زانكۆ وەكو ناوەندێكی ئەكادیمی و دامەزراوەیی پێكهاتووە لە دەستەی وانەبێژی یاخود مامۆستایان و قوتابییان و سەرپەرشتیاران و دەستەی كارگێری، قوتابیان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەم دامەزراوەیدا دەمێننەوە و ئامادەكردنیان بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری و پێگەیاندنیان لە پێناو گەشەكردن و پێشخستنی كۆمەڵگا.

ناساندن و گرنگی زانكۆكان

رۆڵ و گرنگی زانكۆ بەشێوەیەكی ئەرێنی كاردەكات لەسەر قوتابی تاوەكو بتوانێت پەرە بە تواناكانی خۆی بدات و پلەكانی پێشەوەی پسپۆریە جیاوازەكان بگرێت ئەمەش لەهەموو وڵاتان بوونی هەیە چ پێشكەوتوو بێت یاخود دواكەوتوو، لەراستیدا زانكۆ بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو بوارەكان توانای ئەوەی هەیە گۆرانكاری دروست بكات، هەروەها بەهیچ شێوەیەك لە بۆشایی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدا ناخولێتەوە، بەڵكو چاڵاكانە كاری خۆی دەكات، خۆیی لە بنەرەتدا بەشێكە لە سروشت جا چ كۆمەڵایەتی بێت یان رۆشنبیری یاخود پەروەردەیی، هەروەها ئەویش وادەكات كاریگەر بێت بە دۆخە كۆمەڵایەتی ژینگەی دەوروبەری.

ئامانجی زانكۆكان

زانكۆ بە پشت بەستن بە لایەنی تیۆری و كرداری رۆڵێكی گەورەی هەیە لە بەشداریكردن لە پرۆسەی بەكۆمەڵایەتیبوون و راستكردنەوەی رەفتاری قوتابی لەرێگەی چاندنی بنەماكانی هۆشیاری لەناخی قوتابی و لەرێگەی پرۆگرامە جیاوازەكانی خوێندنەوە، بەجۆرێك پەیوەندی نێوان قوتابی لەگەڵ كۆمەڵگە و پاشان دەوروبەری بەهێز دەكات، هەروەها زانكۆ وەكو دامەزراوەیەكی فەرمی یارمەتیدەرە بۆ فراوانكردنی عەقڵی قوتابی، لەگەڵ سووربوونی لەسەر فێربوونی هەموو زانیاریەكی نوێ لەپێناو گەیشتن بە ئاستێكی بەرزی پەرەسەندن و پێشكەوتنی زانستی و تەكنۆلۆژیی، خاڵێكیتر فراوان كردنی ئاستی رۆشنبیری قوتابیانە لەرێگەی هاندانیان بۆ خوێندنەوەی كتێب و بەدەستهێنانی شارەزایی تاوەكو یارمەتیدەری بێت بۆ گونجان لەگەڵ ژینگە كۆمەڵایەتیە جیاوازەكان و یارمەتیدانی قوتابی بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و دانانی ئامانجی دیاریكراو بۆ ژیانیان، تێیدا قوتابی فێردەكرێت كە سوود لەكاتەكانی دەستبەتاڵی خۆی وەربگرێت و بەفیڕۆیی نەدات.

دامەزراوە فێركاریەكانی زانكۆ لەهەر وڵاتێكدا بێت بە یەكێك لە پێوەرە سەرەكییەكانی پیوانەكردنی ئاستی پێشكەوتنی ئەو نەتەوەیە یان وڵاتەكە هەژمار دەكرێت، هەروەها هاوشانی كردنی شارستانیەت و پێشكەوتنی وڵاتان، زۆربەی زانكۆ و دامەزراوەكانی توێژینەوەی زانستی لە زۆربەی وڵاتان لە بواری پێشەوایەتی كردنی بزاوتی پێشكەوتنی زانستی و شۆڕشی تەكنۆلۆژی ئامانجی روون و كاریگەرییان هەبووە، هەروەها دەوڵەمەندكردنی كلتووری شارستانی بە دۆزینەوەی توێژینەوەی نوێ و توێژینەوەیەك بەپێی میتۆدی زانستی كاری لەسەركراوە دواتر وەرگێراون بۆ پرۆژەی جێبەجێكاری كە سوودی بۆ تێكرای مرۆڤایەتی هەبووە، ئەم دامەزراوانە توانیویانە لەگەڵ بنەماكانی شۆڕش پەرە بەخۆیان بدەن و پێشبكەون و پەرەبسێنن، هەربۆیە شتێكی سەیر نییە كە پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت بۆ دروستكردنی كۆلێژەكان و پەرەدان بە زانكۆیەكان.

زانكۆییە حكومەییەكانی كوردستان و چەند سرنجێك

زانكۆ لەهەرێمی كوردستان و بەتایبەت زانكۆ حكومییەكان رۆڵی كارگەیەك دەبینن لە بەرهەمهێنانی تاكی بڕوانامەدارە، بەقەد ئەوە وەكو پێویست رۆڵێكی ئەرێنیان نەبووە لەوەی كە تاكێكی بە مەعریفەدار بەرهەم بێنن، بەداخەوە یەكێك لە خاڵە نەرێنییەكانی بەشێك لە بەش و كۆلێژەكانی زانكۆ بەهۆیی نوێنەكردنەوەی سەرچاوە و زانیارییەكان و پشت بەستنیان بە زانیارییە كۆپی پێستەكان قوتابییەكی كۆپی پێستیان بەرهەمهێناوە و سودێكی ئەو تۆیی بەخۆیی و كۆمەڵگاكەی نەگەیاندووە.

زانكۆییە حكومییەكانی كوردستان بەپێی جۆری پیشەیەوە دابەشدەبنە سەر بواری وێژی و زانستی، بەشێوەیەك ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو بەش و كۆلێژنەی كە زانستین پێداویستی ئەوتۆیان بۆ دابینەكراوە، تاقیگە و هۆڵەكانی خوێندن بە پێی ستاندارتی ئەكادیمی نییە، بەڵكو پشت دەبەسترێت بە كۆمەڵێك ئامێرو كەلوپەلی كۆن و مێژوویی بەكارهێنانیان بۆ پێش ساڵانی (1990) دەگرێتەوە، تەنها چەند دانەیەك نەبێت كە مێژوویەكانیان بۆ ساڵانی (2000)، ئەمە بێجگە لەوەش لەرووویی كوالیتی خوێندن و پابەندكردنی قوتابییەكان بە میتۆدەكانی خوێندن وەكو پێویست نییە.

ئەگەر سرنج بدەینە ئەو بەش و كۆلێژانەی كە وێژەیین بەداخەوە بەراورد بەش و كۆلێژە زانستییەكان دۆخیان زۆر خراپترە، بەشێوەیەك لایەنە تیۆر و كردارییەكانی پشت دەبەستێت بە سەردەمی كلاسیكی و گروتینێك نابەخشێتە بە قوتابییەكان تاوەكو پشت بەخۆیان و ئەو زانیارییانە ببەستن كە لە دەرەوەی زانكۆ دەستیان بكەوێت و بەدواداچوونی بۆ بكەن، زۆر لەقوتابییەكان بەمەبەستی پێشبركێكردن لەپێناو بەدەست هێنانی باشتریینەكانی بەشەكەی خۆیی هەوڵدەدات ئەو مەلزەمەی كە بۆ تاقیكردنەوە داواكراوە كۆیی وشەكان لەبەر بكات و كۆپی پێستی زانیارییەكانی ناو مەلزەمە بخاتە سەر رووپەری لاپەرەكان و نمرەی تەواوی لەلایەن مامۆستای بابەت پێدەدرێت، قوتابییەكانی دیكە لەپێناو بەدەست هێنانی بڕوانامە پەنا دەباتە بەر رێگەی گەزیكردن یان ئەو نمرەیەی كە بۆ دەرچوون پێویستیتی و ببێتە خاوەنی بڕوانامە، ئەگەر تێبینی بكەین قوتابی لەو جۆرە زانكۆ وەكو كارگەیەك سەیر دەكات تاوەكو بڕوانامەی لێ بەدەست بهێنێت.

راسپاردە

بەمەبەستی گرنگدان بە رۆڵ و كاریگەری زانكۆكان و پێشخستنی كۆمەڵگە و تاكی كوردی، بەكورتی پێویستە كار بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو چەند هەنگاوە بكەین:

1- لەروویی ژینگەی خوێندن و ئەو باڵەخانەی كە بۆ خوێندن دەستەبەركراوە، پێویستە بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی بێت.

2- پێویستە زانكۆ حكومییەكانی كوردستان لەروویی كوالیتی خوێندن، كار بەسیستەم و نوێكاری سەردەم بكرێت و سود لە ئەزموونی زانكۆیە جیهانییەكان وەربگیرێت.

3- لەروویی ئامێر و پێداویستییەكانی وانەوتنەوە، پێویستە پشت ببەسترێت بەو ئامێرە نوێییانەی كە بەپێی پێداویستی و زانستەكانی سەردەم و لایەنە كردارییەكانی بەشەكە فەراهەمبكرێت.

4- پێویستە مامۆستا و وانەبێژانی بەش و كۆلێژە حكومییەكان دووربكەونەوە لە زانست و زانیار كۆپی پێست و كۆن، كار بكەن نوێكردنەوەی زانیارییەكان بەپێی رەوتی گەشەكردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگا.

5- مامۆستایان و وانەبێژان لەرێگەی كردنەوەی خول و ئاشناكردنیان بە ئەزموونی زانكۆ جیهانی و نێودەوڵەتییەكان لەروویی وانەوتنەوە و بەرێوەبردنی كارگێری بەش و كۆلێژەكان.

6- دووركەوتنەوە لە ململانێی حزبی و دانانی كەسانی شارەزا و بەئەزموون و لێهاتوو لە سەرۆكایەتیكردنی بەش و كۆلێژەكان.

7- هاوكاریكردن و رێخۆشكاری بۆ ئەو قوتابییانەی كە كارامە و لێهاتوون لە پێناو فەراهەمكردنی چالاكی و هەستكردنیان لە بەرپرسیارەتی لەبەرامبەر ئەو بەش و كۆلێژەی كەتیایدا دەخوێنن.

8- بەهەند وەرگرتن و رێخۆشكردن لە خواست و ویست و ئارەزوویی قوتابییەكان لە هەڵبژاردنی ئەو بەش و كۆلێژەی كە بەنمرە یەك دڵخوازی خۆیتیان.

9- پێویستە سەرجەم بەشەكانی كۆلێژ سەڵانە كۆنفرانس و وۆك شوپی تایبەت بە پسپۆری بەش ئەنجام بدات و نوێترین توێژینەوە و زانیاری بخاتەروو.

10- پێویستە زانكۆ حكومییەكان هەماهەنگی زیاتر لەنێو خۆیاندا بكەن و كەناڵەكانی پەیوەندیكردنیان فروانتر بێت و كۆیی بەش و كۆلێژەكانیان بگرێتەوە.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی رێژەی توشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەجیهان بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە، ئێستا كاتی هێشربردنە بۆ سەر كۆرۆنا، لەم وتارەدا نەخشە رێگایەك بۆ رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، سەنتەری شاری هەولێر وەك نموونە دەخەمەروو.

سەنتەری شاری هەولێر شەقامەكانی لەروویی جوگرافیاوە دابەشبووە بەسەر شەقامی بازنەیی (30 مەتری، 60 مەتری، 40 مەتری، 100 مەتری، 120 مەتری، 150 مەتری كەهێشتا لەروویی كرداریەوە تەواو نەبووە، بەڵام نەخشەی بۆ كێشراوە).

وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی هەنگاو بەهەنگاو بەپێی شەقامی بازنەییەكانی سەنتەری شاری هەولێر، قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و كەرەنتینی گەرەكەكانی ناو شەقامە بازنەییەكانی سەنتەری شار بكات و بەپێی میتۆدێك پشكنین بۆ هاونیشتمانیان ئەنجام بدات، یاخود گومان لەوماڵانە دەكەن كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووبێتەوە.

بەپێی رێژەی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا هاونیشتمانیان لەماڵەوە كەرەنتین بكرێن و پۆلیس لەبەردەم ماڵی توشبوو دابندرێت و تیمی پزیشكی گەرۆك توشبوان بەسەربكاتەوە و چارەسەری سەرەتایی پێیان بدەن، هەروەها ئەو توشبووانەی رێژەی تووشبوونیان قورسە بگوازرێنەوە نێو نەخۆشخانە تایبەتمەندییەكانی كۆرۆنا لەناو شار، ئەوكات حكومەت ناچار نابێ نەخۆشانە و شوێنی زیاتری بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخان بكات.

یەكێك لە سوودەكانی ئەو نەخشە رێگایە دەتواندرێت كۆنترۆڵی رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، بەهۆی پابەندكردنی خەڵك لەماڵەوە و كەمبوونەوەی رێژەی بەركەوتن لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگا، ئەویش كارپێكردنی گەیاندن (دلیڤەر) بۆ ئەو ماڵانەی كە پێویستییان پێیە.

لەلایەكی دیكەوە ئەگەر ناوەوەی شەقامی بازنەیی (30مەتری) سەنتەری شاری هەولێر وەك نموونە وەربگرین، لەكاتی كەرەنتینەكردن، بەهەمانگی لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكان، دەتواندرێت پێداویستی خۆراك بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر ئەو ماڵە هەژارانە تەرخان بكرێت، كە پێویستی سەرەكییان بەخۆراك هەیە، هەروەها لەو ماڵانە جیابكرێتەوە كە چەندین سەبەتەی خۆراكیان بۆهاتووە، ماڵە هەژاریش هەیە دۆخی ژیانكردنیان زۆر قورسە.

لەبارەی شار و شارۆچكە و گوندەكانی دیكە لەهەرێمی كوردستان، بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیاكەیان، دەتواندرێت كۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێت.

 

 وێنەیەكە نەخشەی شەقامە بازنەییەكانی سەنتەری شاری هەولێر رووندەكاتەوە- گۆگڵ

 

 

  • 1