ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌شێكی زۆری نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاغه‌می ئێمه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ، بۆئه‌و غه‌مساردییه‌ی به‌شێكی زۆری لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی حكومه‌تی هه‌رێم .ئه‌و غه‌مسارییه‌ش بریتیه‌ له‌و بێباكییه‌ی له‌به‌رامبه‌ر كه‌یسه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان (كه‌یسی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌نموونه‌ ) ...ئێمه‌ خاوه‌نی كه‌یسێكی له‌م چه‌شنه‌ین كه‌ به‌قه‌ولی سیاسه‌تمه‌دارانی وولات چه‌ندین هه‌نگاو بزووتنه‌وه‌ی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مانی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ برد و توانی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان كه‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌له‌كه‌مانه‌ به‌ دونیای ناساند .

من نامه‌وێ لێره‌ دا زۆرتر له‌مه‌سه‌له‌كه‌ دوور بكه‌ومه‌وه‌ ،بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌چمه‌ نێو باسه‌وه‌ . ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستم كرد به‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی به‌ئه‌رشیف و دیكۆمێنتكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی زاره‌كی له‌ دۆسییه‌ی كییابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ دا ، سه‌ره‌تای كاركردنم زۆر دڵخۆش و به‌هیوا بووم له‌سه‌ر خستنی كارو به‌رنامه‌ی پرۆژه‌كه‌مدا ، به‌درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ی دووساڵ به‌هۆی بونی چه‌ندین گرفت له‌كاركردن وه‌ستاین ، به‌ڵام تائێستا توانیومان 4 زنجیره‌ وه‌ك كتێب له‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ هه‌وڵی چه‌ند لایه‌نێكی جیاجیا به‌چاپ بگه‌یه‌نین .ئیستاش زنجیره‌ی 5 ئاماده‌ی چاپ ه‌و ئاماده‌كاری كاركردنم بۆ زنجیره‌ی شه‌شه‌م .

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و غه‌م ساردی و بێمتمانه‌یه‌ی كه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ بۆنه‌ تایبه‌ت و گشتییه‌كانا فرمێسكی تیمساحی بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان و دۆسییه‌ جیاجیاكانی گه‌له‌كه‌مان ده‌ڕژن جارێكی دیكه‌ش خه‌ریكه‌ بێ هیوایی له‌نێودڵمان ده‌خولقێنن و له‌ ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ دوورمان ده‌خه‌نه‌وه‌ .

له‌ كاتێكدا ئێمه‌ نه‌داوای خه‌رج بۆ خۆمان و بۆ گه‌شت و بۆ مۆدیل گۆڕین ده‌كه‌ین و نه‌ ده‌خوازین داواش بكه‌ین ،ته‌نیا غه‌می ئێمه‌ دابینكردنی خه‌رجی به‌چاپ گه‌یاندنی كتێبه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌شه‌ .

ناشكرێت هه‌ر جاره‌ی ده‌ست به‌ پشتوێن و گیرفانی كه‌سێكدا بكه‌ین بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ .

به‌ڕاستی ئه‌مه‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی كوردستانه‌ كه‌ هاوكار و پشتیوانی جدی و به‌رده‌وامی ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ بێت .

له‌ كۆتاییدا ...ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌بیانوی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ و به‌ناوی پاشكه‌وتكردنی موچه‌وه‌ ، موچه‌ی ته‌واوه‌تی خۆمان بداته‌وه‌ ، ئه‌وكاته‌ش ئێمه‌ ده‌توانین له‌سه‌ر خه‌رجی خۆمان و ماڵ و مندالمان داهاتی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ دابین بكه‌ین و ئێمه‌ چیتر كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین و له‌هه‌وڵی ڕزگاركردن و نه‌فاوتاندنی ئه‌و دونیا به‌لگه‌نامه‌یه‌ بده‌ین كه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌سنگی ڕزگاربواندا قه‌تیس ماوون .

به‌ هیوام بتوانین به‌ هیمه‌تی هه‌مووان ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بشكێنین و زال بین به‌سه‌ر گرفته‌كانمان بۆ سه‌رخستنی كار و به‌رنامه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ .