هاورێ حه‌مه ره‌شید قه‌ره‌داغی له‌لای زوربه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی كوردستان ناسراوه، له به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی یه‌كه‌میان وه‌ك هاورییه‌كی شیوعی و پێشمه‌رگه له ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌كانی حزب و كاركردنی له گه‌ڵیاندا وه‌ك پێشمه‌رگه و فه‌رمانده ، دووهەمیان سه‌رۆكی كومه‌ڵه‌ی پیشمه‌رگه دێرینه‌كانی حزبی شیوعی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستانه .هاوڕێ بیره‌وه‌رییه‌كانی له كتێبێكدا بڵاو كردووه‌ته‌وه، ده‌توانین بڵێێن ئه‌م بیره‌وه‌رییانه سه‌ره‌تایه‌كی پاشه بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی تێكۆشانی هاورێیان و پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی.
** هاورێ حه‌مه ره‌شید به زمانێكی ساده‌و ئاسان باس له كه‌سایه‌تی خوێ ده‌كات و هه‌ر له منداڵییه‌وه تا نووسینی كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی و، توشی چه‌ندین كێشه‌و ده‌ربه‌ده‌ری بووه‌ته‌وه‌و هه‌ر له پاش كۆچی باوكی ئه‌ركی قورس‌تر بووه‌و بۆ په‌یداكردنی بژێوی خۆی و دایك و براو خۆشكه‌كانی روویكردووه‌ته كاركردن توانیویه‌تی ببێته به‌ڵێنده‌رو باری ئابووری مل له هه‌ڵكشان بكات و له‌و رۆژانه‌دا شاڵاوی راونان وداپڵۆسین و گرتنی شیوعییه‌كان و ئازادیخوازان له لایه‌ن حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و رژێمه خوێنمژهكهی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ین ده‌ستپێده‌كات ئه‌ویش وه‌ك هه‌زاران شیوعی و ئازادیخواز روو له شاخ ده‌كات..
** له ته‌مه‌نی لاوی‌دا په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی حزبی شیوعی عێراقەوە كردووه، له رۆژه دژوار‌و سه‌خته‌كاندا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له قه‌ره‌داغ له پێناو گه‌ل و نیشتمان و دووارۆژێكی پرشنگدار بۆ هه‌ژارو چه‌وساوه‌كان به تایبه‌ت كرێكاران و جوتیاران تێكۆشاوه ، له پاش كاری سیاسی و رێكخستن په‌یوه‌ندی كردووه به پێشمه‌رگه‌كانی حزب له { لقی ده‌ی تێكۆشه‌ر }.
** له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا هاوری باس له ئه‌زموونی خۆی ده‌كات وه‌ك پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌و سه‌رپه‌رشتی كاروباری پێشمه‌رگه وبه‌شداری كردووه له چه‌ندین شه‌رو داستان و هه‌روەها كاروباری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
** هاورێ حه‌مه ره‌شید له تۆماركردن و نووسینه‌وه‌ی مێژووی ڕووداوكان، پاش وپێشی كردووه ، بۆ نموونه له لاپه‌ره 149 ساڵی 1985 نووسراوه: به‌ره‌ی شه‌ری نێوان عێراق و ئێران كه‌وته ناوچه‌كه‌و هه‌ڵه‌بجه گیرا، به‌ڵام لە ڕاستیدا هه‌ڵه‌بجه له ساڵی 1988 له كاتی كیمیابارانه‌كه گیرا. نموونه‌یه‌كی تر له لاپه‌ره‌كانی 94 و95 هاورێ نووسیویه‌تی ، چووینه قزله‌ر شوێنی داستانی قزلهرمان بینی كه له كۆتایی ساڵی 1979 هاورێیانی لقی سلێمانی شه‌رێكی قاره‌مانانه‌یان كرد، به‌لام شه‌ری قزله‌ر له 24/3/1980 روویدا.
** هاوری حه‌مه ڕه‌شید باسی كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی حزب ده‌كات له بله بزان و بیتوش و دۆڵی موسا‌و و دولكان و قه‌ره‌داغ ، هه‌روەها باسی ژماره‌یه‌كی زۆر له شه‌هیدانی حزبی شیوعی ده‌كات .هاوری كارێكی باشی كردووه كه باس له شه‌هیده‌كانی حزبی شیوعی ده‌كات ،هەروەها باسی شه‌هیدانی حزبهكاتی تری كوردستان دەکات كه له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی حزبدا شه‌هید بوون و ئاماژه‌یان پێده‌دات.
** به هۆی گرژی و ئاڵۆزی و شه‌ری لایه‌نه كوردستانییه‌كان، حزبی شیوعی دووچاری دوو دوژمن بووه‌ته‌وه له لایه‌ك ڕژێمی دیكتاتۆری به‌غداو له لایه‌كی تره‌وه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ، هاوری چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌كی بۆ شه‌ری پارتیزانی و خۆحه‌شاردان ( ئیختیفا) ته‌رخان كردووه‌و ئه‌وه‌ش به‌شێكی گرنگ بووه له رۆژه سه‌خته‌كانی خه‌بات و تێكۆشانی شیوعییه‌كان و باسی ئازایه‌تی هاورێیان ده‌كات له‌و تێكۆشانه پرشنگداره دا، هاوری حه‌مه ڕه‌شید دووجار تووشی رووداوی كوشنده بووه‌ته‌وه یه‌كه‌میان مار پێوه‌ده‌دات و دووه‌مشیان دوپشك به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به هۆی یارمه‌تیدانی پزیشكه‌كانی حزب رزگاری بووە.
**هاوری حه‌مه ڕهشیدباس له دروستبوونی به‌تالیۆنه‌كانی حزب و رۆڵیان له مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك دەکات : به‌تالێونی 4 ی گه‌رمیان ، 7 ی هه‌ورامان ، 9 ی سلێمانی و 15 ی قه‌ره‌داغ . لە شوێنێکی تردا باس له قۆناغی پاش ئازادكردنی كوردستان دەکات ئاماژە بە ڕۆڵی به‌تالیۆنه‌كانی حزب له پاراستنی هه‌ردوو به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان ده‌دات و ده‌ڵێت پرسی پاراستنیان لەلایەن پێشمه‌رگه‌كانی حزبمان له گه‌ڵ حه‌لال تاله‌بانی باسكرابوو ،ئه‌ویش به باشی زانیبوو.
** هاورێ باسی شه‌رو داستانه‌كانی پێشمه‌رگه‌كانی حزب ده‌كات وه‌ك : زه‌نگه‌نه‌ی گه‌رمیان ، قزله‌ر ، بۆڵقامیش ، بهكربایف ، سۆیله‌میش ، تازه‌شار ، ئاوایی شیخ حه‌مید له بناری گل ، گرتنی قه‌ره‌داغ ، گرتنی ناحیه‌ی نه‌وجول ، ئه‌حمه‌د برنه و شاخی زه‌رده‌و هتد ... هه‌روەها باسی شه‌ره‌كانی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ ده‌كات له : میریاسی و بورجه‌كه‌ی نێوانی سلێمانی و قه‌ره‌داغ ، دیوانه‌و كهڵۆش و قه‌ڵاقایمز و بناری گل و گه‌رمیان ، باسی ئازایه‌تی و قارهمانایهتی شیوعییه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات له‌و شه‌رانه‌دا کە خوێنی پێشمه‌رگه‌كانی حزب و یه‌كێتی نیشتمانی ئاوێته بوون..
** هاورێ زۆر كه‌م باسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك و رۆڵی هاورێیان و شیوعییه‌كان ده‌كات ، خۆی وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده باش ده‌زانێت ئه‌ركی ئەو مه‌ڵبه‌نده زۆر قورس بووه بەتایبەت لە مەسەلەی دابینكردنی بژێو ، خواردنی رۆژانه‌ی پێشمه‌ركه ، جلوبهرك ، پێڵاو ، كرێنی ته‌قه‌مه‌نی ، تفاقی تر، یارمه‌تی مانگانه‌ی پێشمه‌رگه‌كان و خێزانه‌كانیان ، یارمه‌تی خێزانی شه‌هیدان ، سه‌ره‌رای ئه‌و بارگرانییه ،مه‌ڵبه‌ند پاره‌ی داوه به ڕیكخستنه‌كانی پارێزگاكان و کۆمەکی مه‌ڵبه‌نده‌كانی تری كردوه ، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌و یارمه‌تیدانه له رێی چالاكی و شه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌و گرتنی شارۆچكه‌و و ره‌بایه‌كانی دوژمن و گومرك بووه. هاورێ به یه‌ك رسته باسی رۆڵی هاورێیان ئه‌بو لێنا ،به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلیمانی و كه‌ركوك نەکردووە ، هه‌روەها باسی هاورێ ڕه‌ووف حاجی محه‌مه‌د گولانی { جه‌وهه‌ر} ی سه‌ركرده‌و به‌رپرسی سه‌ربازی مه‌ڵبه‌ند و شاره‌زا له بواری شه‌رو پارتیزانیدا نەکردوە. هاورێ باسی ئیداره‌ی کردوە ، خۆزگه هه‌ر باسی نه‌كردبا باشتر بوو ،چونكه تەنها ده‌ڵێت : ئیدارهیهكمان هه‌بوو ، چی بوو؟ كێ بوو؟ چۆن بوو؟
** هاورێ له كتێبه‌كه‌یدا باسی ڕووداو به سهرهاتهكان ده‌كات ،به‌ڵام ئاماژه نادات به كات و باری ناوچه‌كه، بۆ نموونه له لاپه‌ره 174 باس له برینداربوونی هاورێ ئاشتی غه‌فور ده‌كات كه له شه‌ری تازه‌شاری بناری گل به‌سه‌ختی بریندار بووبوو ،له گه‌رمیانه‌وه تا شارباژێر گواستیانه‌وه به‌ڵام ئاماژه به‌وه نادات به هۆی هێرشی ئێران بۆ ناوچه‌كه كه ئاگرباران بوو، به‌ڵێ جه‌نگی عێراق و ئێران گه‌رم بوو هاورێ ئاشتی به‌داخه‌وه وه‌ك مردوو وابوو ،گه‌یشته باره‌گای حزب له چاڵاوه من و مامۆستا سه‌ردار به‌رپرس بووین و بریارماندا تراكتۆرێك به كرێ بگرین تا دۆڵی سه‌فره‌و زه‌رون بروات و له‌وێشه‌وه به وڵاخ بگاته ئێران و چیرۆكی ئاسته‌نگ وباری گرانیی ومهینهتهكهی ئه‌و ڕووداوه سه‌خته لای هاورێ كامه‌ران مام عه‌له ره‌ش و هاورێ ئاشتییه ، ئاسان نه‌بوو بریندارێك وه‌ك هاورێ ئاشتی له ناو دۆزەخ و ئاگری جه‌نگی دوو وڵات بگاته ئێران.
***ڕاستکردنەوەی هەندێک هەڵه
** له داستانی سوێلهمیش یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حسك شه‌هید بوو به‌ناوی شیخ جه‌لال نه‌وه‌ك دوو شه‌هید.
** لاپه‌ره 161 نووسراوه له 1986 هاورێ ئه‌بو سه‌رباز هاتبوو بۆ شارباژێر لەوێ چاوی به براده‌رانی یه‌كێتی كه‌وتبوو، راستییه‌كه‌ی هاورێ ئه‌بو سه‌رباز هه‌ر خۆی له شارباژێر بوو ،به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك بوو، له گونده‌كانی چه‌مه‌ك و سپیار، له‌و رۆژانه‌دا یه‌كێتی نێشتمانی بوونیان له ناوچه‌كه نه‌بوو، هاورێ ئه‌بو سه‌رباز به هاورێ حه‌مه ساڵح سورداشیدا { مامۆستا سه‌ردار} نامه‌یه‌كی بۆ برایانی حزبی دیموكراتی ئێران نارد کە وه‌ڵامی حزب بوو بۆ ئاماده‌یی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ له نێوان حزب و یه‌كێتی نێشتمانیدا ، شایانی باسه هاورێی پێشمه‌رگه حه‌مه‌ی دۆڵی له گه‌ل مامۆستا چون بۆ كهورهدێ ـ باره‌گای حزبی دیموكراتی ـ ئێران و، له پاش ماوه‌یه‌ك هاورێ ئه‌بو سه‌ربازو نه‌ورۆز شاوه‌یس چوون بۆ دۆڵی جافایه‌تی و له گه‌ل یه‌كێتی رێككه‌وتنامه‌یان واژوو كردوو بارودۆخه‌كه له نێوان حزبی شیوعی عێراق و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاسایی بووه‌وه ، ئه‌وه بوو من و هاورێ سه‌ردار له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوری و سێ باری هێستر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌لوپه‌ل ، به‌ره‌و دۆڵی جافایه‌تی كه‌وتینه رێ و كاك مه‌جید كه له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه ده‌ستنیشان كرا بوو چاوساغمان بوو، تا گه‌یشتینه گرگاشه له ناوچه‌ی ئالان و له پاش پشودانی شه‌وێك له باره‌گای یه‌كێتی كه‌وتینه‌رێ ، هه‌ر له دۆڵه‌كانی ماوه‌ت بووین گوێمان له ئیزگه‌ی یه‌كێتی بوو هه‌ره‌شه‌و هاواری دهكردو ده‌یوت : هێشتا مه‌ره‌كه‌به‌كه‌ی رێككه‌وتنامه‌كه وشك نه‌بووه‌ته‌وه حزبی شیوعی دیسانه‌وه شه‌ری هه‌ڵگیرساند، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وان شه‌ریان ههڵیاكیرساند بۆ ئه‌وه‌ی ئاژاوه دره‌ست بكه‌ن ، له‌و رۆژانه‌دا به ده‌ستی چه‌په‌ڵیان هاورێی قاره‌مان عه‌لی حاجی نادریان شه‌هید كرد بەمەش بارودۆخه جارێكی تر گرژ‌و ئاڵۆز بووه‌وه، ئێمه‌ش دووچاری دوودڵی بووین و به وریایەوە تا گاپیڵۆن چووین ، چه‌ند كادیرێكی یه‌كێتی له پێشوازیماندا بوون و ئێمه‌یان برد بۆ دۆڵێك له پشتی دێی چاڵاوه، بۆ پێكه‌نێن ناومان لێنابوو مه‌نجه‌ڵه‌كه
** لاپه‌ره 255 هاوری ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب ده‌ستی بریندار بوو، راسته په‌نجه‌یه‌كم شكاو پارچه‌یه‌كی گه‌وره دای له قاچم و له خهستهخانهكهی حزب له دۆڵه كۆگا ده‌رمانی سركردن ( مخدر) نه‌بوو جگه له پێسیدین (Pethidine) كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار به‌سووده و، دكتۆر دلێر ویستی به‌بێ ئازاردانم پارچه‌كه له قاچم ده‌ربكات به‌ڵام ئاسان نه‌بوو، له‌و كاته‌دا هاوری خالد كه‌ركوكی ( بابی ڤیان) هاته ژوره‌كه‌و به پلایس پارچه‌كه‌ی ده‌رهێناو دوكتور دلێر به جنێۆدان كردییه ده‌ره‌وه چونكه ئازاریدام و هه‌روا پارچه‌ش له پشتمیداو تا ئێستا به ده‌ردی پارچه بچوكه‌كانی پشتم وقاچم ده‌ناڵێنم و نه له تاران ، نه له موسكوو نه له سوید هیچ چارهسهرێیهك بۆ ده‌رهێنانی ئه‌و پارچانه نه‌كراو وپزیشكان وتیان گه‌ر ده‌ستكاری بكه‌ین خراپتر رووده‌دات.
پیرهوهرییهكانی هاورێ حه‌مه ره‌شید قه‌ره‌داغی سه‌ره‌رای بابه‌ته ئه‌رێنییه‌كانی كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی نه‌رێنی تیا به‌دی ده‌كرێن بۆیه جێی ره‌خنه‌و گازندهیهو، باشتر وابوو هاورێ ئاماژه‌ی به ماف و رۆڵی هاورێیانی تر بكردایه و خۆی باش ده‌زانێت ته‌نها هاورێیه‌ك ناتوانێت ئه‌و هه‌موو كارانه بكات و ، خۆزگه هاوری باسی رۆڵی هاهرێیانی بكرداباو كه‌م وشه‌كانی من و خۆمی بهكارهێناباو ئه‌و كات سوودی زیاتر ده‌بوو بۆ شیوعییه‌كان و پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی تر.
هاورێ 33 لاپه‌ره‌ی بۆ پاشكۆی دۆكیومێنت و 41 لاپه‌ره‌ی بۆ پاشكۆی وێنه‌كان ته‌رخان كردووه به‌ڵام به داخه‌وه زوربه‌ی دوكیومێنتهكان
18/11/2022