ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەر پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکە ئەو ئازایەتییە لە خۆیان راببینن دەرفەتی خەڵکی کوردستان بدەن راپرسیی ئەنجام بدەن و وە پێی ئەنجامەکەش سەروەخۆیی کوردستان رابگەیەندرێ.. ئەوە هەر کەسەکی ئازادییخواز لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان ئەوەی لە دەستی بێ ئەنجامی دەدا، لێ پێویستە هەر راستەوخۆش پاش راگەیاندنی سەربەخۆییەکە یەکسەر خەڵکی کوردستان دروشمی رووخاندنی ئەو حکومەتە بەرز بکەنەوە کە دادەمەزرێ! چون هیچ گومانەکی تێدا نییە کە حکومەتەکی چەوسێنەری دژ وە ئازادیی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستانی لێ وەبەرهەم دێ رێک چوون ئەو حکومەتە گەندەڵ و ستەمکارەی هەنووکەی هەرێمی کوردستان.

لێ هەنووکە:

ئەوەی دەبێژیی گشتپرسیی کوردستان ژێرخانەکی وەهێزی ئابووریی و زەمینەیەکی سیاسیی گونجاوی گەرەکە و ترسی پەلاماری داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و سیاسەتی نەرێنیی نێودەوڵەتیی دەکاتە لەمپەرەکی گەورە و وە کورتییەکەی دەبێژی ئێستا کاتی ئەنجامدانی گشتپرسیی نییە! ئەوە بیەوێ یان نا:

یان: فەریکە سیاسییەکی بێ ئاگایە و وە شێوەیەکی رووت و بیرکارییانە لە سیاسەت و دیپلۆماسیەت و خەباتی گەلان دەڕۆنی و دووچاری گومڕایی بووە!

یان: لە ژێر کارتێکردنی هزر و سیاسەتی رەگەزپەرستیی دەسەڵاتدارانی عارەب و تورک و فارس دایە گێژووێژانە شەرم لە کوردبوونی خۆی دەکا!

یان: هێشتا لە ژێر هەژموونی چەوسێنەرانەی داگیرکەرانی کوردستان (ئێراق و تورکیا و ئێران و سوریا) دەرنەچووە و ئیدی خۆی دۆڕاندیە!

یان: وە فەرهەنگی نابەرابەریی ئیسلامیی و بەرژەوەندییە تەسکەکانی پیاوە دینییە نەریتییەکان و بزووتنەوە خۆفرۆشە ئیسلامییەکان ئاڵوودە بووە!

یان: چەپەکی ساویلکەی توندڕەوە و ئەگەر هەموو جیهان دابڕووخێ یان هەموو جیهان ئازاد و خۆشگوزەران بی ئەو هەر وە روبەی خۆی دەپیوی!

یان: سەر وە لایەن و بەرژەوەندییەکی حیزبییە و دوژمنی ئەو لایەنانەیە کە دەیانەوێ گشتپرسیی ئەنجام بدەن جا چاک بکەن یان خراپ ئەو هەر دوژمنیانە!

یان: ئەوەیە کە زۆر بێ توانا و دەستەپاچە و ناهۆشمەندە و وە شێوەیەکی زۆر دەبەنگانە لە رکی خاوەنەکەی خۆی هەڵدەدێری!

یان: وە ناوی شارستانیەت و مۆدێرنیزم و جیهانییبوون لە پێناو پاراستنی بەژەوەندییە تاکگەریی و سەرمایەدارییەکانی خۆی لە میللەتەکەی خۆی دابڕیە!

یان: کەسەکی هیچ لەبارنەبوو و کەللەڕەق و خۆهەڵکێشە و تەنێ دەیەوێ قسەیەکی جودا بکا تا خۆی وە رۆشنبیر و بەرهەڵستکار بخاتە روو!

لێ ئەمن زۆر ئاسوودەم بەوەی کە لە سایەی تێکۆشان و نەبەردییەکانی پێشانی خەڵکی کوردستان هەنووکە ئەو جۆرە کەسانەی سەرێ فرە فرە کەمن و زۆربەی هەرە زۆری خەڵک دەخوازن هەر ئێستا گشتپرسیی لە کوردستان وە ناوچە داگیرکرایەکانیشەوە ئەنجام بدرێ.. هەر ئێستاش ئەنجامەکەی کە سەروەخۆیی کوردستان دەبی بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئیدی ئەو دەم سەرەڕای ئەوەی خەڵکی باشوور وە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان دەگەن دەرفەتی خەباتە چینایەتیی و کۆمەڵایەتییەکانیشیان زۆر گونجاوتر و بەرفرەتر دەبن.. بەوەش دەکرێ خەڵکی کوردستانیش چوون میللەتانی دیکە وە شێوەیەکی کاریگەرتر ئازا و زیرەک و تێکۆشەر بن و زۆرترین ماف و ئازادییەکان وە تایبەتییش ماف و ئازادییەکانی چینە چەوساوە و رەنجدەرەکان و ژنان و زارۆکان وەدەستبهینن و راستەوخۆ و بێ وەستانیش لە تێکۆشانی سەروەخۆیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەر بکەن.. پێ وە پێی گەلانی ناوچەکە و جیهانیش رۆڵی بەرچاوی خۆیان لە گەشەکردنی ژیان و خۆشگوزەرانیی بگێڕن و بەرەبەرە و ئازادییە جۆراوجۆرەکان و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ئاژەڵان و ژینگەیەکی کەسک و پاکوخاوێن و بێ ئاریشە وەدەستبهینن و وە گشتییەکەی جیهانەکی بێ چەوسانەوە بنیاتبنێن.