ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان دەڵێت: "ئەوەی سەلەفییەکان ناویان نابوو ڕابوونی ئیسلامی، لە درۆیەک بەولاوە هیچی دیکە نەبوو. ئەوەی کە سعوودستان وەهابیزمی بڵاو دەکردەوە، لە پێناوی خوادا نەبوو، لەسەر خواستی ئەمریکا بوو، بۆ بەگەڕخستنی ئیسلام بوو لە خزمەتی ئەمریکادا. برەودان بە وەهابیزم، ڕێککەوتنێکی سیاسی بوو، لەنێوان ئەمریکا لە لایەک و سعوودستان و میسر و پاکستاندا لە لایەکی ترەوە. برەودانبەو فیکرە دینییە توندڕۆیە، تەنیا بۆ بەگژداچوونەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بوو."

 لادانی پەردە لەسەر ڕووی ئەم ڕیسوایییە، وای لە واشینگتۆن پۆست کرد، بڵێت: "ئیدی گومانی تێدا نەما، بڵاوکردنەوەی وەهابیزم، بێجگە لە ئامرازێکی شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، هیچی دیکە نەبوو. بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو قورئانانە، ڕۆنانی هەموو ئەو مزگەوتانە و بەخشینەوەی هەموو ئەو سەرپۆش و ڕووپۆشانە، بێجگە لە ئامرازگەلی شەڕی سارد هیچی دیکە نەبوون، تەنانەت بەردانەوەی ڕدێن و لەپێکردنی کورتەشەرواڵیش، دووئامرازی دیکەی شەڕی سارد بوون. هەموو ئەو ئامرازانە، مکیاج و دەمامک و ئێکسسواری پێویست بوون، بۆ ئەو ڕۆڵەی دەبوو ئیسلامی سیاسی، لە شەڕی سارددا بیبینێت."

 چیرۆکەکە لە ٢٧ی دێسەمبەری ١٩٧٩دا دەستی پێ کرد، کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پلانێکی داڕشت و ناوی لێ نا: جیهاد لە ئەڤغانستان لە دژی ئیلحاد. بریجنسکی کە ئەوسا ڕاوێژکاری جیمی کارتەربوو، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، پلانەکەی داڕشت. بریجنسکی هەر زوو بۆ قایلکردنی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی بە پلانەکەی، سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی کرد و بە جیا، لەگەڵ ساداتی سەرۆکی میسر و شا خالیدی شای سعوودستان و زیائولحەقی سەرۆکی پاکستاندا کۆ بووەوە. محەممەد حەسەنەین هەیکل لە لاپەرە ٣١ی کتێبی: (جەنگە ناپیرۆزەکان)دا دەنووسێت: "بریجنسکی داوای لەو دەوڵەتانە کرد، لە شەڕی یەکێتیی سۆڤیەتی مولحیددا کە دەوڵەتێکی ئیسلامیی داگیر کردووە، ڕۆڵی سەرەکی ببینن. بریجنسکی لە پلانەکەیدا، ڕۆڵی هەر یەک لەو سێ دەوڵەتەی دیاری کردبوو، ئیدی لە کۆکردنەوەی موجاهید و مەشقپێکرنیان و ڕەوانەکردنیانەوە تا کۆمەکی دارایی. جێی سەرنجە بریجنسکی کە جوویەکی پۆڵۆنیایی بوو، خۆی وەک دڵسۆزی ئیسلام پیشان دەدا و سەرانی وڵاتانی ئیسلامیش پلانەکەیان ئەویان وەک دەیخواست، جێبەجێ دەکرد.

 محەممەد حەسەنەین هەیکەل دەڵێت: "دیدارەکەی سادات و بریجنسکی سێ سەعات و نیوی خایاند، تێیدا داوای لە سادات کرد، کارێک بکات ئەزهەر و ئیخوان لە شەڕی سۆڤیەتدا، ڕۆڵێکی گرنگ وازی بکەن. بریجنسکی دەیزانی زۆرێک لە سەرانی موجاهیدەکانی ئەڤغانستان، دەرچووی ئەزهەرن، وەک بورهانەدین ڕەببانی و عەبد ڕەب ئەلڕەسوول سەییاف، دەیزانی عەبدوڵڵا عەززامی سەرکردەی عەرەبە ئەڤغانییەکان سەر بە ئیخوانە. سادات وەک بریجنسکی لێی خواست، پلانەکەی ئەمریکای جێبەجێ کرد و گوتی: دنیا نابێت تەنیا سەرکۆنەی یەکێتیی سۆڤییەت بکات و بەس، پێویستە بە کردەوە بەگژیدا بچینەوە. لە ٣٠ی دێسەمبەری ١٩٧٩دا، جادولحەق عەلی جادولحەقی موفتیی میسر لە (ئەهرام)دا بە فەتوایەک، داوای لە موسوڵمانانی دنیا کرد، کۆمەکی شۆڕشگێڕە ئەڤغانییەکان بکەن.

 (ئیخوان)یش (بریجنسکی)ی نائومێد نەکرد، ڕۆڵێکی گێڕا زۆر لەوە کاربڕتر کە ئەو خەونی پێوە دەبینی.ئیخوان خوێندکارانی هان دا بە خوێن و بە کۆکردنەوەی پیتاک بە هانای ئیسلامییەکانی ئەڤغانستانەوە بچن. سەندیکای پزیشکانی میسری نزیک لە ئیخوان، چەندان دۆکتۆری بۆ ئەڤغانسان ڕەوانە کرد، ئەمە وێڕای دەرمان و خۆراک و پارە. بە فەرمانی حامید ئەبووئەلنەسری ڕێبەری ئیخوان، د. کەمال ئەلهەلباوی کە سەرکردەیەکی دیاری ئیخوان بوو، شەش ساڵێک لەنێوان پاکستان و ئەڤغانستاندا هاتوچۆی بوو. ڕۆبەرت بایەری ئەفسەری سی ئای ئەی، لە کتێبی: (خەوتن لەگەڵ شەیتاندا) دەڵێت: "ئیخوان سەرچاوەی سەرەکیی کۆمەکی داراییی موجاهیدەکانی ئەڤغانساتان بوو.

 میسر لە پۆڕسەعیدەوە، چەکی بۆ کەراچی دەنارد و لەوێوە دەدرا بە موجاهیدە ئەفغانییەکان. کە لە ١٩٨٥دا، ڕیگان لە کۆشکی سپی، پێشوازیی لە کۆمەڵێک موجاهیدی ئەڤغانی کرد، دنیای تووشی شۆک کرد. کە لە ١٩٨٩دا، سۆڤیەت لە ئەڤغانستان کشایەوە، بریجنسکی گوتی: دەوڵەتی ئیسلامیی ئەڤغانستان، ڤێتنامی سۆڤیەتە، مەبەستی ئەوەبوو، وەک چۆن ڤێتنامییە کۆمۆنیستەکان، ئەمریکایان بەزاند، ئەڤغانییە ئیسلامییەکانیش هەمان تاڵاویان دەرخواردی سۆڤیەت دا. هەمیشە ئەمریکا چ بۆ شەڕی سارد، چ  هی گەرم، بۆ بەگژداچوونەوەی  چەپ و کۆمۆنیستەکان، هانای بۆ دۆستە ئیسلامییەکانی بردووە.

 محەممەد حەسەنەین هەیکەل لە ژمارەی فێبریوەریی ٢٠٠٠ی گۆڤاری (وجهات نظر)دا دەنووسێت: "میسر و سعوودستان سی و پێنج هەزار موجاهیدیان لە چل و سێ دەوڵەتەوە بۆ ئەفغانستان ڕەوانە کرد. جۆن ڕۆبەرت لە کتێبی:(پێوەندییە نهێنییەکانی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتانی عەرەب)دا دەڵێت: "لە سعوودستان سێ سەد فەتوا لەلایەن پیاوانی ئایینیی فەرمیی وەک عەبدولعەزیز بن باز و محەممەد بن عوسەیمین و دەیان بانگخواز و ئەکادیمییەوە درا، کە جیهاد لە ئەفغانستان بە ماڵ و بە نەفس فەرزە."ئەمریکا بە پارەی میرەکانی سعوود و بە چەکی ڕووسیی لە میسر کەڵەکەبوو، شەڕی دەسەڵاتی ئەڤغانستانی سەر بە سۆڤیەتی دەکرد! بریجنسکی بە موجاهیدە ئەڤغانییەکانی دەگوت: "ئێمە دەزانین ئێوە خاوەنی چ باوەڕێکی مەزنن و بڕواتان بە خوا چەند پتەوە، لەوەیش دڵنیاین سەردەکەون و دەبنەوە بە خاوەنی مزگەوتەکانی خۆتان."

*

(*) سەرچاوەی ئەم نووسینە: موقع الجواهر ٣٠ أکتوبر ٢٠٢٢ محمود حسني الرضوان.

 

 

 

  • 1