ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێمە ئەوە چاك  دەزانین وەك چیرۆكی فرانكنشتاین لە جیاتی سەركردە بۆ رزگاری و دادپەروەری كۆمەڵایەتی, دێوەزمەمان بۆ مەرگ و برسێتی بەرهەم هێناوە, گۆڕانكارییە جیهانییەكان نەبونایە, ئێستاش لە دوای سفرەوە دەبوین چاوەڕوانی بەرهەمی ئەوانمان بكردبایا, لە زۆر بۆنەو كاتدا داوا دەكەین وڵاتان لە پێشیانەوە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە كورد بكات لە بەرامبەر تاوانەكانی كە لە رابردوودا سەدام حوسێن و ئەوانی دی ئەنجامیان داوە بەرامبەری, داوا دەكەین  تاوانباران دادگایی بكرێن ....., داوا دەكەین قەرەبومان بكەنەوە, داوا دەكەین و داوا دەكەینەوە......., كەچی لەملاوە كۆمەڵێكی دیكە لەناو خۆماندا هەن, فەرمانڕەواو دەسترۆیشت و قسەرۆیشتوون, هەمان داواكاری دەیان گرێتەوە كەچی بەرەو رویان ناكەینەوە,قسەی هەندێك لە تۆمەتباران هەندێك راستی تێدایە كە دەڵێن ئێمەش وەك ئەوان,  ئەوانیش لە لای خۆیانەوە پێشێلكاری زەقی مافی هاوڵاتیانی كوردستانن و پێویست دەكات لە سزا رزگاریان نەبێت, ئەگەر دەمانەوێت قەرەبووی قوربانیان بكەینەوە و ماف بگەڕێتەوە بۆ مەزڵومان,دادوەری پارچە پارچە ناكرێت, بەڵكە پاكێجێكی یەك جەستەیە و تاوانیش هەركێیەك ئەنجامی دابێت سزای یەكە, لە پلەو پۆست و ئینتماو دەسەڵاتی تۆمەتبار ناگەڕێتەوە.

لە بیرمە لە ساڵی 2003 بۆ 2004 بۆ یەكەمجار تاڵەبانی بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق, بابەتێكم نوسی لەسەر ئەوەی سەرۆك داوای لێبوردن بكات لە گەلی كورد لە پای تاوانەكانی هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەكانی دی, ئەمە پێش ئەوەی ببێتە داواكاری رێكخراو جەماوەر, چۆن پێ  هەڵشاخانێك بەرەو روم بونەوە, تەنانەت ویستیان پەلاماری جەستەیشم بدەن, وەلێ وەك نەبام بینیبێت نە باران بەردەوام بووم,  تەقدیس كردنی سەركردە و بە موقەدەس كردنی هەڵەو  تاوانەكانی بۆ خۆی كارەساتبارترە لە كارەساتەكانی دوژمنان.

قەت سیاسییە دەسترۆیشتوەكانی ئەمرۆی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان ئەم داوایە ناكەن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا, بۆ جارێكیش لەسەر مێزی گفتوگۆكانیان باسی لێوە نەكراوە, بگرە  ئەوەی رقیان لێی ببێتەوە ئەم داواكاریانەیە, وە قەتیش ئەم داواكارییە تا دەسەڵاتدار بن نابێت بە داواكاری گەلێك , چونكە زیرەكن چاك دەزانن لەوەی پێیان بڵێن باشە فەرموو لە خۆتانەوە دەست پێبكەن, خۆ ئێوەش كەمتان بە گەل و تێكۆشەرانی سیاسی خۆتان نەكردووە .

ئەمانە ستافێكی سیاسین زۆربەیان شارەزاییان لە یاساكان و جاڕنامە گەردونییەكانی مافی مرۆڤ هەیە, ئەوان دەزانن داوای لێبوردن كردن یانی چی؟, بۆچی؟, كەی و لە كوێ بەكار دێت ؟, دەزانن دادگاییكردن یانی چی ؟, چی بە دوادا دێت؟, دەزانن قەرەبوو كردنەوە چییە و كێ و بۆچی دەكرێتەوە ؟,  وەلێ بۆ نایكەن ؟, ئەمە پرسیارەكەیە, وەڵامەكەشی لە گیرفانی خۆیاندایە چونكە دەزانن لە رابردوودا چییان كردوە؟,دەچێتە چوارچێوەی كام تاوانەوە ؟, دەزانن چیان چاندووە؟, ئەمرۆ كاتی هاتووە, یان كاتی دێت  بیدورنەوە.

خۆ ئەوان رۆژانە دەبینن لە سەر بڵاو كردنەوەی هەواڵێكی هەڵە لە پانتایی جیهان, داوای لێبوردن لە گوێگران و بینەران و خوێنەران و ماف پێشێلكراوان دەكرێت, دەزانن كە رێزلێنانێك بە هەڵە دەخوێنرێتەوە داوای لێبوردن دەكرێت, نموونە كەناڵی 4ی بەریتانیا كە ناوی ئەبو عزەدین بە هەڵە هێنا داوای لێبوردنیان لێی كرد,  دەزانن وشەیەكی ناشرین بە یەكێك دەوترێت دادگا بەر دەرگایان لێدەگرێت, كەچی ئەمان لە رابردوودا  تاوانی گەورەتریان كردووە كەچی بێدەنگن, وەك ئەوەی مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی داهاتوو  لە گۆڕیان دەرنەهێنێتەوەو دادگاییان نەكاتەوە لە سەر رابردوو, ئەمان ئەوەش دەزانن ئەو تاوانانەی كردویانە  قورس و نێونەتەوەیین و كات و شوێن هەر بە زیندوییان دەهێڵێتەوە, كەمیش نین ئەو سیاسی و تۆمەتبارانەی دوای مردنیشیان مێژووە دروستكراوەكان و چەپَڵەكان دادیان نادات و بە تاوانبار خراونەتەوە ناو مێژوەوە , دەزانن ئەوان خەڵكیان بێ دادگایی بەرەو مەرگ رەوانە كردووە, رێزیان لە پەیمانامەو پرۆتۆكۆڵە جیهانییەكان تایبەت بە مرۆڤ و دیلەكانی جەنگ نەگرتووە, بە كۆمەڵ دیلیان لەسەر ناسنامەی سیاسی كوشتووە, خەڵكیان وەك قەڵغانی مرۆیی لە جەنگەكاندا بەكار هێناوە, بانیكان تاڵان كردووە , پێش سوپای وڵاتان كەوتوونە و شەڕی درێژ خایەنی ناوخۆییان هەڵگیرساندووەو بە بلۆك سەری خەڵكیان پان كردۆتەوەو بە تەور لە ملیان داوە, سەدانیان بێ سەروشوێنكردووە, زمانی قسەكردن و پەنجەی نوسینیان بڕیوەتەوە, سامانی سەر زەمینی و ژێر زەمینیان تاڵان كردووە,  ...... ئەرێ گەلۆ لە سەردەمی داوای لێبوردنەكان كە ئەمرۆ تیایدا دەژێین  هەموو ئەوانە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و سیاسی هەقی داوای لێبوردنكردن نییە؟؟, ئەرێ ئەوان مەزنترن یان پاپای ڤاتیكان هەر رۆژەی لەسەر كردارو بۆچونێكی موقەدەسی رابردوو  داوای لێبوردنە كات, كە خۆشی ئەنجامیانی نەداوە.

راستە سیاسییەكان بە تایبەت كوردەكان خۆیان بە زیرەكترین و لێهاتوترین و نمونەی باڵا دەزانن, دەروێشەكانیشیان كە لە خەڵوەتا خەریكی سەربادانن هەر وا دەزانن, وەلێ وا نییە لەمەدا هەڵەن كە وا هەست بكەن, گەل تا سەر چاوپۆشی لە تاوانەكانی رابردویان بكات, تا سەر دەمی قوربانیان ببەسترێتەوە, لەناو تاوانی یەكتردا خوێنیان بشارێتەوە.

ئەگەر ئەوان رۆژانە داوای لێبوردن لە هاوسەرو مەعشوق و منداڵەكانی خۆیان لە بەرامبەر بچوكترین و بێبایەخترین شتدا دەكەن, ئەوا پێویستە لە بەرامبەر ئازارێكی قورس كە  بە بەرامبەرەكانت و بنەماڵەكانیان  گەیاندووە داوای لێبوردن بكەن.

نهێنییەكانیان داوای لێبوردنە كەن, قوربانیان داوای قەرەبو دەكەنەوە, داوا دەكەن راستییەكان دەرخرێت و یادیان بكرێتەوەو كەسوكارەكانیان قەرەبوو بكرێتەوە . تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا  داوای لێبوردنی لەسەردەمی كۆیلەداری كرد لە ساڵی 2006, هەرچەندە نەك خۆی بەشدار نەبووە تیایدا, بگرە زیاتر لە 183 ساڵە لە وڵاتەكەی هەڵوەشاوەتەوە, غۆردن براون لە 2010  داوای لێبوردنی لە ناردنی دەیان هەزار منداڵی بەریتانی بە زۆر بۆ ئووسترالیاو نیوزلەندە كرد , دیڤید كامیرۆن داوای لێبوردنی لە قوربانیانی یارییەكەی ساڵی 1989ی هیلیسبیرۆ كرد ,  ئیبرام نیكۆڵن سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا  داوای لێبوردنی لەسەر جەنگی ناوخۆیی كرد,ریتچارد  نیكسۆن داوای لێبوردنی لە واتەر غێت كرد و بەو هۆكارە  دەستیشی لەكار كێشایەوە, ریگان لەسەر ئێران گێت داوای لێبوردنی كرد, كیلنتۆن كە گەورە دەوڵەمەندانی ۆڵ ستریتی داوەتی كۆشكی سپی  كرد بۆ كۆكرنەوەی بەخشش بۆ پارتی دیموكرات كە زانرا داوای لێبوردنی كرد,كیسنجەر  لەسەر هاوكاری ئەمەریكا بە كودەتاچییەكانی شیلی بە سەرۆكایەتی بینۆتشە داوای لێبوردنی كرد, كە  تا ئێستا لە دادگای شیلی داواكراوە بە تۆمەتی هاوكاری كودەتا  بەسەر حكومەتی چەپگەرای شیلی سیلفادۆر  ئەلیندی, وەلێ  ئامادەی دادگا نابێت, دیكلیرك  و ماندێلا  داوای لێبوردنیان كرد, دیكلیرك لەسەر سیاسەتی ئاپارتاید, ماندیلاش لە بەرامبەر ئەو بێتاوانانەی بونە قوربانی لەسەردەمی خەباتی چەكداری, كەچی خۆیان كۆتاییان بە ئاپارتایدو زەبروزەنگ هێنا,حكومەتی كەنەداو ئوسترالیا داوای لێبوردنیان لە كۆمەڵكوژی هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیاو كەنەدا كرد.

بەشێوەی گشتی سەردەمی ئێستا سەردەمی دادگایی سەركردەكانە لەسەر تاوانەكانی رابردوو و داوای لێبوردنیانە لەبەرامبەر پێشێلییە زەقەكان چ ئەوانەی خۆیان كردویانە یاخود بەهۆی دەسەڵاتەوە بۆیان ماوەتەوە.

كەی رۆژێك هەڵەستین , سیاسییە دەسترۆیشتوەكانی كوردیش پێش ئەوەی نەوەكانی داهاتوو لە گۆڕەكانیان دەریان بهێنن و دادگاییان بكەن, خۆیان دان بە راستییەكاندا بنێن و داوای لێبوردن بكەن و ئیعتیبار بۆ قوربانیەكانیان بگەڕێننەوەو زەرەر مەندان قەرەبوو بكەنەوەو رێز لە یاداوەریان بگرن.

لاتان مسۆگەر بێت قوربانیانی تاوانەكانتان تا سەر بێدەنگ نابن, لە كۆتادا دادپەروەری ئەوان سەرە كەوێت و ماف بۆ قوربانیان دەگەڕێتەوە.