ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەرگێڕانی : عەبدوڵڵا خالید

 

کۆنگرەی گشتی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ، لە لایەن ئەنجومەنی کارگێڕی کاری نیودەوڵەتیەوە بانگهێشتکرا بۆ کۆبوونەوە لە جنێف، کە هەڵسا بە ئەنجامدانی خولی دانیشتنی سی و یەکەم لە ١٧ حوزەیرانی سالێ ١٩٤٨ ؛

کە برێاریدا لە شێوەی رێککەوتننامەیەک هەستێ بە پەسەندکردنی کۆمەڵێک پێشنیاری تایبەت بە ئازادی سەندیکایی و پاراستنی مافی رێکخستن، کە بووە بابەتی بەندی حەوتەم لە خشتەی کارەکانی ئەم خولی دانیشتنەدا؛

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دیباجەی دەستوری رێکخراوی نێودەولەتی کار باس لەوەدەکات کە " دداننان بە بنەمای ئازادی سەندیکایی" ئامرازێکە بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار و بەرقەرارکردنی ئاساییش؛

کۆنگرەی گشتی پێی وایە ڕاگەیاندنی فیلادلفیا جارێکیتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە " ئازادی بیروڕاو ئازادی بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوە دوو کۆڵەگەن کە ناتواندرێ پشتیان پێنەبەسترێ بۆ هەڵکشانی ئاستی پێشکەوتن":

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆنگرەی کاری نێودەوڵەتی لە دانیشتنی سێیەمدا بەکۆی دەنگ ئەم بنەمایانەیان پەسەندکرد کە پێویستە ببن بە بناغەیەک بۆ رێکخستنی نێودەوڵەتی؛

لەکاتێدا کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە خوڵی دووەمی خۆیدا دانی بەم بنەمایانەدا نا، داوای لە رێکخراوی نێودەوڵەتی کارکرد کە بەردەوام بێت لە هەوڵ و کۆششەکانی لە پێناو ئەنجامدانی رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی یان زیاتر،

لەمڕۆژەدا، ٩ تەمموزی ساڵی ١٩٤٨ ئەم ڕێککەوتننامەیەی پەسەند کرد، کە پێی دەگوترێت رێککەوتننامەی ئازادی سەندیکایی و پاراستنی مافی رێکخستن، ١٩٤٨:

بەشی یەکەم : ئازادی سەندیکایی

ماددەی ١

هەموو دەوڵەتێکی ئەندام لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بەڵێندەدات کە ئەم رێککەوتننامەیەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت بە بەرکاربوونی ئەم ئەحکامانەی خوارەوە.

ماددەی ٢

هەریەک لە کرێکاران و خاوەنکاران بەبێ جیاکاری مافی ئەوەیان هەیە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێش وەختە ئەو رێکخراوانە دروست بکەن کە هەڵیان دەبژێرن، هەروەها مافی ئەندامبوونیان هەیە تیایاندا، بەمەرجی پابەند بوون بە رێنمایی و پەیڕەوی ناوەخۆیی ئەو رێکخراوانەوە.

ماددەی ٣

1- هەریەک لە رێکخراوەکانی کرێکاران و رێکخراوەکانی خاوەنکاران مافی ئەوەیان هەیە کە هەستن بە دانانی دەستورەکانی خۆیان و پەیڕەوی کارگێڕیان، هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بە ئازادییەکی تەواوەوە، رێکخستنی کارگێڕی و چاڵاکیەکانیان، هەورەها لە ئامادەکردنی بەرنامەی کارەکانیان.

2- رێگە بەدەستەڵاتە گشتیەکان نادرێت بە هیچ جۆرە دەست تیوەردانێک کە ببێتەهۆکاری ئەوەی ئەم مافە سنوردار بکات یان کۆسپ بخاتە بەردەم پیادەکردنێکی ڕەوای ئەم مافە.

ماددەی ٤

دەستەڵاتە کارگێڕیەکان بۆیان نییە هەستن بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکانی کرێکاران و رێکخراوەکانی خاوەن کاران یان هەڵپەساردنی چاڵاکیەکانیان.

ماددەی ٥

هەریەک لە رێکخراوکانی کرێکاران و رێکخراوەکانی خاوەنکاران مافی ئەوەیان هەیە کە یەکیەتی و یەکیەتی گشتی دروست بکەن یاخود وەک ئەندام بچنە نێویانەوە، و هەریەک لەم رێکخراوانە یان ئەم یەکیەتیانە بۆیان هەیە بچنە نێوە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی کرێکاران و خاوەنکارانەوە.

ماددەی ٦

حوکمەکانی ماددەکانی ٢ و ٣ و ٤ ی ئەم ڕێککەوتننامەیە جێبەجێ دەبن لەسەر یەکیەتیەکان و یەکیەتییە گشتیەکانی رێکخراوەکانی کرێکاران و رێکخراوەکانی خاوەن کاران.

ماددەی ٧

وەدەستهێنانی کەسایەتی مەعنەوی رێکخراوەکانی کرێکاران و رێکخراوەکانی خاوەن کاران و یەکیەتییەکانیان و یەکیەتییە گشتیەکانیان ملکەچ نابێت بۆ هیچ مەرجێک کە ببێتە هۆکار و کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی حوکمەکانی ماددەکانی ٢ و ٣ و ٤ ی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

ماددەی ٨

1) هەریەک لە کرێکاران و خاوەن کاران و رێکخراوەکان ڕێز لە یاسای وڵات دەگرن لە پیادەکردنی ئەو مافانەیاندا کە لەم ڕێککەوتننامەیەدا هاتوون، لەم ڕووەوە وەک هەر هاوڵاتیەکیتر یان رێکخراوێکیتر لە قەڵەم دەدرێن.

2) نابێت یاساکانی وڵاتەکەش بۆ خۆیان هیچ ماددەو برگەیەک لە خۆبگرن کە ببنە هۆکاری هەرەشە بۆ سەر ئەم دەستەبەریانەی کە لەم رێککەوتنەدا دەقیان لەسەر هاتووە، یان بەجۆرێک جێبەجێ بکرێن کە ببنە هەڕەش بۆ سەر ئەم دەستبەریانە.

ماددەی ٩

1- یاسا و ڕێنماییە نیشتیمانییەکان هەڵدەستن بە دیاریکردنی ئاستی جێبەجێ بوونی ئەم دەستەبەریانەی، کە لەم رێککەوتننامەیەدا دەقیان لەسەر هاتوە، بە سەر هێزە چەکدارەکان و پۆلیسدا.

2- بەگوێرەی بنەمای هاتوو لە بڕگەی هەشتەمی ماددەی ١٩ ی دەستووری رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، پەسەند کردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە لەلایەن هەر دەوڵەتێکی ئەندامەوە کاریگەی نابێت لەسەر هەر یاسایەک یان حوکمێکی دادوەری یان عورفێک یان رێککەوتنێکی بەرکار کە بەهۆیەوە تاکەکانی سەربە هێزەچەکدارەکان و پۆلیس بەهرەمەند دەبن لە هەر مافێک کە ئەم رێککەوتننامەیە دەستەبەری دەکات.

ماددەی ١٠

بەگوێرەی تێگەییشتنی ئەم رێککەوتننامەیە زاراوەی "رێکخراو" مانای هەر رێکخراوێکی کرێکاران یان رێکرخراوێکی خاوەن کاران دەگەیەنێت کە دادەمەزریت لە پێناوی بڕەودان بە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران یان خاوەنکاران و بەرگری کردن لێیان.

بەشی دووەم – پاراستنی مافی رێکخستن

ماددەی ١١

هەردەوڵەتێکی ئەندام لە رێکخراوی نێودەولەتی کار کە ئەم رێککەوتتنامەیەی تیادا بەرکارە، بەڵێن دەدات بە گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست و گونجاو بۆ زامنکردنی ئەوەی کە کرێکاران و خاوەنکاران پیادەی مافەکانی رێکخستنی خۆیان بکەن بەشێوەیەکی ئازادانە.

بەشی سێیەم – حوکمە جۆراوجۆرەکان

ماددەی ١٢

1- سەبارەت بەو ناوچانەی کە لە مادەی ٣٥ی دەستووری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کاردا ئاماژەیان پێکراوە بەگوێرەی هەموارکردنەوەی لە بەڵگەنامەی هەموارکردنەوەی دەستووری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار لە ساڵی ١٩٤٦ ، جگە لەو ناوچانەی کە لە بڕگەکانی ٤ و ٥ی ئەم ماددەیە ئاماژەیان پێکراوە دوای هەموارکردنەوەیان بەوجۆرەی کە باسکرا، هەر دەوڵەتێکی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە کە ئەم ڕێککەوتننامەیە پەسەند دەکات، دەبێ لەگەڵ پەسەندکردن، یان بە زووترین کات دوای پەسەندکردنی ، راگەیێندراوێک بنێرێت بۆ بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێودەوڵەتی کار کە تێیدا دیاری بکات:

a. ئەو هەرێمانەی کە لەبەرامبەریاند بەڵێندەدات بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی رێککەوتننامەکە بە بێ هەموارکردن

b. ئەم هەرێمانەی کە لەبەرامبەریاندا بەڵێندەدەات بە جیبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بەڵام بە هەموارکردنەوە، لەگەل وردەکاری هەموارکردنە ئاماژەپێدراوەکان؛

c. ئەم هەرێمانەی کە ناتواندرێت رێککەوتننامەکەی تێدا جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ دیاریکردنی هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەکە بەسەریدا؛

d. ئەم هەرێمانەی کە دەوڵەت خۆی تەحەفوز دەکات لەبارەیانەوە بڕیاربدات .

2- ئەم بەڵێنانەی کە لە بڕگە لاوەکیەکانی (ێ‌) ، (ب)ی برگەی یەکەمی ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەبەشێکی دانەبڕاو لە پەسەندکردنی ماددەکە دادەندرێت و هەمان هێزی پەسەندکردنیان دەبێت.

3- هەردەوڵەتێکی ئەندام بۆی هەیە لەهەر کاتێکدا و لە رێگەی ڕاگەیێندراوێکی دواترەوە هەستێ بە ئیلغاکردنەوەیێکی بەشەکی یان گشتی هەر تەحەفوزێک کە لە ڕاگەیێندراوی ڕەسەندا ئاماژەی پێکردوون بەگوێرەی بڕگە لاوەکیەکانی (ب) و (ج)و (د) ی بڕگەی یەکەمی ئەم ماددەیە.

4- هەر ئەندامێک، لەهەر کاتێکدا دەتوانێت بە گوێرەی حوکمەکانی ماددەی ١٦ لەم رێککەوتننامەیە بکشێتەوە، ڕاگەیێندراوێکی نوێ بنێرێت بۆ بەڕێوەبەری گشتی کە لە هەر ڕوویەکیترەوە گۆڕانکاری لە ناوەرۆکی هەر ڕاگەیێندراوێکی پێشودا بکات و دۆخی ئێستای هەر هەرێمێک بخاتە روو کە دیاری دەکات.

ماددەی ١٣

1- ئەگەر هاتوو بابەتی ئەم ڕێککەوتنە دەچێتە چوارچێوەی ئیختیصاصی دەستەڵاتەکانی حکومەتی ئۆتۆنۆمی هەر هەرێمێکی ناو وڵاتەکەوە، ئەوا دەوڵەتی ئەندام و بەرپرس لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم هەرێمە بۆی هەیە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەیدا، هەستێ بەناردنی ڕاگەیێندراوێک بۆ بەڕێوەبەری گشتی کەتیایدا دەوڵەتەکە قەبووڵی پابەندبوونەکانی ئەم رێککەوتنەبکات بەنوێنەرایەتی ئەم هەرێمەوە.

2- هەریەک لەمانەی خوارەوە دەتوانن ڕاگەیێندراوێک بنێرن بۆ بەڕێوەبەری گشتی سەبارەت بە قەبوڵکردنی پابەندبوونیان بەو ڕێککەوتننامەیەوە:

ێ‌- دوودەوڵەتی ئەندام لە رێکخراوەکە یان زیاتر سەبارەت بە هەر هەرێمێک کە دەکەوێتە ژێردەستەڵاتی هاوبەشیانەوە؛

ب- هەر دەستەڵاتێکی نێودەوڵەتی کە بەرپرسیارە لە بەڕێوبەردنی هەر هەرێمێک، بەگوێرەی حوکمەکانی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان یان هەر دەقێکی بەرکاری ترەوە، سەبارەت بە هەر هەرێمێکی لەم شێوەیەوە.

3- ئەو راگەیێندراوانەی کە بەگوێرەی دوو بڕگەی پێشوی ئەم ماددەیە ئاراستەی بەرێوەبەری گشتی دەکرێن دەریدەخەن ئاخۆ حوکمەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە لە هەرێمی پەیوەندیداردا جێبەجیدەکرین بەبی ئەنجامدانی هیچ هەموارکردنێک یان دوای ئەنجامدانی کۆمەڵێک هەموارکردن جێبەجێ دەکرێن، ئەگەر هاتوو ڕاگەیێندراوەکە باسی لەوە کرد کە حوکمەکانی ئەم ماددەیە داوی ئەنجامدانی کۆمەڵێک هەموارکردن ئەنجام دەدرێن، ئەوا پێویستە ووردەکاری ئەم هەموارکردنانە لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژەیان پی بدرێت.

4- هەر دەولەتێکی ئەندام یان دەوڵەتانی ئەندام یان دەستەڵاتێکی نێودەولەتی پەیوەندیدار مافی ئەوەی هەیە لە هەر کاتێکدا و بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی دواتر کە بەشیوەیەکی بەشەکی یان بەشێوەیەکی گشتی تەنازول بکات لە پەنابردن بۆ هەر هەموارکردنێک کە لە هەر ڕاگەیێندراوێکی پێشودا ئاماژەی پێکرابێت.

5- هەر دەوڵەتێکی ئەندام یان دەوڵەتانی ئەندام یان دەستەڵاتێکی نێودەولەتی پەیوەندیدار، هەستێ بە پاشەکشێکردن لەم ڕێککەوتننامەیە بەگوێرەی حوکمەکانی هاتوو لە ماددەی ١٦، ڕاگەیێندراوێکی نوێ بنێرێت بۆ بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی نێودەوڵەتی کار کە لە هەر ڕوویەکیترەوە گۆڕانکاری لە ناوەرۆکی هەر ڕاگەیێندراوێکی پێشودا بکات، دۆخی ئێستا بخاتە ڕوو سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە.

بەشی چوارەم – حوکمەکۆتاییەکان

ماددەی ١٤

پەسەندکردنە فەرمیەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە دەنێردرێن بۆ بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی کاری نیودەوڵەتی بۆ تۆمارکردنیان.

ماددەی ١٥

1- ئەم رێککەوتننامەیە تەنها دەوڵەتانی ئەندام لە رێکخراوی نێودەولەتی کار کە پەسەندکردنەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیەوە تۆمارکراوە، پابەند دەکات.

2- رێككەوتننامەکە دوای بەسەرچوونی ١٢ مانگ بەسەر بەرواری تۆمارکردنی پەسەندکردنی دوو دەوڵەتی ئەندام لە لایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

3- دوای ئەمە بەرکاربوونی حوکمەکانی ڕێککەوتننامەکە بەنیسبەت هەر دەوڵەتێکی ئەندامەوە لە دوای بەسەرچوونی ١٢ مانگ بەسەر بەرواری تۆمارکردنی بەڵگەنامەی پەسەندکردنەکەیەوە دەست پیدەکات.

 

ماددەی ١٦

1- هەر دەوڵەتێکی ئەندام کە ئەم رێککەوتننامەیەی پەسەند کردووە بۆی هەیە لێی بکشێتەوە دوای تێپەربوونی ماوەی دە ساڵ بەسەر مێژووی بەرکاربوونیەوە، ئەمەش لە رێگەی بەڵگەنامەیەکەوە کە دەنێردرێت بۆ بەرێوەبەری گشتی نووسینگەی نێودەولەتی کار بەمەبەستی تۆمارکردنی، وئەم کشانەوەیە بەرکار نابێت تاکو دوای تێپەربوونی ساڵێک بەسەر مێژووی تۆمارکردنییەوە.

2- هەر دەوڵەتێکی ئەندام کە ئەم رێککەوتننامەیەی پەسەندکردووە و مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیەکەی بەو جۆرەی کە لەم ماددەیەدا هاتووە لەماوەی ساڵێکی داوی تێپەڕبوونی ماوەی دەساڵی ئاماژەپێکراو لە بڕگەی پێشوو، پیادەنەکردوە، ئەوا بە پابەندی دەمێنێتەوە بۆ ماوەی دەساڵیتر، و دوای ئەوە دەتوانێت دوای تێپەربوونی ماوەی هەر دەساڵێک ئەندامێتیەکەی لەم ڕێککوتننامەیەدا هەڵبوەشێنێتەوە، بەگوێرەی ئەم مەرجانەی کە لەم ماددەیەدا هاتوون.

ماددەی ١٧

1- بەڕیوەبەری گشتی نووسینگەی نێودەولەتی کار هەڵدەستی بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم دەوڵەتە ئەندامەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کار سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی سەرجەم پەسەندکردنەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیان کە لە لایەن دەوڵەتانی ئەندامەوە ئاڕاستەی دەکرێن.

2- دوای ئاگادارکردنەوەی دەوڵەتانی ئەندام بە تۆمارکردنی بەڵگەنامەی پەسەندکردن، بەڕێوەبەری گشتی هەڵدەستێت بە راکێشانی سەرنجی دەوڵەتانی ئەندام لە رێکخراوەکە بۆ بەرواری بەرکاربوونی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

 

ماددەی ١٨

بەڕیوەبەری گشتی نووسینگەی کاری نێودەوڵەتی هەڵدەستێت بە ناردنی داتاو زانیاری تەواو، سەبارەت بە سەرجەم بەڵگەنامەکانی پەسەندکردن و یادداشتەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی کە هەڵساوە بە تۆمارکردنیان، بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ئەویش بە گوێرەی ناوەرۆکی ماددەی ١٠٢ میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان هەستێت بە تۆمارکردنیان.

ماددەی ١٩

ئەنجومەنی کارگێڕی نووسینگەی نێودەوڵەتی دوای بەسەرچوونی ماوەی هەر دە ساڵێکی دوای بەرکاربوونی ئەم ڕێککەوتننامەیە، هەروەها سەیری ئەوە دەکات ئاخۆ پێویست بەوە دەکات بەشێوەیەکی بەشەکی یان بەشێوەیەکی گشتی بابەتی پێداچوونەوە بەڕێککەوتننامەکە بخرێتە نێو خشتەی کارەکانی کۆنگرەوە یان نا.

ماددەی ٢٠

1- ئەگەر هاتوو کۆنگرە پەسەندی رێککەوتننامەیەکی نوێی کرد کە هەڵدەستێت بە پێداچوونەوە بەشێوەیەکی بەشەکی یان گشتی ، رێککەوتننامەی نوێ هیچ دەقێکی نەبوو بەپێچەوانەی ئەمە-

(ێ‌) پەسەندکردنی رێککەوتننامەی نوێی پێداچوونەوە لە لایەن دەوڵەتی ئەندامەوە، بەگوێرەی یاسا ، بە چاوپۆشین لە حوکمەکانی ماددەی ١٦ ی پێشوو، هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی لەم ڕێککەوتننامەیەدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەمەرجێک ئەم رێککەوتننامەی نوێیەی پێداچوونەوەکە، هاتبێتە واری جێبەجێکردنەوە.

(ب) لە بەرواری بەرکاربوونی رێککەوتننامەی نوێی پێداچوونەوەکەدا، دەرگای پەسەندکردنی رێککەوتننامە هەنووکەییەکە دادەخرێت.

2- ڕێککەوتننامە هەنووکەییەکە، بە هەر شێوەیەک بێت، لە ڕووی شکڵ و ناوەرۆکەوە هەر بە بەرکاری دەمێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە ئەندامانەی کە رێككەوتنامە هەنوکەییەکەیان پەسەندکردووە بەڵام رێککەوتننامەی پێداچوونەوەکەیان پەسەند نەکردووە.

 

ماددەی ٢١

هەردووک دەقی ئینگلیزی و فەڕەنسی ئەم ڕێککەوتننامەیە هەمان هێزی یاساییان هەیە.

  • 1