ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای چەندین هەڕەشە و مانۆڕی سەربازی، دواجار لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند كە پابەندن بە ڕێكەوتننامەی هاوبەشی هەر پێنج وڵاتەكەی خاوەن چەكی ئەتۆمییەوە، ئەمەش بۆ ڕێگری كردن لە دروست بونی شەڕی ئەتۆمی. هەروەها ئاماژەیان بەوەدا كە خۆیان بەدوور دەگرن لە هۆكارەكانی هەڵایسانی ئەو شەڕە.

جەنگی جیهانی یەكەم نەوەیەكی گەنجی ئەوروپای لە نێوبرد، مێژوونووسان كە لە جەنگەكە كۆڵیونەتەوە، یەك هۆكاریان بە تەنیا دەستنیشان نەكردوە بۆ هەڵگیرسانی جەنگەكە، بە پێچەوانەوە چەندین هۆكاریان ڕاڤە كردوە. لەوانە فرە جەمسەری و تەرازووی هێزەكان و سەر هەڵدانی هێزی ئەڵمانی و سیستەمەكانی هاوپەیمانێتی. پیشەسازی و هێزی ئەڵمانی سەرسوڕهێنەرانە پێشكەوت و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بووبە دوو هێندەی بەرهەمی بەریتانیا.

جەنگی جیهانی دووەم كە زۆرجار بە "جەنگی هیتلەر" ناودەبرێت، لە ڕوی ژمارەی قوربانییەوە لە هەموو جەنگەكانی پێش خۆی خوێناویتر بوو. كە سەرچاوە مێژوویەكان باس لە كوژرانی 40 ملیۆن مرۆڤ دەكەن. مێژوونووسان باس لەوە دەكەن كە جەنگی جیهانی دووەم بۆیە خوێناویتر بووە، چونكە تانك و فڕۆكە كە لە جەنگی جیهانی یەكەمدا ڕۆڵی گەورەیان نەبینیوە، لە جەنگی جیهانی دووەمدا باڵیان بەسەر جەنگەكەدا كێشا. وە لە كۆتاییەكانی جەنگەكەدا بۆمبی ئەتۆمی هاتەكایەوە و جیهان فرە جەمسەری لەدەستدا. یەكێتی سۆڤیەت و ئەمەریكا لە هەمووان بەهێزترن هاتنە دەرەوە و جاڕی دوو جەمسەری جیهانیان دا.

لە ڕاستیدا جەنگی جیهانی دووەم ئەڵقەی دووەمی زنجیرەی جەنگی جیهانی یەكەم بوو، چونكە پەیماننامەی ڤێرسای هەموو تاوانەكەی جەنگی جیهانی یەكەمی خستبوە ئەستۆی ئەڵمانیا، كە لە ساڵی 1933 هیتلەر دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەو پەیماننامەی بە سوكایەتیكردن بە ئەڵمانیا دەزانی و هەوڵی تۆڵەكردنەوەی دەدا.

ناكرێت باس لە دوو جەنگی جیهانی بكەین بەبێ پاوانخوازی و بەرژەوەندی ئابووری كە سیستەمی سەرمایەداری هێنایە گۆڕێ. قەیرانی ئابوری جیهانی و سەرچاوەی نەوت مەترسی لە سەر زۆر وڵات دروستكرد و لای خۆیانەوە ئاگرەكەیان جۆشدا. هەندێك لە وڵاتان وەك نەخۆشێك لە نێوان نەشتەرگەری و گیانەڵادا هیوایەكی كەمی ژیانیان لە بەشداری جەنگەكەدا بینییەوە.

جەنگی ساردی نێوان دوو جەمسەرەكە نزیكەی 4 دەیەی خایاند، دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت هەندێك لە بیریاران جاڕی كۆتایی مێژوویاندا، بەڵام جیهان بە تاك جەمسەری نەمایەوە و سیستەمی نوێی جیهانی لە هەناوی خۆیەوە ململانێی نوێی خوڵقاند.

جیهان لە بەردەم جەنگێكی ئەتۆمیدایە، گەرچی بەكارهێنانی ئەو چەكە وێرانكەرە زەحمەتە. گەر تەنها وڵاتانی ناتۆ، یان ڕوسیا ئەو چەكە كوشندەیان هەبووایە، مەترسییەكەی زیاتر دەبوو. لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە تا ئێستا چەندیجار ململانێكان گەشتوونەتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، كەچی هەستاون بە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكەی، یان هەر بەكاریان نەهێناوە. هەمووان لە ڕاستییە گەیشتوون چەكی ئەتۆمی هەمووان لە نێو دەبات. تیرۆری ئەتۆمی تەنیا جەنگاوەران لەنێو نابات، بەڵكو سەرزەمینێك بە تەواوی دەسوتێنێت لە كاتێكدا مەترسییە گەردوونییەكان خۆی هەڕەشە لە هەسارەكەمان دەكات، وەك تیرۆر و گۆڕانی كەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و قەیرانی ئابوری.

  • 1