ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە پێنج ساڵیدا فێری خوێندنەوە بووم، ئەوە گرنگترین ڕووداو بوو لە هەموو ژیانمدا، ئیدی خوێندنەوە، هەم ژیانی بە خەونەکانم بەخشی و هەم ژیانی وەک خەون لێ کردم. وەک داپیرم بۆی دەگێڕامەوە، کە چیرۆکێکم دەخوێندەوە، خەمم بەوە دەخوارد کە زوو تەواو دەبوو، یان پێم ناخۆش دەبوو کە وەک من خواستوومە، وا تەواو نەبووە، بۆیە دەچووم، درێژەم بە چیرۆکەکە دەدا و وام تەواو دەکرد کە خۆم دەمخواست، وەها دەستم بە نووسین کرد. بەدرێژایی تەمەنم کەسانی دەوروبەرم لەو جۆرە بوون کە خۆشیان دەویستم، هانیان دەدام و کە گومانم لە توانای خۆم دەکرد، هەوڵیان دەدا بڕوا بە خۆم پەیدا بکەمەوە. ئەوە ئاسان نەبوو، چیرۆک بنووسیت، کە بیرۆکەیەکم بە وشە بەرجەستە دەکرد، لەسەر کاغەزەکەی بەردەستم، سیس و بێهێز دەینواند و نەمدەزانی چۆن وای بنووسم ژیانی لێ بچوڕێت.

خۆشبەختانە مامۆستا هەبوو لێیانەوە فێر ببم و شوێنپێیان هەڵبگرم. لە (گوستاڤ فلوبێر)ەوە فێری ئەوە بووم، بەهرە: زادەی ئارامگرتنی درێژخایەن و کۆڵنەدانی سەرسەختانەیە. ولیەم فۆکنەر فێری کردم، ئەوە فۆرم و بونیادن کە ناوەڕۆک دەوڵەمەند یان هەژار دەکەن. سێرڤانتس، دیکنز، بالزاک، تۆلستۆی و تۆماس مان فێریان کردم لە ڕۆماندا، مەبەست لە نووسین و پەرۆشیی بۆ نووسین، هێندەی شێواز و ستراتیژی گێڕانەوە گرنگن. سارتەر فێری کردم نووسین ڕەوتارێکە، ئەگەری ئەوە هەیە، ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت. کامۆ و ئۆروێڵ پێیان گوتم: ئەدەب بەبێ مۆراڵ، کارێكی نائینسانییە. ئەگەر ناوی هەموو ئەو نووسەرانە بهێنم کە کەم تا زۆر قەرزداریانم، ڕەنگە لە سێبەری خەستیاندا تەواو بزر ببم. ئەو نووسەرانە، ئەو هاوڕێیانەم بوون کە لە تەنگانەدا بە هانامەوە دەهاتن و بەرهەمەکانیان ئەو ئومێدەی لەکن دروست دەکردم کە هێشتا ژیان ئەوە دەهێنێت، لێی بێزار نەبیت.

بەبێ ئەو کتێبە چاکانەی دەیانخوێنینەوە، ئینسانی خراپتر لەوەی کە ئێستا هەین، دەبووین. بە هۆی شیعرەوە دەتوانین چەند جۆرێک لە ژیان بژین، هەرچەندە تەنیا یەک ژیانمان هەیە. شیعر نەبووایە، کەمتر لەوەی ئێستا هەستی پێ دەکەین، هەستمان بە ئازادی دەکرد. کە ئایینێک، ئایدۆلۆجیایەک یان ستەمکارێک ئازادیمان لێ زەوت دەکات، ئەوە شیعرە فریامان دەکەوێت. ستەمکاران دەزانن ئەگەر مەلی خەیاڵ ئازاد بێت، تووشی کێشەی گەورەیان دەکات، ئەوە بۆیە سانسۆریان داهێناوە و لێ ناگەرێن خەیاڵی نووسەر، ئازادانە لە کتێبدا بکەوێتە قسە.

ئەدەب پرد لە نێوان خەڵکانی جیاوازدا ڕۆ دەنێت و بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام کولتوورن، یەکیان دەخات. کە لە ڕۆمانی (مۆبی دیک)ی (هێرمان مێڵڤیل)دا، نەهەنگە سپییەکە زەفەر لە کاپتن ئەهاب دەهێنێت، خوێنەر لە هەر گۆشەیەکی دونیا بێت، دڵی ژان دەکات. کە ئێمما بۆڤاری ژارەکە دەخواتەوە، کە ئاننا کارنینا خۆی هەڵدەداتە بەردەمی قیتارەکە، خوێنەر بە هەر زمانێک بدوێت، سەر بە هەر ئایینێک بێت، خەم دایدەگرێت، ئاخر ئەدەب جیاوازییەکان دەسرێتەوە و سنوورەکان دەبەزێنێت، بە پێچەوانەی ئایین و ئایدۆلۆجیاوە کە ئینسانەکان لە یەکدی دوور دەخەنەوە و تەنانەت دەیانکەن بە دوژمنی سەرسەختی یەکتریش.

ئەوەندە بە ئەدەبی فەرەنسایی سەرسام بووم، بە شەوارەی کەوتبووم و خەونم بەوەوە دەدی بتوانم لە پاریس بژیم. پێم وابوو ئەوی هەوای ئەوێ هەڵبمژێت، دەبێتە ئەدیبێکی ڕاستەقینەی لە چەشنی: بالزاک، ستانداڵ، بۆدلێر یان پروست، وای بۆ دەچووم پێروو، هەر نووسەری لەنگە بەرهەم دەهێنێت. کە (بۆرخێس، ئۆکتاڤیۆ پاز، مارکیز و فۆینتس)م خوێندەوە، زانیم لاتین ئەمریکایش خاوەنی ئەدیبی مەزنە.

پێروو لە ناخمدایە، چونکە لەوێ هاتوومە دونیاوە. کە شتێکی ناخۆش لە پێروو ڕوو بدات، زیاتر دەمهەژینێت، وەک لەوەی هەمان شت لە وڵاتێکی دیکە ڕووی دابێت. ئیسپانیایشم هێندەی پێروو خۆش دەوێت، چەند خۆم بە قەرزداری پێروو دەزانم، هێندەیش سوپاسگوزاری ئیسپانیام. لەمێژە وا هەست دەکەم، ئیسپانیا و پێروو دوو دیوی هەمان شتن. لە وەختێکدا هێندەی نەمابوو، ڕەگەزنامەی پێروو لە دەست بدەم، ئێسپانیا وەڵاتینامەی پێ بەخشیم، ئیسپانیا نەبووایە، قەت نەدەبوومە، ئەو نووسەرە ناسراوەی ئێستا.

ڕقم لە هەموو فۆرمێکی ناسیۆنالیزمە، ڕقم لە ناوچەییبوون و لە کورتبینییە، تەنانەت ڕقم لە ئایینیشە. ئەوەی سەر بەم نەتەوە یان ئەو ئایینین، زادەی رێککەوتە و هیچ ڕۆڵێکی خۆمانی تێدا نییە، ئاخر لەکوێ لە دایک ببین، ئیدی سەر بەو نەتەوە و ئایینەی ئەو جێیە دەبین. نەتەوەپەرستی و شوێن ئایین کەوتن، هەمیشە تۆوی سەرهەڵدانی زەبروزەنگ بوون و نزیکەی هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە مێژوودا ڕوویان داوە، بە هۆی جیاوازیی ئایینی یان نەتەوەیییەوە بوون.

خۆشبەختانە چل ساڵێک لەمەوبەر، لەگەڵ پاتریسیای دۆتماممدا زەماوەندمان کرد، پاتریسیا (پێروو)ی منە، ئەو نەبووایە سەرگەردان دەبووم و هیچم بۆ نەدەکرا، هەر چی ئیشە ئەو دەیانکات و منیش تەنیا خەریکی نووسینم، ئەوە بۆیە ناوبەناو پێم دەڵێت: (ماریۆ تۆ تەنیا بە کەڵکی ئەوە دێیت بنووسیت و هیچی تر.) نووسین گاڵتەی منداڵان نییە، ڕێگەیەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەهاتییەکان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، بۆ ڕابوون و بە زیندوویی مانەوە. لە هەر هەلومەرجێکدا هەستم کردبێت وا خەریکە تێکدەشکێم و نائومێد دەبم، نووسین هیوای پێ بەخشیومەتەوە، نووسین تیشکی کۆتاییی تونێلەکە بووە و ئەو پارچەتەختەیەی پاپۆڕە نوقمبووەکە بووە کە بە کەناری دڵنیاییی شاد کردوومەتەوە.

نووسین کارێکی دژوارە، پێویستی بە ماندووبوونی تاقەتپڕووکێنە. ئینسان با نووسەرێکی گەورەیش بێت، هێشتا هەندێک جار کانیاوی خەیاڵی وشک دەکات وهەست دەکات ئیفلیج بووە. لای من هیچ لەوە خۆشتر نییە، کە چەندان مانگ یان ساڵ، لەگەڵ نووسینی ڕۆمانێکدا بەسەر دەبەم و ژیان بەو وێنانە دەبەخشم کە لەمێژە لە یادگەمدا ئەنبارم کردوون. کە نیگەرانییەکانم و جیهانە تەمومژاوییەکەی ناو یادگەم، بە کۆمەکی خەیاڵ لە چیرۆکێکدا دادەڕێژم، هەر ئەوەیە لە خۆشییاندا شاگەشکە نابم.

فلۆبێر دەڵێت: (نووسین ڕێگەیەکە بۆ ژیان.) نووسین ڕێگەیەکە بۆ ژیان لەگەڵ وەهم، لەگەڵ شادی و لەگەڵ بریسکەی ئاگری نێو سەر، ڕێگەیەکە بۆ کەویکردنی وشە کێوییەکان و ڕاوکردنی ئەو نێچیرەی کە دەبێتە خۆراکی خەیاڵ و ناچاریت هەر هەموو دونیای بەرینی بۆ بگەڕێیت. ئەوە سەیر نییە کە نووسەر بەدەم لەدایکبوونی ڕۆمانەکەیەوە، سەری گێژ بخوات، ئاخر خۆ ئاسان نییە، ژیان بەو هەموو کارەکتەرە ببەخشێت کە دێن و دەچن، هەڵوێست دەنوێنن و بیر دەکەنەوە، ئینجا ئاگات لە هەموویان بێت و ڕێزیان لێ بگریت و گێڕانەوەکەیشت جێی متمانە بێت.

ئەوە ئەوپەڕی ناهەقییە کە باسی ئەدەب دەکەم و هەر بیرم لای ڕۆمانە و ئاوڕ لە شانۆنامە نادەمەوە، ئاخر شانۆ یەکەمین ئەڤینی من بوو. کە بە هەرزەکاری لە (لیما) شانۆییی (مەرگی فرۆشیارێکی گەڕۆک)ی ئارسەر میللەرم بینی، خۆمی لەبیر بردمەوە و دەستبەجێ منیش درامایەکم لەبارەی هیندییە سوورەکانەوە نووسی. ئەگەر ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوو، بزاڤی شانۆیی لە لیما هەبووایە، بێ شک لەبری ڕۆماننووس، درامانووسم لێ دەردەچوو. لە نەبوونیی بزاڤی شانۆ، لە کەناری هونەری گێڕانەوەدا لەنگەرم گرت، بەڵام خۆشەویستیم بۆ شانۆ هەر بە زیندوویی مایەوە.

دونیای بێ ئەدەب، دونیایەک دەبوو بێ ئاوات و بێ داخوازی، بێ ئایدیاڵ و بێ یاخیبوون. دونیای بێ ئەدەب، دونیای ئامێر دەبوو، نەک هی ئینسان، دونیای ئینسانیش بووایە، دونیای ئینسانی بێ خەون و بێ هیوا دەبوو. ئینسانی بێ خەون کەسێکە توانای ئەوەی نییە، لە پێستی خۆی بێتە دەرەوە و ببێتە کەسێکی باڵاتر.

*

(*) گوڵبژێکە لە پەیامەکەی ماریۆ ڤارگاس یۆسا کە ٧ی دێسەمبەری ٢٠١٠ لەسەر وەختی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵدا، لە ستۆکهۆڵم پێشکەشی کرد.

(**) پیتەر لاندەلویس، تەواوی تێکستەکەی کردووە بە سوێدی.

لەگەڵمان بەردەوامبە

No description available.

 

  • 1