ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشی یەکەم

هەنگاوی مرۆڤ لە چاخی بەردینی کۆن بۆ چاخی بەردینی نوێ و بەرپاکردنی شۆڕشی کشتوکاڵ، چیرۆکێکی ئاڵۆزە. ١٠ بۆ ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکەمین ئەو کۆمەڵگە بچووکانە لە نیمچە کەوانۆکەی بە پیت دەرکەوتوون. زنجیرە هۆکارەکانی گۆڕان لە گەڕان بە دوای خواردندا بۆ بەرهەمهێنانی خواردن و دەرکەوتنی یەکەمین لادێ، چەند دەیەیەکە شوێنەوارناسانی سەرقاڵ کردووە. پرسی ئەوەی کام لادێ، لە کوێ، چۆن دەرکەوتووە، یان چەند لادێیەک پێکەوە لەهەمان ئاراستەی پێشکەوتن بوون، پرسێکی گەورەیە. لێرەدا ئاوڕێک لە گەشەی پێشکەوتن لە نیشتەجێی گرێ عاشقان دەدەینەوە.

گرێ عاشقان لە نێوان ١٠هەزار تا ١٠٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتووە. بۆ هەزار ساڵی بەردەوام ژیانی تێدا بووە. ڕووبەری ٥٧ هەزار مەتر بووە. ئێستە ١٦ مەتر لە دەشتایی دەورووبەری بەرزترە. ئەو شوێنە زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە بەپێی پێناسەی کەوانۆکەی بە پیتی باکوور، گرێ عاشقان دەکەوێتە دەرەوەی ئەو کەوانۆکەیە. بەڵام لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵدا، یەکەم نیشتەجێی لەو جۆرە بووە. دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری ئاکسەرای لە سەر چۆمی مەلەندیز و لە دامێنی چیای گڕکانی حەسەنداغە. لە چاخی بەردیندا، ئەو ناوچەیە دارستانی چڕ و سەوزایی دایپۆشیبوو.

کۆی ٧٧ پشکنینی کاربۆن ١٤ بۆ پاشماوەکانی گرێ عاشقان تەمەنی نێوان ٨٣٥٠ تا ٧٣٥٠ ساڵ بەر لە زایین نیشان دەدات. لە هەموویان باشتر ئەوانەن لە گژوگیای سووتاو و تۆوی سووتاوی ڕووەکەکان، وەرگیراون. گردەکە لە ٥ چین پێکهاتووە. چینی سەرەوە چینی یەکەمە و گڵی نوێی لەسەر کۆبووەتەوە. بەڵام چینی دووەم تەمەنی بۆ ٩٧٠٠ تا ٩٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. چینی سێیەم بۆ١٠ هەزار تا ٩٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر و چینی ٤ و ٥ بۆ ١٠٣٥٠ تا ١٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.

پێکهاتەکانی چینی ٥ و ٤ خانووی بازنەیی بوون. ئەوانەی لە چینی ٥دا بوون بۆ ٢ تا ٣ سەدە هەبوون. ئەو خانووانەیان لەسەرزەویەکی نەرمی قەراخ ڕووبارەکە دروستکردووە. نیوەی خانووەکانیان لە قووڵایی زەویدا هەڵکەندووە تەنیا نیو مەتری سەرەوەیان لەسەر زەوی بووە. کۆڵەکەی دار تێکهەڵکێش کراون، سەری بە دار و قامیش داپۆشراوە بووە. بە قوڕی تێکەڵ بە پووش سواغ دراوە. دواتر چەند جارێک چاک کراوەتەوە. بە شیوەیەکی گشتیی ئەو خانووانە لەوانەی لە چینی ٤ دواتر دروستکراون، لاوازتر بوون. لە هەندێ شوێن بڕێکی زۆر تۆوی ڕووەک دۆزرانەوە. ئەوانەی چینی٤یش هەر نیوەیان لە ناو زەویدا بوون، بەڵام لە پێکهاتەی دیوارەکانیان باشتر و بە هێزتر بوون. ئەوکاتە کاتی زۆرتریان لە ناو ئەو خانووانەدا بەسەردەبرد.

زۆربەی خانووەکان ئاگردانێک و بەردێک یان دوو بەردی گەورەی هاڕینیان لە ناو هەبووە. مردووەکانیان لە بن زەوی سواغدراوی خانووەکانیان ناشتووە. تیرەی ئەو خانووانە تا ٤ مەتر بوون. لە چینی ٤دا خانووەکان لەیەکتر دووربوون و شوێنی کارکردنیان لە نێواندا هەبووە. چینی ٣ تەواو لە چینی ٤ دەچێ، بەڵام نیشتەجێیەکە زۆر گەورەتر بووە. شوێنی فڕێدانی خاشاکیان گەورە بووە. لە چینی ٣ دا خانووی لاکێشە جێی خانووی بازنەیی دەگرێتەوە. هەموو خانووەکانی چینی ٥ تا چینی ٣ لاشەی مرۆڤی مردوویان لە بن بوو. منداڵەکان لە گژوگیا و گەڵا پێچراون.

لە چینی ٣ دا خانوویەک هەیە ناونرا خانووی ٣٨، لە هەموو ئەوانی دیکە گەورەترە و لەگەڵ دیوارەکانیدا هەندێ سەکۆی کارکردن هەیە. پێدەچی ئەو شوێنە هەرەوەزی تێدا کراوە. کارکردنی ڕۆژانەی هاڕینی دانەوێڵە و داماڵینی گۆشتی ئاژەڵانی لێکرابێ. هیچ پاشماوەی مرۆڤی مردووی لێ نەدۆزرایەوە. خانووی ٣٨ چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە و لەسەر هەمان شێوەی یەکەم دروست کراوەتەوە.

خانووەکانی چینی یەکەم لەگەڵ کات ڕووتاونەتەوە و دیار نەماون. بەڵام ئەوانەی چینی ٢ زۆر باش دەناسرێنەوە. نزیکەی ١٠٠ پێکهاتە لە خانوو و شوێنی کارکردن و کۆگە لە چینی ٢ دا هەبووە. ئەوە کۆمەڵگەیەکی یەکجار گەورەیە بۆ ئەو کاتە. خانووەکانیان لاکێشەن و داری ڕاڕا سەربانی خانووەکانی ڕاگرتووە. هیچیان بناغەیان لە بەرد دانەڕێژراوە و ٢ مەتر لەسەر ڕووی زەویەوە بەرز بوون. خانووەکانی چینی ٢ هەر ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵ جارێک وەک خۆیان، دروست کراونەتەوە. چینی ٢ پێکهاتەی زۆر گەورە و دیزاینی جیای لێ دروستکراوە. دیوارەکانی ناوەوەی بە باشی سواغ دراوە و دواتر بە ڕەنگێکی بۆری سوورباو ڕەنگ کراوە. هەر لەو سەردەمەدا، نیشتەجێی (موسولەر) لەوبەری ڕووبار لە نزیک گرێ عاشقان دەرکەوتووە.

دوای هەزار ساڵ لە دەرکەوتنی، گرێ عاشقان بووبووە تەپۆلکەیەکی گەورەی فراوان. ئەوەندەی ئێسقانی مرۆڤ و ئاژەڵ لەسەر یەک تۆپەڵە بووبوو، دوای شیبوونەوەی ئەو ئێسقانانە و هەبوونی بڕی زۆری ماددەی کۆلاجین، وای لێهاتبوو ئاو نەیدەتوانی بە زەویدا بچێتە خوار. تەنانەت ناتوانرێ ئەو شوێنانە هەڵکەندرێ و بزانرێ لە بنەوە چی لێیە. جگە لە بەشی ڕۆژئاوای لەبەر گۆڕانی ڕێڕەوی چۆمی میلیندیز، کەمێکی داخوراوە، بەشی هەرە زۆری ئەو گردە وەکو خۆی ماوە.

بەپێی ئەو پاشماوانەی دەرهێندران و پشکنینیان بۆ کراوە دەرکەوتووە دانیشتووانی گرێ عاشقان جگەلەوەی بەرە بەرە فێری چاندنی نیسک، دانەوێڵە و دوولەپەکان بوون. لە دارودەوەنی دەورووبەریشیان بادام، فستەق و گوێزیان ڕنیوە و وەشاندووە. گژوگیا و پوش و پەڵاشیان بۆ ئاژەڵان کۆ کردووەتەوە. بە هەمان شێوە دار و گەڵای وشکیان بۆ سووتاندن کۆ کردووەتەوە. لق و پۆپی دیکەیان بۆ دروستکردنی سەبەتە و جێ خەو خۆشکردن، بەکارهێناوە. شوێنەواری کوتانی چەند جۆر گەنمی خۆڕسک و چاندراو و جۆ لەسەر بەردە گەورەکانی هاڕین ماون. بەپێی کات دەبینرێ ڕێژەی گەنمی چاندراو لەچاو گەنمی خۆڕسک زۆر بووە. کەواتە پشت بەستنیان بە کشتوکاڵ، زۆرتر بووە. دواتر بۆ جۆ هەمان شت ڕوویداوە.

زۆرترین ڕێژەی چاندن لە گرێ عاشقان گەنمی ئیمەرە emmer wheat. جیاوازی ئەو جۆرە گەنمە لە چاو گەنمی خۆڕسک ئەوەیە کە پێگەیشت دەنکەکانی بە لاسکەکەیەوە دەمێننەوە، بەڵام گەنمی خۆڕسک دەنکەکانی لەسەر زەوی دەوەرێنێ.بەڵام گەنمی ئیمەر و نیسک لە ناوچەی ئەنادۆڵی ناوەڕاست و گرێ عاشقان نەبوون. دیارە لەناوچەکانی کەوانۆکەی بە پیتەوە هێنراون. لەوانەیە ئەوانەی هاتوونەتە گرێ عاشقان پێشتر کشتوکاڵیان کردبێ، لەسەر زەوی ئەو ناوچەیە و لە تەنیشت چۆم نیشتەجێ بوون تا کشتوکاڵیان پڕ بەرهەمتر بێ.

سەرچاوە:https://www.semanticscholar.org/.../a70ac50ed75424075065b...

https://link.springer.com/article/10.1007/s10814-021-09167-z Buitenhuis/3328da8f27c850cc0775fcec8c51d9efe70a41e3

No description available.

  • 1