ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پاش جەنگی جیهانی دووهەم، هەندێك لە حوکمەتەکانی ووڵاتانی جیهان بەتایبەتی لە ئەوروپا هەوڵیان دا کە دورکەونەوە  لە هەموو جۆرە ڕەنگێکی فاشیستی و ڕەگەزپەرستێتی. بۆیە پەنایان بردە بەر بە دیموکراسیکردنی هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتەکانیان، هەوڵیان دا کە هاوڵاتیەکانیان هەر لە منداڵیەوە لە جیهانێکی دیموکراسی و ئاشتی و بێ ترسیدا گەشە بکەن. هەرچەندە چ فاشیزم، نازیزم و ڕەگەزپەرستێتی لەناو نەچوون (لە ڕستیدا لە گەشەدان، لە ووڵاتی ئیتالیا لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە کۆنە فاشیەکان لە ڕێی هەڵبژاردنەوە گەیشتنەوە دەسەڵات، ) بەڵام لە زۆر ووڵاتدا ڕادەی بەهێزیی سیستەمی دیموکراسی بە ئاشکرا دیارە. ئەبێت بپرسین ئایا ئەو هەوڵەی کە لە ڕابوردوودا بۆ بە دیموکراسیکردن تەرخان کرا، ئایا هەر بەردەوامە یان کەلێنی تێ کەوتووە؟

گەشەکردنی بێ سنووری  بوارە جیاوازەکانی جیهانی تەکنەلۆجیای ئینفۆرماتیك، ئامرازێکی زۆر بەهێزی بەخشیوە بە هەموو حوکمەتەکانی ووڵاتانی جیهان. پرۆگرامی سیخوڕی، بەرهەمێکە کە زۆر بە ئاسایی دەچێتە ناو ژیانی هەرکەسێکەوە. حوکمەتان کەی بیانەوێت ئەو پرۆگرامە لە ناو کۆمپیوتەر یان تەلەفونی موبایلی کەسێکدا دەچینن و لە دوورەوە ئاگاداری هەموو جۆرە قسە و باس و بۆچوونی ئەو کەسە دەبن. گەر ئەو تەکنەلۆجیایە بۆ پاراستنی ووڵات تەرخان بکرێت و داوەرفەرمان بدات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کەسێك بخاتە ژێر چاودێریەوە ( بە پێێ یاسا دەبێت دادوەر فەرمان بدات و ماوەی چاودێریکردنەش دیاری بکات) بە تایبەتی لە بواری تیرۆریزمی و مافیاکان و.. ئەوە بێگومان کارێکی باشە چونکە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتیەوە هەیە.

لە ڕاستیدا زۆربەی جار بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە بە بێ ئاگای دادوەرە، دەستە سیخوڕیەکان و دەزگا نهێنیەکانی حوکمەتێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە بۆچوون و گومان و ئارەزووی خۆیان هەندێ کەس دەخەنە ژێر چاودێریەوە بە بێ هیچ هۆیەکی ئاشکرا و دیار. زۆربەی جار ئەو کەسە چاودێریکراوانە بێگوناهن و دوورن لە هەموو کارێکی ناڕەوا بەرامبەر بە دامودەزگاکانی دەوڵەت. بەڵام ئەو ڕەفتارە سیخوڕیەی دەزگایەکی دەوڵەتیی کە فەرمانی دادوەری پێ نەدراوە، ئەشێ ژیانی هەر کەسێكی چاودێریکراو بخاتە مەترسی گەورەوە.هەر هاوڵاتیەك لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، لە ماڵی خۆیدا دەبێت سەربەست بێت لە بوچوون و حەز و ئارەزووەکانیدا. گەر هەموو نهێنیە تایبەتیەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو هاوڵاتیە ئاشکرا بێت لای چەند کەسانێك ئەوە بێگومان ئەو هاوڵاتیە دەبێتە کۆیلەی چاو لێ سورکردنەوەی دەستەی چاودێریکەر.

یەکێك لەو پرۆگرامە سیخوڕیانەی کە بە زۆربەی ووڵاتانی جیهان فرۆشراوە، ناوی پرۆژەی پیگەسوسە لەلایەن کۆمپانیای Nso ی ئیسرائیلیەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەهەمان شێوە ووڵاتانی ئیتالیا و نەمسا و چەندی دی ئەو جۆرە پرۆگرامە بەرهەم دەهێنن و دەیفرۆشن بە هەموو جۆرە حوکمەتێك، جا ئیتر ئەمانەی دوایی چۆن ئەو پرۆگرامە بەکاردەهێنن ئەوە کێشەی فرۆشیار نیە. تەنانەت کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو گوگڵ googl چەند جارێك تەلەفونی چێندراوی ئاشکرا کردووە و سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.

ئەبێ ئەوە بزانین کە چاندنی تەلەفونی موبایل یان کۆمپیوتەر مەرج نیە کە تەنها لەلایەن حوکمەتی ووڵاتەکەی هەر هاوڵاتیەکەوە بێت، ئەشێ تەلەفون یان کۆمپیتەری هاوڵاتیەکی کورد لە لایەن دەوڵەتێکی دیەوە بچێنرێت. ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئەو کارە ناڕەوایە ئاسان نیە. لەهەمان کاتدا، لەمساڵانەی دوایدا بینیمان کە سیخوڕەکانی ووڵاتێك بەبێ ترس و لێپرسینەوە دەتوانن هاوڵاتیەکی ووڵاتیەکەیان لە ووڵاتێکی دی لەناوبەرن و بگەڕێنەوە بۆ ووڵاتەکەی خۆیان.

بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە پرۆگرامە سیخوڕیانە بێ گومان بە کەڵکە بۆ چاودێری هەر ووڵاتێك کە مەترسی تیرۆریزمی لەسەر بێت بە تایبەتی. بەڵام بەکارهێنانی ئەو پرۆگامانە بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە بێ ڕەزامەندی و فەرمانی دادوەر دەزگاکانی دەوڵەت دەخاتە بەر شەپۆلی ئەنارکیزم. هەر فەرمانبەرێکی دەزگایەکی نهێنی دەبێ لەوە تێ بگات کە نابێت لە چوارچیوەکانی یاسا بپەڕێتەوە. بە داخەوە لە ووڵاتە ئۆتۆکراسیەکانی جیهاندا پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و چاودێریکردنی دەستەی ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت لەناوبردنی کەسانی دژ بە ڕژێم، هەروەکو بایەك دێ و دەڕوات. جێی سەرسوڕمان نیە کە چاودێریکردنی نایاسایی هەندێك لە هاوڵاتیان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا ئەنجام دەدرێت و بێ گوێدان بە یاسا. ئەمەش بە ئاشکرا ئەوە دەردەخات کە ئەمڕۆ لە گشتی ووڵاتانی جیهاندا دیموکراسی تا دێت لاوازتر دەبێت، زۆری حوکمەتەکان بە ئارەزوی خۆیان مافی هاوڵاتیەکانیان پێشێل دەکەن. ووڵاتانی ڕؤژئاوا کە تا دوێنێ دەهۆڵی ماف و دیموکراسیان لێ دەدا، ئەمڕۆ ئەوانیش کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن لە بواری پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیەکانیان.

لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا کە بە ڕووکەش دیموکراسین، تیرۆریزمی ئیسلامی ڕی خۆشکەر بوو بۆ دەزگا سیخوڕیەکانیان کە لە زۆربەی هاوڵاتیە بیانیەکان بکۆڵنەوە بە بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری دادوەر.

  

  • 1