵات، لە پێناو ئاسایشی گەلەکەمان و هەروەها گەلەکەمان لە خاکە ئازادکراوەکان، پێشنیاری وەزارەتی بەرگری و دەستەی ئەرکانی گشتی، بڕیاری سەفەربەری بەشی(تعبئە الجزئیە) لە فیدراسیۆنی ڕوسیا درا. دەمەوێ دووبارەی بکەمەوە کە تایبەتە بە سەفەربەری بەشیی(تعبئە الجزئیە) واتە تەنیا ئەو هاووڵاتیانەی کە ئێستا لە یەدەگ(احتیاگ)ن، بانگهێشتی خزمەتی سەربازی دەکرێن، لە ناویاندا بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئەوانەی خزمەتی سەربازیان لە هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا کردووە، ئەزموونی سەربازی و شارەزایی سەربازییان هەیە.

سەرباری هەر دۆخێک، پێش ناردنیان بۆ یەکینەکانیان، بانگهێشتکراوان ڕاهێنانی سەربازی زیاتریان پێدەکرێ، بەشێوەیەک ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی لەبەرچاو بگیرێ. مەرسومی بانگهێشتکردنی هێزی یەدەگ واژۆکرا، بەو پێیەی یاسا دایناوە، من ئەمڕۆ هەڵدەستم بە پێڕاگەیاندنی هەردووک ئەنجوومەنی دۆما و ناوەندی بەو بڕیارە، دەستپێکردنی سەفەربەری ڕۆژی 21 سێپتێمبەر دەستپێدەکات. من ڕێنمای هەموو بەرپرسانی هەرێمەکان دەکەم هەموو پشتگیریەکی پێووست بۆ دەسەڵاتە سەربازییەکان دابین بکەن.

دەمەوێ بەشێوەیەکی تایبەت دڵنیای بدەم کە ئەو هاووڵاتیانەی ڕوسیا ئێستا لە ئەنجامی بانگهێشکردنیان دەچنە ناو خزمەتی سەربازی، هەمان مووچە و ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتی تری سەربازانی کاتیی پرۆفیشناڵ وەریدەگرن ئەوانیش وەریدەگرن.

مەرسومەکەی تایبەت بە سەفەربەری بەشی( التعبئە الجزئیە) گرتنەبەری زیاتر بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی چەکدارکردنی حکومی لە خۆ دەگرێ. سەرۆکی کارگەکانی پیشەسازی بەرگری بەرپرسیاریەتی ڕاستەوخۆ دەگرنە ئەستۆ لە جێبەجێکردنی ئەرکی پەیوەندیدار بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک و پێداوویستی سەربازی و پێشخستی توانای بەرهەمهێنانی زیاتر. حکومەت دەستبەجێ هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ماددی و دارای بۆ کۆمپانیاکانی بەرگری و دابینکردنی ماتریاڵ چارەسەر دەکات.

 

هاوڕێیانی خۆشەوویست !

 

ڕۆژئاوا لە سیاسەتی هێرشکارانەی خۆیدا لە دژی ڕوسیا، هەموو پێوانێکی لە دەستداوە. ووڵاتی ئێمە و گەلی ئێمە بەردەوام دووچاری ووتەی ناشیرین دەبنەوە. تەنانەت هەندێک لە سیاسیە نابەرپرسەکانی ڕۆژئاوا، باس لە پێدانی چەکی سیستەمی هێرشبردنی دوور مەودا بە ئۆکرانیا دەکەن، ڕێگای پێدەدا هێرش بکاتە ئامانجەکان لە نیمچە دورگەی قرم و ناوچەکانی تری ڕوسیا.

هێرشی تیرۆری بەو شێوەیە بەکردار لە شارۆچکەکانی نزیک سنور لە ناوچەکانی بێلگۆرۆد و کورسک ئەنجام دەدرێت، بە بەکارهێنانی چەکی ڕۆژئاوا، لەو شتانەی تریش، ئۆپەراسیۆنی چاودێریەکانی ناتۆ بە بەکارهێنانی تەکنیکی مۆدێرن، فڕۆکە و کەشتی و سەتەلایت و درۆنی ستراتیجی لە ئێستادا سیخوڕی بەسەر باشوری ووڵاتەکەمان دەکات.

 

بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە  واشنتۆن و لەندەن و برۆکسێل، هانی کیێڤ درا، شەڕ بگوازێتەوە ناو خاکی ئێمە، ئیتر نایشارنەوە ڕاستیەکەی دەیانەوێت بە هەموو ئامرازەکانی بەردەستیان لە گۆڕەپانەکانی شەڕ شکست بە ڕوسیا بێنن، پاشان بێبەشی بکەن لە سەروەری سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و گشتیەکان، دەیانەوێ ووڵاتەکەمان بە تەواوەتی تاڵان بکەن .

شەرم ناکەن لە گاڵتەجاڕی ئەتۆمی، من شتێکم لانیە تەنیا هێرشی سەر ناوەندی ئەتۆمی زاپۆرۆژیا کە لەلایەن ڕۆژئاوا هاتە وروژاندن  کە لەوانەیە ببێتە هۆکاری کارەساتێکی ئەتۆمی. هەندێک لە نوێنەرە باڵاکانی ووڵاتانی ناتۆ لێدوانیان دابوو سەبارەت بە ڕێگا پێدان و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی لە ناویاندا چەکی ئەتۆمی دژی ڕوسیا.

دەمەوێ بەبیری ئەو کەسانە بێنمەوە کە دەوێرن ئەو جۆرە لێدوانانە بۆ ڕوسیا بدەن، ووڵاتەکەمان خاوەن سیستەمی چەکی بەهێز و جیاوازە، هەروەها هەندێک لە پێکهاتەکانی نوێترە لەوەی کە ناتۆ بەکاری دەهێنێت . یەک پارچەیی خاکی ووڵاتمان بکەوێتە مەترسی، ئێمە دوودڵ نابین بۆ پاراستنی خاکی ڕوسیا و گەلی خۆمان هەموو ئامرازێک لە دەستماندابێت بەکاری دێنین ئەوەش خاپاندن(خدعە) نیە.

ئێوە هاووڵاتیانی ڕوسیا دەتوانن دڵنیابن: بەرگری دەکەین، دەمەوێ جارێکی تر دڵنیای بدەم لەسەر سەلامەتی هەرێمایەتی ووڵاتەکەمان، سەربەخۆییمان و ئازادیمان بە هەموو ئامرازێکی بەردەستمان. ئەوانەی بە چەکی ئەتۆمی دەمانتۆقێنن پێوویستە بزانن با بە ئاڕاستەی ئەواندا دەسوڕێ.

ئەوە بەشێکە لە کاراکتەری مێژووییمان، ئەو کەسانەی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی جیهان دەدەن بیانوەستێنین، ئەوانەی هەڕەشەی دابەشکردن و کۆیلەکردنی ووڵاتمان، ووڵاتی دایک، نیشتمانمان بکەن، ئێستاش هەمان شت دەکەین، لەوە دڵنیابن.

من باوەڕم بە پشتگیری ئێوەیە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی کریملن

لە زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدراوە

  • 1