ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

ــ ناوی تەواوی:عەبدولرەحمان شەعبان بیرو ئاکرەیی.

ــ لە نیسانی ساڵی ١٩٤٢لە ئاکرێ(عقرە) گەڕەکی قابکی لە دایک بووە.

ــ لە ساڵی١٩٥٥ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی یەکەمی ئاکرێ(مدرسة عقرة الاولی) تەواوکردووە.

ــ ساڵی (١٩٥٦-١٩٥٨)خوێندنی ناوەندی لە (المتوسطة الغربیة) لە موسڵ خوێندووە.

ــ لە ساڵی١٩٥٩دا پەیوەندی بە خانەی مامۆستایان کردووە لە موسڵ،ساڵێک لەوێ خوێندوویەتی،بەڵام بەهۆی نالەباری بارودۆخی سیاسی شاری موسڵ لەو کاتدا،خوێندنەکەی گواستۆتەوە بۆ خانەی مامۆستایانی هەولێرو لە ساڵی١٩٦٢ تەواوی کردووە.

ــ یەکەمین دامەزراندنی بە مامۆستا لە١٤-١٠-١٩٦٢ بوو لە قوتابخانەی سرێشمە، ناحیەی خەلیفان.

ــ دوو ساڵ لە (قوتابخانەی هەرکی کۆچەر) لە گوندی قەفەر سەر بە ناحیەی بەحرکە باکووری شاری هەولێر خزمەتی کردووە.

ــ دوای ئەوەی ماوەی سێ ساڵی وەکو مامۆستا لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواوکردووە،بۆ پارێزگای نەینەوا گوازراوەتەوەو لە قوتابخانەی دووەمی ئاکرێ(مدرسة عقرة الثانیة) بۆ ماوەی سێ ساڵ دەوامی کردووە.

ــ لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ قوتابخانەی یەکەمی عەقرە گوازراوەتەوە، ماوەی (٣٨) ساڵ لەم قوتابخانەیە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.

ــ لە ساڵی١٩٩٢ کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی ، ماوەی(١٦) ساڵ وەکو بەڕێوەبەری قوتابخانە خزمەتی کردووە.

ــ لە ماوەی خزمەتیدا زۆر وانەی تەدریبی لە زمانی عەرەبی بۆ مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی گوتۆتەوە لە قەزای ئاکرێ.

ــ زیاتر لە (٤٠) نامەی سوپاس و ڕێزلێنانی پێشکەشکراوە، بە هۆی سەرکەوتوویی لە ووتنەوەی وانەی زمانی عەرەبی و ئەنجامە باش و پێشکەوتووەکانی قوتابیانی لە وانەی زمانی عەرەبیدا.

ــ دوای (٤٤) ساڵ خزمەتکردن لە بواری پەروەردەو فێرکردندا، لە ساڵی٢٠٠٦ خانەنشین کرا..ئێستا لە شاری ئاکرێ دەژیت .

ژیان و خەباتی سیاسی و نیشتمانی

ــ لەو کاتەی قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە لە شاری موسڵ ئاشنایەتی لەگەل حیزبی شیوعی عیراق پەیدا کردووە،لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی١٩٥٦دوا بە دوای دەستدرێژی سێ قۆڵی بۆسەر وڵاتی میسر .

ــ لە ساڵی١٩٥٧بۆتە دۆستی حزب و لە ١٩٥٩ شەڕەفی ئەندامێتی لە حیزبی شیوعی عیراق پێدراوە.

ــ لە ساڵی١٩٥٧ ڕۆژنامەی ناوەندی حزب (اتحاد الشعب) ی خوێندۆتەوە. تاکو ئێستا یەکەمین سەر وتاری ڕۆژنامەکەی لە بیرە کە بە ناونیشانی:( ئاشتی نەک شەڕ، ژیان نەک وێرانکردن) بوو .

ــ لە سەرەتای شەستەکان لەو کاتەی قوتابی بووە لە خانەی مامۆستایانی هەولێر،لە کاری حزبیدا بۆتە ئەندامی لێژنەی قاعیدی،بەرپرسی لێژنەکەشیان قوتابییەکی کۆیی بوو بە ناوی عەزیز حوسێن،ئەندامانی لێژنەکەش ئەم تێکۆشەرانە بوون:( لەشکری یابە، ئەحمەد شێخۆ، عەبدولرەحمانی شەقڵاوەی،حەمیدی ڕانیەی، عەبدولرەحمان ئاکرەیی). هەندێک لەم ناوانە بوونە کەسایەتی ناودار لەناو حیزبی شیوعی.

ــ لە ساڵی١٩٦٢ سەرۆکایەتی شاندێکی قوتابییای کردووە بۆ چاووپێکەوتن لەگەل بەدرەدین عەلی پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر، کە زۆر دژایەتی پێشکەوتنخوازانی دەکرد. شاندەکە داوای لە پارێزگار کردووە ئەو قوتابییە دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکرێن کە بە هۆی بەشداربوونیان لە ئاهەنگی نەورۆز دەستگیرکرابوون. ئاهەنگەکەش یەکێتی گشتی قوتابیان لە دەشتی هەولێر لەسەر ڕێگای دیبەگە ڕێکی خستبوو.

لە ئەنجامی ئەم چاوپێکەوتنە لەگەل پارێزگار هەموو دەسبەسەرکراوەکان ئازاد کران.

ــ هاوڕێ عەبدولرەحمان بەرپرسی ڕێکخستنەکانی حیزبی شیوعی بوو لە قەزای ئاکرێ لە ماوەی نێوان١٩٦٣ تاکو١٩٧٨ ، لە هەمان کاتدا ئەندامی لێژنەی محەلی حیزبی شیوعی بوو لە پارێزگای نەینەوا لە ساڵی١٩٦٧ تاکو ١٩٧٥.

ــ لە ساڵی١٩٧٥ لێژنەی محەلی دهۆکی حیزبی شیوعی دامەزراوە،مامۆستا عەبدولرەحمان بۆتە ئەندامی ئەم محەلییە.

ــ لە هەڵبژاردنەکانی مامۆستایاندا ساڵی١٩٦٨ ئەندامی لیستی مامۆستا پێشکەوتنخوازەکان بووە،وەکو نوێنەری حشع. لیستەکەش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

ــ ئەندامی کۆنگرەی گشتی مامۆستایانی عیراق بوو لە هەردوو ساڵی١٩٧٢ و ١٩٧٣ .

ــ لە ماوەی نێوان(١٩٧٤-١٩٧٧) وەکو نوێنەری حیزبی شیوعی بۆتە ئەندامی یەکەمین ئەنجومەنی یاسادانان لە ناوچەی کوردستاندا.

ــ لە ماوەی نێوان(١٩٧٣-١٩٧٤) لە هەموو چالاکییە جەماوەریەکان بەشدار بووەو ووتاری حیزبی شیوعی پێشکەش کردووە.

ــ لە دووەمین کۆنگرەی لێژنەی هەرێمی کوردستانی (حشع) بەشدار بووە،لەم کۆنگرەیە حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیەنرا.

ــ وەکو شیوعییەکی تێکۆشەری دێرین ،بە میوان بۆ شەشەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعی کوردستان بانگکراوە.

هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا عەبدولرەحمان ئاکرەیی دەخوازین.

  • 1