ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پرۆژەی ریفراندۆم دوای ساڵێك*١١ كراوتە ئەمری واقیع. سەیر لەوەدایە ئەوانەی ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام دەدەن دەڵێن كە پابەندنابن بە ئەنجامەكەیەوە،واتە دوای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی ڕاناگەیەنن. كەواتە نهێنی پشتی پەردەی بەرپاكردنی ئەم ڕیفراندۆمە چیە ئەگەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نیە؟

سەرەتا جێگای سەرسوڕمانە كاتێك باسی ڕیفراندۆم لە ناو گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا گەرمە بەڵام لە ئاستی عێراق و لە لای دەوڵەتی ئەمریكا و بەریتانیا ولە ئاستی نێودەوڵەتی و لای نەتەوە یەكگرتوەكان و تەنانەت لە سەردانەكانی بارزانی بۆ لای سەركردەی وڵاتانی دەرەوە هیچ باسێكی لێوەناكرێ. بەپێچەوانەوە مەسەلەیەكی چارەنوسازی وا لەهەر شوێنێكی هاوشێوەی كوردستاندا كراوە، بۆنمونە تەیموری ڕۆژهەڵات، باشوری سودان و تەنانەت سكۆتلاند ئەم باسە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردوە.

ئاشكرایە جیاوازی ئەم ڕیفراندۆمەی كوردستان لەوانەی جیهان، ئەوەیە كە لایەنی داواكاری ڕیفراندۆم لە كوردستان داوای جیابونەوە ناكات تا پێویست بكات سەرنجی جیهانی بۆ ڕاكێشێت؟

سیاسەتی ڕیفراندۆم شاراوە و نادیارە. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكرێ بەڵام سەربەخۆیی ئامانج و ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە نیە، ئەی كەواتە ئەم ڕیفراندۆمە بۆچیە و لە پێناو چیدایە؟

دیارە مەبەستی پارتی و یەكێتی لە ریفراندۆمێكی نافۆرماڵ وناڕەسمی نیە و ئەگەر رفراندۆم هەر بۆ دەرخستنی ڕای خەڵكی كوردستان بێ لەسەر سەربەخۆیی ئەوا لە ئەم كارە لە ساڵی ٢٠٠٥كراوەولەسەدا٩٨،٥ خەڵكی كوردستان دەنگی بەسەربەخۆیی داوەو دیسانەوە پێویست بەدوبارەكردنەوەی ریفراندۆمێك نیە كە بڕیاری ریفراندۆمەكە جێبەجێ نەكرێ.

بەڵام ئەگەر ریفراندۆمێكی ڕەسمی دەكرێ ئەوا پێویستە ئەم حزبانەی كە پێشنیاری رفراندۆمیان كردوە پێویستە بەرنامەی رفراندۆمەكە وچۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەنجامەكەی وەك نەخشەڕێگا وبەرنامەیەك بخەنەڕوو و وە ماوەی ٦مانگ دیاری بكرێ لەكوردستان تاكو هەموو حزب وریكخراوە وگروپ وكەسێك مافی ئەوەی هەبێت لەو پرۆسەیەدا بەشداری بكا و ئازادانە بانگەشە بۆ بەرنامەی خۆی بكا.هەروەك حزبی نیشتمانی سكۆتلەند كاتێ داوای رفراندۆمی كرد ئەو حزبە بەرنامەی خۆی بۆ سەربەخۆیی سكۆتلەند خستەڕوو كە لەباری ئابوری وسیاسی یەوە چی دەكا؟ مەسەلەی دراو وپەیوەندی لەگەڵ بەریتانیا چی لێ دەكا؟ پەیوەندی بە یەكێتی ئەوروپا وەچی لێ دێت؟ لەسەر نەوت وزۆر مەسەلەی تر چی دەكا؟ وە بەكورتی نەخشەڕێگای سكۆتلەندی سەربەخۆی ئاشكرا كردو بانگەشەی بۆكرد تا خەڵك بزانن لەو ریفراندۆمەدا بۆ بڕیاری سەربەخۆیی بدەن؟ یاخود باشوری سودان*٣ بڕیاری ریفراندۆمی بەپێی لەپێشەوە ڕێكەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی سودان كرد كە ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی دەنگی هێنا جیادەبێتەوەو هەموو چارەسەری كێشەو مەسەلەكانی ئەم ماوەی گواستنەوە وئینتقالیە بەڕیكەوتنی نوسراو ولەژێرچاودێری نێونەتەوەییدا ئەنجام دا.

رفراندۆم ئەگەر بڕیاری خەڵكە لەسەر چارەنوسی سیاسی كوردستان. پێویستە ئەو بەرنامەیە نیشانی خەڵك بدرێت كە چەند كات پێویستە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەك بڕیاری ریفراندۆمەكە و وە بۆچی ئەو ماوەیەی پێویستە و لەگەڵ كێدا ڕێكدەكەون لەسەر ئەو كاتە؟ لەگەڵ‌حكومەتی عێراق چی دەكەن؟ كێشەی نەوت وگازی عێراق وكوردستان و كێشەی كەركوك وناوچە دابڕاوەكان وسنور چۆن چارەسەر دەكەن ؟ لەگەڵ توركیا وئێران و نەتەوە یەكگرتوەكان چی دەكەن؟

لە نادیاری ئەم بەرنامەی سەربەخۆییەدا و شاراوەیی ئامانج لە بەرپاكردنی ئەم ڕیفراندۆمەدا، بارزانی پار ڕایگەیاند “سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ دەكات.”*١ بەم شێوەیە بارزانی پێمان دەڵێ كە مەبەست لەڕیفراندۆم سپاردنی كارتی سەربەخۆیی كوردستانە بەدەست سەركردایەتی سیاسی كوردستان تاكو بەپێی بەرژەوەندی خۆیان  ببێتە مایەی یاریكردن لەسەر پەتی ئەم سیناریۆ وهاوپەیمانی ونەخشانەی لەناوچەكەدا هەن و بەم پێیە جێگاوڕێگا و خۆیان  مسۆگەربكا. مێژووی سەدەیەك لە خەباتی خەڵكی كوردستان لە دژی داگیركەرانی ئینگلتەرە، ڕژێمی پاشایەتی، قاسم، سەلام وبەعس پێویستە ئەوەی لای خەڵك ڕۆشنكردبێتەوە كە داواكانی خەڵك بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی كراوەتە لیستێك لە داواكاری پلەوپۆست و پارەو ڕەسمیەتدان بە دەسەڵاتی ناوچەیی ئەم “سەركردایەتیە سیاسیەی كوردستان” لەژێر ناوی جۆراوجۆری لامەركەزی، حوكمی زاتی و فیدراڵیدا. ئێستاش لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە كارتی سەربەخۆیی بۆ هەمان ئامانج و بەهەمان مەبەست بەكار دەهێنرێ و هیچ كات بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەیەكجاری كۆتایی هێنانی ئەم چارەنوسە سیاسیە نایەت. ئەمە نهێنی پشتی پەردەی ڕیفراندۆمێكە كە پابەندنیە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانەوە.

لای ئۆپۆزسێۆنی گۆڕان هەموو خراپەكاریەكانی دەسەڵات بەهۆی “خواردنی سێوی پەرلەمانەوە” بووە و لێرەش هەر شینی ئەوە دەكا كە ڕیفراندۆم تا پەرلەمانەكە لەگۆڕ نەیەتەوە دەرێ حەلاڵ نیە. كوردستان لە چارەكە سەدەیەكی خودموختاری خۆیدا بە ڕێكەوت ناوبەناو پەرلەمانێكی بێ سەرو زمانی بووە و هەمیشە بڕیار بەدەستی یەكەم “سەركردایەتی سیاسی”بووە و هیچكام لە دۆستە دیموكراسیەكانی جیهانیش كێشەیان لە پەكەوتنی “پەرلەمانی كوردستان” نەبووە. كردنی سیاسەتی ڕیفراندۆم بە ئەمری واقیعی كوردستان نیشانی دەدا كە پرۆسەی دیموكراسی و پەرلەمانی لە كوردستان هیچ دەور و نەخشێكی لەسەر دیاریكردنی كوردستان نیە .

بەم كارتە ڕوخساری مەسەلەی قەیرانی سیاسی لە كوردستان لە پۆستی سەرۆكایەتی و داخستنی پەرلەمانەوە دەگۆڕێ بۆ شەڕی چارەنوس و سەربەخۆیی. هەڵكردنی ئاڵا لە كەركوك لەلایەن یەكێتی و بەڕێخستنی ڕیفراندۆم لەلایەن پارتیەوە ئەو گیانە ناسیونالیستیە دەكاتەوە بەبەر ئەم دەسەڵاتەیاندا كە دەنگی ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و هەژاری كزدەكا.

ئەم ڕاستیانەی سەرەوە ئەو ڕاستیە دەخەنە ڕوو كە بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتدارانی كوردستان یاریكردنێكە بە عەقڵ و مەزاجی خەڵكی كوردستان و سیاسەتێكە كە یاریكردنە لەسەر حسابی مافی بڕیاردانی خەڵكی كوردستان لەسەر چارەنوسی خۆی كە دەمێكە دەبوایە وەك خەڵكی كوردستان خۆمان رفراندۆم و سەربەخۆیمان ئەنجام بدایە و نەمان هێشتایە ئەم مافەش وەك باقی ژیانمان بكرایەتە یاری ودیاری دەسەڵات.

سەرچاوەكان

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0202201631

https://www.gov.uk/…/topic…/scottish-independence-referendum

http://www.aljazeera.net/news/arabic/ اهم-بنود-قانون-استفتاء-جنوب-السودان