ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەسەلەی رێفراندۆم و گشتپرسی لە باشوری کوردستان شتێک نییە کە تازە هاتبێتە سەرزاران. خود لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بەشێوازی نافەرمی لەپاڵ هەڵبژاردنی پارلێماندا تاقیکراوە و زۆربەی ئاشکرا و نە زۆر کەمتر لە تێکڕای دەنگدەران دەنگی خۆیان بە سەربەخۆیی دا. ئاشکرایە کە داوای هەر نەتەوەیەکی بندەست بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی نەتەوەیی خۆی سەربەخۆییە. هەربۆیەش خەڵکی باشوری کوردستان بە ڕاشکاوی دەنگیان دا بەسەربەخۆیی. 

ئاڵوزی و قەیرانە سیاسیەکانی نێوان دەوڵەتی بە نێو فیدراڵی و هەریمی کوردستان لە ماوەی دەساڵەی ڕابردووشدا بە ڕاشکاوی سەلماندویەتی کە بەرەبەرە دەستەڵاتدارەکانی بەغدا، پێ بە پێی بەهێزبوونیان دەگەڕێنەوە سەر خەتی شۆڤینی داگیرکەرانەی پێشوو و نەک تەنیا مل بە بەجێهێنانی ناوەرۆکی پەیمانی فیدرالی نادەن بەلکوو ئەمجارەیان بە شێوازی رێوی مەسلەکانەی تورکیە و ئێرانەوە تێدەکۆشن کوردبەگژ کورددابکەن و هەم هەریمی فیدڕاڵی نەتەوەیی تێکبدەن و هەم کوردستان بگێڕنەوە بن دەستەڵاتی داگیرکەرانەی خۆیانەوە. 

پرسی سەربەخۆیی و رێفراندۆم ماوەیەکی دوور و درێژە لە ڵێدوانەکانی سیاسی بەرپرسانی هەریمی کوردستاندا هاتۆتە گۆڕی. بەڵام هەتا ئەو چەند مانگەی دوایی بەشێلگیرانە باسنەکراوە. تەنیا وەک کارتێکی گوشارخستنەسەر بەغدا بەکاردەهات. بەڵام بەهۆی ناکۆکیەکانی ناوخۆیی حیزبەکانی باشوری کوردستان و تەنانەت دەستڕۆیشتوویی و نفوزی ئێران لەسەر بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان و سەرجەمی باندی عەلی باپیر و بزوتنەوەی ئیسلامی، دەستەڵاتدارانی بەغدا نەک هەر گاڵتەیان بەو کارتە گوشارە دەکرد بەڵکوو بەهیواشن لەبنەوڕەتەوە هەریم تێکبچێ. 

پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەناو کورددا بە قەد ماوەی پێنج سەتساڵەی داگیرکراویی کوردستان کۆنە. لە زۆر قۆناخدا بە بەرچاوی هاتۆتە گۆڕ و تەنانەت چەندجاریش دەستەڵاتی سەربەخۆ دامەزراوە و داگیرکەران ڕوخاندویانە. تەنانەت هەتا پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و دەستپێکی شەڕی سارد و جیهانی دووجەمسەریی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئامانجی سەرەکی هەموو شۆڕشەکانی کورد سەربەخۆیی کوردستان بوو. سەردەمی شەڕی سارد بیری خودموختاری و ژیانی بەیەکەوە لەگەڵ نەتەوەباڵادەستەکان بە هیوای سەرکەوتن و دابینکردنی کۆمەڵی خەیاڵی دێمۆکراتیکی ڕاستەقینە، ئەو ئامانجەی لەبەرنامە و بۆچوونی حیزبەسیاسیەکان پاککردەوە، بەڵام مێژوو سەڵماندی نەتەوەیەک کە نیشتمانەکەی داگیرکرابی ئەو هیوایەی قەت کوێر نابێتەوە. هەر بۆیەش پاش تێکچوونی خەونی وڵاتی دیمۆکراتیکی فرەنەتەوەیی بە نەمانی بەرەی سۆڤێت و تێکچوونی جیهانی دوو جەمسەری، هەمدیسان ئەو ئاگرەی بن خۆڵەمێش گەشایەوە.

لەسەرەتای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە، ئەمریکا و بەغدا ڕێککەوتبوون لەسەر بنەمای فێدراڵی پارێزگاکان و تەنانەت بەڕێز مام جەڵالیش لەسەرەتادا ڕازی ببوو. بەڵام پێداگریی بەڕێز بارزانی وپاشان پشتگریی بەڕێز مام جەڵال لەسەر فێدڕاڵیزمی نەتەوەیی و قەوارەی دوو نەتەوەیی عێراق بوو بە هۆی داسەپاندنی پەیمانی فێدراڵی. واتە یەکگرتوویی کورد لەو سەروبەندەدا بەری داوە. دەستەڵاتی لاوازی بەغدا بەڕواڵەت دانی پێداهێنا بەڵام بە نهێنی ئەوەی لەدەستی هات بۆ تێکدان و بەجێنەگەیاندنی بەندەکانی ئەو پەیمانە کردی. پێ بەپێی پەرەگرتنی دەستەڵاتی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران لە عێراقدا، پاشگەزبوونەوەی بەغدا لە پەیمانەکە بەرچاوتر دەبوو. هەروەها کێشەی ناو هێزە سیاسیەکانی باشور زیاتر پەرەی دەستاندو گروپە ئیسلامیەکان بازاریان گەرمتر دەبوو. دامەزراندنی دەوڵەتی شەراکەتیش بە بەشداری هەر پێنج حیزب وەک هەڵەیەکی گەورە نەک تەنیا چارەی گەندەڵکاریی نەکرد بەڵکوو بە پشک پشکێن پەرەی دا بە گەندەڵکاری و هیچ حیزبێک نەما کە کەمتاکورت تێوەنەلکێ. دەوڵەتی شەراکەتی بوو بە مەیدانی ڕمبازێنێک کە ئۆپۆزیسیون و دەستەڵات تێکەڵاو بوون. هەر ئەوەش بوو بە هۆی ناکارایی و لێنەهاتوویی پارلمان و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. ناوچەکان بەپێی دەستەڵاتی حیزبەکان بەڕێوە دەچوون. ئەنجامەکەشی بۆ هەموان ڕوونە کە ئێستاش لەبەرچاوە.

شەری داعەش و سەرکەوتوویی بەرچاوی هێزی پێشمەرگە سەرەڕای ناکارایی سەرەتایی لە پاراستنی شەنگاڵدا، پاشەکشەیەکی بە دەستەڵاتی بەغدا کرد و گیانێکی یەکگرتوویی هێناوە بەرناوماڵی کورد و ناوچەدابڕاوەکانی خستەوە بەردەستەڵاتی کورد. 

پێکهاتنی یەکێتی و پارتی لەسەر رێفراندۆم و مەسەلەی کەرکوک، قۆناخی دووهەمی گەڕانەوەی یەکڕیزی و یەکگرتنە کە دڵی نیشتمانپەروەران خۆش دەکا. هێنانەدیی ئەو ڕێککەوتنە بە کردەوە هەم پارتی و هەم یەکێتی بەهێز دەکاو هەم دەبێتە هۆی دابڕان و کشانەوەی بەرچاوی لایەنگرانی ئەو حیزبانەی کە دژ بە رێفراندۆم و سەقامگیریی دەستەڵاتی هەریم ڕادەوستن. 

هەر ئێستا کە ڕیفراندۆم نەکراوە خەتکێشانی مابەینی لایەنە جیاوازەکانی هەریم و وڵاتەکانی ناوچە، بەرە بەرە ڕوونتر دەبێتەوە. ئێران و تورکیە بەپێی دوژمنایەتیان لەگەڵ هەرچەشنە دەستەڵاتێکی کورد حەجمێنیان لێبڕاوە و بە ئاشکرا هەم لەسەر ڕێفراندۆم و هەم لەسەر مەسەلەی کەرکوک دژایەتی توندی خۆیان دەربڕیوە. عێراق و سوریاش وەک کلکەی ئێران لەسەر هەمان ڕەوشت دەڕۆن. لەمناوەدا بەشێک لەمێدیای کوردی سەر بە حیزبەکانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی باشور بە شێوازێکی بەخەیاڵی خۆیان دڵسۆزانە بەڵام لەڕاستیدا هەڵەشەکارانە، بە پێداگری لەسەر کەمایەسیەکانی بەرهەمی دەوڵەتی شەراکەتی، کە حیزبەکانی خۆشیان لەم شەراکەتەدا پشکیان هەبوو، بەرپرچی ئەم هەڵوێستە دروستە دەدەن و لە دژی بەشێوازێکی زەق پرۆپاگەندە دەکەن. بۆ وێنە سەرتاپای تەفسیرەکانی کا.ان.ان لڤێن و سنورمێدیا و میلەت پڕن لە نووسراوەی کەسانێک لەدژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و بارزانی کەجاروبارەش پاشگری نووسەری بەناوبانگیان وەدوادەخەن. حیزبەکانیان هەڵوێستی ڕوونیان نەگرتووە و کەسایەتیەکانیان بە هێنانەوەی ئەگەر و ئەمما و بە بیانووی ئەوەیکە دەبێ لەپێشدا ناکۆکیەکان چارە بکرێن بەچەشنی شەرمەزارانە دژایەتیی ئەو کارە رەوایە دەکەن کە دەبوو لەمێژبوو کرابا. تەنانەت ئاخاوتن و نووسراوەی کەسانی ناسراو بە پێوەندی لەگەڵ ئێران وەک عادڵ موراد هەررۆژە لە ماڵپەڕەکانیاندا دووپات و چەندپات دەکرێتەوە. ئەم مێدیایانە بەوەش دەستیان هەڵنەگرتووە و بە شێوازێکی ناشیرین و گوماناوی بارودۆخی ناو یەکێتی و ناکۆکیەکانی ناوەوەیان قواستۆتەوە ڕۆژانە قسە و تاوانبارکردنی بەشێک لەلایەن یەکێ لە دژبیرەکانی ناو یەکێتی بڵاو دەکەنەوە کە نووسراوەی هەڵۆ برایم ئەحمەد لەدژی مەلا بەختیار وێنەیەکێتی. لەکاتێکدا هەتا دوێنی مەلا بەختیار لە بەرانبەر پارتیدا بۆ ئەوان پاڵەوانی مەیدان بوو پاش دەربڕینی بیروڕاکەی لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و پشتگیری لە هاودەنگیی یەکێتی و پارتی لەپڕ بوو کەمتیار و گەندەڵکار. ئەویش بەقسەی هەڵۆ برایم ئەحمەد کە لەسایەی سەری خوشکیەوە و لەسەر سامانی نەتەوەیی ئێستا میلیۆنێرە و بڕوا ناکەم بەحەیاتی کاری کردبێ و ئارەقەی بۆ پارەدەرهێنان ڕشتبێ. ئەوەیکە ڕوونە خەڵکی سەرانسەری کوردستان بەدڵ دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدا و زۆربەی گەڵی کورد ڕیفراندۆم بە پێویست دەزانێ. زۆر باش دەبوو کە حیزبەکانی باشور سەرەڕای ڕەخنە و ناکۆکیەکانیان، وەک جولانەوەی هەموو حیزبە سیاسیەکانی وڵاتانی دیکە لە ئاست بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانیان، لەسەر ئەو مەسەلە کە مافێکی ڕەوای نەتەوەیەکی بەشخوراو و بندەستە و بەرژەوەندیی نیشتمانیمانە، هاودەنگ ببایەن و ئەو مێدیایانەش وەهایان بانگەشە بۆ کردبا کە ئەگەر کەسانێکیش مەیلی سەودای سیاسیان بە هەڵگرتنی ئەو دروشمە هەیە، بە حەیاتیان نەتوانن لەو پاشگەز بنەوە. 

لەڕاستیدا ئەگەر ڕیفڕاندۆم بکرێ تەنیا دوو بەرە لەبەرانبەر یەکتردا و دژ بەیەکتر رادەوەستن. بەرەی نەتەوەی کورد و بەرەی داگیرکەران. بەو پێیە هەلوێستی هەر حیزبێک و دەستەیەک، بە گشت نەتەوەی کورد و لە هەرچوارپارچەی نیشتماندا نیشاندەدا کە لەکام بەرەدادەبێ. هیوادارم کە هیچ کوردێک بەهەر بیروباوەڕێکی کە هەیەتی کارێکی وا نەکا کە مۆری پێڕەویی لە بەرەی داگیرکەرانی بە ناوچاوانەوە بدرێ.

2017/4/2