کاتێک پانتایی سەوزایی گەڕەکەکانی شارەکەم بەمۆلیدەی حکومی داگیر کراوەو ڕۆژانە من و منداڵەکانم و قوتابیەکانم دووکەڵی ڕەشی ژەهراوی و شێرپەنجەیی هەڵئەمژین، ئەمە کیمیابارانی دوژمن نییە، کیمیابارانی هێمنانە و مننەتبارانەی حاکمی کوردانە،کە شانازی بە بەرهەمهێنانی پزیشک و کەسانی ئەکادیمییەوە ناکەم،
شانازی بە ژمارە و باق و بریقی نەخۆشخانەکانی شارەوە ناکەم، کاتێک بازاڕمان پڕبووە لە کاڵای ژهراوی و دەرمانی ساختە و هیچ خواردنێکمان سەلامەت نییە و کاری بوارە پزیشکێکان بۆتە قۆڵبڕین و ڕوتانەوەی خەڵک ئەمەش کوشتنی میللەتێکە بۆ هەڵئاوسانی گیرفانی گەورەکانی.
شانازی بە ژمارەی مزگەوت و دینداری ئەم میللەتەوە ناکەم، کاتێک میللەتەکەم زبڵ و خاشاکی دەکاتە ناوەڕاستی گەڕەک و زمانی جوێن و دووفاقی بۆتە ڕەوشتی باڵای.
بۆ نمونە لەقەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و لەگەڕەکی شەهیدان نزیک سەدماڵەکە، پانتایی سەوزای گەڕەک کە لەلایەن شارەوانییەوە پشتگوێ خراوە و بۆتە شوێنی بورج و مۆلیدە و پارکی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر و خەریکی بینای مزگەوتێکیشن.
پرسیارەکە ئەوەیە، بەس بزانم چۆن باسی ژینگە و پلان و پاکوخاوێنی و تەندروستی بکەم بۆ منداڵ و قوتابێکانم؟ کە دوو قوتابخانەی بنەڕەتیی لێیە ئەو شوێنە بوونی هەیە و ئەو ژینگە وێرانە هەیە.