ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو ستایلە لە لیباس و جلباب و حیجاب و نیقاب و توزانم باب و چی و چییەی ئێوە، هەرگیز جلی دایک و خوشک و داپیرانی ڕەسەنی ئێمه نەبووە و ناشبێت.

ئەو لیباسە ئیخوانی و لەچکە سیاسیەی ئێوەو بازرگانانی ئایین، لە بازاڕەکانی عوکاز و دەوحە و شاریقە و تۆرە و بۆرەو قەندەهار و قەتەر و کوێ و کوێ هاوردەی دەکەن بۆ نەوەکانی میترا و ماد و ڕۆڵەکانی حەپسەخانی نەقیب و لەیلا قاسم و ڕەوشەن بەرخان، بەو ڕۆڵە داماو لە خشتەبردرا و بێ هۆشکراوەی دەفرۆشنەوە!

بۆیە ئێوەی ئیسلامی سیاسیی دواین کەسن باسی جلی ڕەسەنی ژنی کورد و، کوردایەتی بکەن. ئاخر ئەوە کار و ئەرکی ئێوە نییە کە بێن و کار لەسەر کورد بوون بکەن.

ئێوە مەعدەنتان دیارە کەچین و لە کوێ ئاو دەکرێت بە ئاشی ئیدەلۆجیاکەتان..من لە مێژە گوتوومه: کە هەرگیز، گلەیی کورد بوون لە ئێوە ناکەم و چاوەڕێی ئەوە ناکەم ئەمیر و ئەمیندار و ڕابەرەکانی ئیسلامی سیاسی و دەروێشەکانیان بێن و ببن بە پاڵەوانی هەستی ناسیۆنالیستی، ببن بە خانی و جەلادەت بەدرخان و قازی و نەتەوەپەروەری تەمام عەیار.

گەر ئێستا لە ژێر دیفاکتۆ و ئەمری واقیعدا، جار و بار، لێرە و لەوێ باس لە کورد بوون و دەوڵەتی کوردی دەکەن، دڵنیابە ئەوە هەمووی تاکتیک و فێڵ و ناچارییە. بە ڕووکەش دەوڵەتی کوردیشیان بوێت و سەدجار پشگیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمیش بکەن، درۆی دەکەن و دەوڵەتێکیان دەوێ موتوربەی دۆگمەکانی سەید قوب و بیری ئیخوانچیەتی و ئیدەلۆجیای حەسەن بەنا بێت و حوکمی مەزهەبی و فیقهێکی کلاسیکی و ئەجێندای ئیسلامی سیاسی تێدا باڵادەست و یاسا و سەروەربێت بێت.

ئینجا ئێوە، لۆمەی کۆماری سێدارە، کۆماری ئاخوند و ژینا کوژەکان مەکەن. ئێوەش دەسەڵاتتان هەبێت، هیچ جیاوازیەکتان نابێت، هەر هێندە، ئەوان بەناوی عەلی دەمانکوژن و ئێوەیش بەناوی عومەرەوە. بۆیە زۆرم لا سەیربوو کە بینیم بەشیک لە کوردە به ئیخوان بوو و ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستان، لە لایەک لەسەر ئەو لەچکە سیاسیە، لە قۆناغی جەبانی و بێ دەسەڵاتییان دێن و هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردن دەکەن لە دژی ئەو هەموو ئەو کچ و ژنانەی کە لەچکەکانیان فڕێدەدەن و دەسوتێنن، لە دادگایەک کە خۆیان پێی دەڵێن دادگای عیلمانیەت!

ئەزیزم، ئێوە ئێستا دەسەڵاتتان نییە و تەنها سکاڵا تۆمارکردنتان لە دەست دێت، دڵنیابە دەسەڵاتتان هەبێت هەمان شێوەی ژینا، هەموو ئەو خانمانە بە تاوانی لەچک فڕێدان و پیرۆزی و بێڕێزی و نازانم چی رێزی دەکوژن.

مێژوو ئەمارەتی ئیسلامی سیاسی لە هەڵەبجە و ئەزموونی بیارەو تەوێڵەتان جوانە. ئێوە هێشتا گەڕەکێکان بە دەست نییه دەتاوێت ئیدەلۆژیای خۆتان بەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان لە کوردستان بسەپێنن و بە بیانووی بێ دینی و دژە ئایدیۆلۆژیای ئیخوانیتان، دێن و داستان و بابەت و فۆلکلۆری کوردیمان لە کەرتی پەروەردە و قوتابخانە کان لادەبەن و پەل بۆ پەڕلەمان و ناو یاساکان دەهاوێژن و چوار ژنی و گانکردنی بەزۆری و چی و دەکەن بە یاسا و دەتانەوێت وڵات تەنها بە پێی میزاجی داعشیانەی ئێوە بەڕێوە بچێت و ئەجێندا هاوردە و نامۆ و ناڕەسەن و نامرۆڤانە و ناکوردانەکەی خۆتان بکەن بە ئاینی هەمووان و هەموان لە ژێر فشار و دەرکردنی بەیاننامە و سکاڵا تۆمارکردن، بێن و پێڕەوی لەو دۆکترین و بیرو باوەڕە تۆتالیتارەی ئێوەی ئیسلامی سیاسی بکەن و لە پەڕڵەمان ڕێگە نادەن هیچ یاسایەکی سەردەمیانە و مۆدێرنانە و فێمێنزمانە و مرۆڤانە و مەدەنیانە و دیموکراسیانە دەربچێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەگەر بە میزاجی ئێوە و دڵی حزبە ئیسلامیە سیاسی و ئیخوانیەکەی ئێوە نەبێت.

بۆیە دڵنیابن، جا چی لەچکی سیاسی شیعی، یاخود سونی بێت، هیچ جیاوازیەکی نییە، ئەو لەچکەی لە ئەفغانستان و سعودیا و ڕەقەو موسڵی سەردەمی داعش، ئازادی و بوونی کچ و ژنەکانی پێ دەخنکێندرێت.

ژیناکانی پێ بە سنووری مەرگ دەسپێردرێت. ئەو لەچکە سیاسیەی ئێوەی ئیسلامی سیاسی بە سونی و شیعییەوە، زەقتان کردووەتەوەو ساڵانە فێستیڤاڵی بۆ ڕێک دەخەن و لە ژێر ناوی داوێن پاکی و تاجی زێڕین و چی و چی، پیاوە ئایینی و مەڵا و بانگخوازەکانتان دێن و لە کەناڵەکانتان و لەسۆشیال میدیا و لەسەر مینبەری مزگەوتەکان وەکو ڕەمزی داوێن پاکی و هێڵێکی جیاکارەوەی نێوان ژن و کچانی داوێن پاک و ناپاکی دادەنێن.

ئینجا، لە لایەکەیتر دێن و فرمێسکی تیمساحی بۆ ژینا دەڕێژن و شیعر و هۆنراو و وتار لە دژی شیعە و کۆماری پەت و سێدارەی ئاخوندەکان دەنووسن!

پێتان دەڵێم:درۆتان فەرموو. برادەرێکی ئیسلامی شتێکی نووسی بوو، تۆلەوە گەڕێ شیعر بوو، یان میعر(تاڵ بەتاڵی بسک و زوڵف و قژت نەخشی پەروەردگارە)

ئێ برای ئیسلامی، کە تاڵ بە تاڵی بسک و زوڵف وقژی ئافرەت نەخشی پەروەردگارە، ئەی بۆچی ئێوە ساڵانە فێستیڤاڵی لەچکی سیاسی ڕێک دەخەن و ئەو هەموو تاڵە قژ و پەرچەم و بسک و زوڵف و نەخشەیەی گردگاری دەشارنەوە و دایدەپۆشن؟!

بۆچی دێن و لە فێستیڤاڵی قوڕ لەسەرنان و لەخشتەبردندا قوڕی نا هۆشیاری و سڕینەوەی نەشخەی خوداوەند بۆ کچانێکی وا دەگرنەوە؟

کە زۆربەیان تەمەن هەرزەکار و شێوە مناڵن، قوتابی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیین، نەك زانکۆ و پەیمانگاکان.

نەدەزانن ئازادی چییه و نەیش هۆشیاری. ئینجا دێن و بە خەڵک و خوا دەڵێن: گوایه بە ئازادی خۆیان ئەو بڕیارەی لەچک پۆشینیان داوە، لە کاتێکدا، مرۆڤ لەو قۆناغەی هەرزەیی فیکر و ناکامڵی تەمەنیدا، هێشتا نەخۆی ناسیوە، نەدەتوانێت ژیرانە بیربکاتەوە، نەدەزانێت مانای ئازادی چییە، نە دەتوانێت بڕیاری ساخڵەم بدات.

پاشان سەبارەت بەو فرمێسکە تیمساحیانەتان، خۆزیا و زۆر دڵخۆش دەبووم کە ببینم بەڕاستی ئیسلامی سیاسی لەو قاوغە ئیدەلۆژی و نەفەسه مەزهەبی و بۆتە داخراو تونێلە تاریک و تەسکەی بیرکردنەوە بێنە دەرو چیتر کوردانەو مرۆڤانە بیربکەنەوە. وەلێ ئەفسووس، ئیسلامی سیاسی و کوردایەتی و مەردایەتی و مرۆڤایەتی کوجا و مەرحەبا.

مەگەر لەخەون! ئینجا دڵگران مەبن گیانە کە واتان پێ دەڵێین. ئاخر، ئێوە سروشتی فیکر و ئیدەلۆجیاکەتان وایە.، کە ناتوانن کوردانە و مرۆڤانە و لیبڕاڵانە بیربکەنەوە و لەو قەپێڵکە ئیخوانی و ئیسلامیە سیاسی و تێگەیشتنە سەلەفیانە و کۆنەپەرستانەی سەدەکانی ناوەڕاست بێنە دەر.

پاشان ئیدەلۆژیاو بیرو باوەڕ و عەقیدەی ئیسلامی سیاسی زۆر کەم و نزم و خوار وخێچ و نامرۆڤانە لە ژن و مرۆڤ و ژیان دەڕوانێت.

ئێ ئێوە تا لە بۆتەی ئەو عەقیدە و ئیدەلۆجیا و بیرو باوەڕەتان نێنە دەر و سنووری ئەو تێگەیشتنە مێژوویی، حزبی، ئیدەلۆژی و مەزهەبیە جێ نەهێڵن، چۆن دەتوانن مرۆڤانە و باڵایانە و مەولانا ئاسا، یۆنیرڤێرساڵانە بیربکەوە؟!

وەڵا ڕەنگبێت هەشتان بێت ویژدانی زیندوو بێت و هەر بەڕاستی بۆ ژینا گریابێت، بەڵام ئەوە فتیرەتە سەلیم و ویژدانە زیندووەکەی خۆیەتی کە بە شێوەیەکی کاتی و کورت بە ئاگاهاتووەتەوە، گەرنا ئەو گریان و فیغانە لە حەقیقەتدا فڕی بەسەر بیرو باوەڕی ئێوە وە نییە.

عەقیدەی ئیخوانی هەستی کوردایەتی و مرۆڤ بوون لە ناخی تاک خەفەدەکات. ئێ چۆن دەبێت تۆ بیر و باوەڕەکەت لەسەر ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری ئایینی و ڕقی ئیدەلۆژی دامەزرابێت و عەقیدەی حزبیت لێوان لێو بێت لە بەکەم سەیرکردنی ژن و ژیان و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و لێبووردەیی و فرەیی، ئینجا بێیت و باسی مرۆڤ بوون و خۆشەویستیش بکەیت!

چۆن تۆدەستێکت چەقۆ بێت و باوەڕت بە سەر بڕین و دەست و پابڕین و ڕەجمکردجی مرۆڤ هەبێت و دەستەکەیتریشت گوڵ بێت؟!

ئینجا ئێوە، گەر ڕاستدەکەن و شەڕەکەی ئێوە، شەڕی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی سونی نییە لە دژی ئیسلامی سیاسی شیعی و شیوەن و ڕۆڕۆتان بۆ هەریسەکەیە، نەک حوسێن، ئەی ئەو هەموو کچ و ژن و ڕوڵەی کورد لە ناوچەی سوری ئامەد، نسێبین، گەڤەر، سلۆپی، جزیرا بۆتان، عەفرین و گرێ سپی وسەرێ کانی لەسەر دەستی عەدالەو تەنمیە ئیخوانیەکەی ئۆردوگان و ئەو تیرۆرستانەی بەرەو نووسرەو ئەو توندڕۆ داعشانەی ئۆردوگان ئاو دەخاتە ئاشەکەیانەوەو پەروەردەیان دەکات، بۆ نقەتان لێوە نەهات؟

یان وەکوو(کاکە بەرزان شێخ عۆسمان) وتەنی"زیاتر ئەوەی خوشكانی ئەم حزبە ئیسلامییەی هانداوە بەیاننامە بڵاو بكاتەوە مەسەلەكە ئەوە نییە دژی كوشتنی ئەو ژنە هەڵوێست وەربگرێت، بەڵكو لەبەر ئەوەیە حوكمەتێكی شیعە بەرپرسیارە دەنا ئەگەر لە سعودیەی عەرەبیی یا ئیمارات یاخود قەتەڕ و توركیای ئیخوانچی بوایە ئەگەر دەستخۆشییان نەكردایە ئەوا هەر گوێیان پێ نەدەدا."و لە وتارێکیترش گووتوومەو لێرەش دەیڵێمەوە:کاکە بە خوای ئەوانە وەکو وتراوە"لَیْسَ حُبَّاً لَعلي، بَلْ کُْرهَاً لِعُمَر، )ـە بۆ ژینا، ئەو فرمێسک و شتە دەڕێژن و ئە شیعر و میعر و شتانە دەنووسن و دەهۆننەوە.

بۆیە بیرتان نەچێت، هەما شێوەی ئیسلامی شیعی، ئیسلامی سونیش، تاک و تەرا نەبێت، ئەوەیتر هەر لە دەوڵەتی ڕاشدییەوە دەست پێبکە، تا دەگات بە عوسمانیەت، خاوەنی مێژووەکی قێزەون و ناشرینترین تەجرەبەی سیاسی و نموونەی دەمارگیری و دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریەتیان پێشکێشکردووە و ئینجاو ئیسلامی سیاسی ئەوەی ئێستاش هەن، بە هەموو فۆرم و شێوازەکانی، شیعە-سونە، دوو ڕووی یەکدراون و یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوە، بۆکۆحەرام، عەدالەو تەنمیە، قاعیدە..تاد.

کامەیان ئێستا بۆینباخى مەدەنی دەبەستێت و قاوەی دیموکراسی دەخواتەوە و میانەڕەوی بە خەڵک دەفرۆشێتەوە.

بێتە سەر حوکم و دەسەڵات بگرێت بەدەستەوە، داعشترینە.

هیچ جیاوازیەکتان نییەو لە سعودیا لە ژێر ناوی(دەزگای ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر) و لە ئێران( پۆلیسی ئەخلاق) و لە ئەفغانستان :جوندەکانی ئاسمان و ئێوەیش بەناوی کۆمەڵەی (طيورالجنة) و بەرگریکردن لە ناسنامەی ئیسلامی.

دێن و ئازادی خەڵک لەقاڵب دەدەن و بە شێوازی جیا جیاو لە ژێر ناو پاساوی جیاواز، بیر و باوەڕی خۆتان دەسەپێنن و بە تۆمەتی لادان و بەڕەڵایی هەزاران ژینا دەخەنە قەفەس و شەهید دەکەن.

ئێوەی دەمارگیر و تۆتالیتار و تاکڕەهەند، ئێستا گەڕەکێکتان بە دەستەوە نییە و دەتانەوێ کۆمەڵ و حوکومەت و یاسا و پەروەردەو وڵات هەموو شتێک، ڕێک هەمووی به ڕەنگی ئیدەلۆژیا و ئەجێندان خۆتان ڕەنگ بکەن و عەقیدەی حزبی و ئیخوانیتان لە خەڵک و خوا بکەن بە مێردەزمەی سەر ملی هەموان و هەموان ناچاربکەن پێڕەوی لێبکەن!

ئێوەی ڕاسیزم و تاکڕهەند هێشتا هیچ نین، ناتوانن چوار کچە مۆدێل و سێ لسب و دوو هۆمۆسێکشواڵ قبوڵ کەن و کێچ دەچێتە کەوڵتان و لە دژیان و لە کەناڵەکانتان و لە مینبەرەکانتان و لە سۆشیال میدیا دەکەن بە ڕۆژی حەشر و خەڵک و خوا و مێگەڵیان لێ هاندەدەن.

ئەی ئەوکاتەی کە دەسەڵاتتان بوو دەبێت بێن و داعشانە چیان بەسەربێنن؟

جا لە هەمووی گاڵتەجاڕتر، لە پەیجێکی ئیسلامی سیاسی بینیم، پەیجێکی ئیخوانی و ئیسلامیە سیاسیەکان کە ناوی(دەنگی مامۆستا و شتی) لەخۆی ناوە، کە لە ڕاستیدا دەنگی ئیخوان و ئیسلامیە سیاسییەکانە و شەوڕۆژ دژی پێکەوە ژیان و پلورالیەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ کاردەکات و، بیر و باوەڕ و پەیام و شتی ئیخوانی و ئیسلامیەسیاسیەکان بڵاو دەکاتەوە و لەوێ پۆستێکیان کردبوو"په‌رله‌مانتار، هه‌لز ئه‌حمه‌د، به‌ فه‌رمی داوای لادانــی ئــاڵای هاوڕه‌گـه‌زخوازی له‌سه‌ر په‌رتوكی چاپی نوێی پڕۆگرامی "زانست بـۆ هه‌مـــووان" بــۆ پۆلــی دووی بنــه‌ره‌تی دەکات."

سەیرە! ئەو داعش بیر و تاک ڕەهەند و ناحاڵیانە هاتوون و وێنەی پەلکەزێڕەنە، کە شتێکی زانستی و دیاردەیەکی ئیلاهی و سروشتیە، لێ بووە بە ڕێکلامی هاوڕەگەزخوازی و ئەو ژنە پەڕڵەمانتارە یەکگرتووە داوای لابردنی ئەو وێنەیه دەکات هاهاها

نازانم بدەمە پڕمەی گريان بۆ ئەو جۆرە ئەقڵیتە، یان قاقا هاهاها.

دەی کەواتە بەهارێ کاتێک ئاسمان بە پەلکە زێڕینە خۆی ڕازاندەوە، بە چەقۆ هەڕەشەی لێبکەن و بیدەنە بەر تفەنگان و بڵێن:هەی ئاسمانی بێ ئەخلاق، ڕێکلام بۆ هۆمۆسێکشواڵەکان دەکەیت؟ هاهاها

هەر بەڕاستی ئەوانە بیرتەسک و مێشک داخراو جیقڵدان تەنگ و ناحاڵین و دەیانەوێ ئەو تەنانەت ڕەنگە سروشتیەکانیشمان لێ قەدەغە بکەن و بیسڕنەوە و تەنها ئەو تاقه ڕەنگە داعشیەی کە ئەوان بڕوایان پێیەتی بەسەر هەمواندا بسەپێنن!

  • 1