ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەر لەوە بگەرێین کە ڕژێمی (بەعس) لە سوریا ڕژێمێکی دێکتاتوری نمونەی بو .. ئەبێ بپرسین ئاخۆ هۆکاری سەرەکی هەوڵ و تەقەلای ئەمریکا بۆ روخاندنی ئەو ڕژێمە بۆ ئەوە نەبو کە گەلی سوریا لەو مەینەتیە ڕزگاربکات؟ یان هۆی سەرکی ئەوە بو کە ئەو ڕژێمە ئامادە نەبو بچێتە ژێر دەوارەکەیەوە و ملی بۆ کەچ بکات.. هەر بۆیە بو بە پشتیوانی بەرهەڵستکارانی ڕژێمەکەو بە کۆمەکی تورکیا و دەولەتە ئەڵقە لە گوێ کانی تر. نەک تەنها ئەیویست ئەو ڕژێمە بڕوخێنێ بەڵکو بەش بەشی بکات ـ لەبەر ئەوە بێجگە لە بەرهەڵستکارەکانی خودی سوریا, داعش و قاعیدە و نوسرە ـ یشی بەردایە گیانی و دەیان قەسابخانەی وەکو خان شەیخون/ یان لە سوریا دا دروست کرد لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا. و زیاد لە پێنج ملیون خەڵکی ئەو وڵاتەیان ئاوارەو دەربەدەر کرد...

ئەگەر روسیا نەهاتایایە کایەوە لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لەناوچەکدا یان بۆ تۆڵەی ئۆکرانیا. دەمێک بو ئەمریکا وەکو ساڵی ٢٠٠٣ / ی عێراق لە سوریا حوکمران ئەبو بە پشتیوانی بەکرێ گیراوەکانی و بەش بەش کردنی. ئەمە چەند جارێکە حکومەتی سوریا تاوانبار ئەکرێ بەبەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی تیرۆریستان و چەند جارێک لوجنەی شارەزایانی نەتەوەیەکگرتوەکان چون بۆ پشکنینی و هیچیان دەست نەکەوت. هەرچەندە ڕاپۆرتەکانیان هەر دژی سوریا بو. ئەمجارەیان حکومەتی باڵە دڕندەکەی سەرمایەداری ئەمریکا بەدەستی ئەنقەست. داوای نەکرد لوجنەیەکی تری شارەزایان بچن بۆ سوریا. هەرچەندە حکومەتی سوریا یەکسەر ڕایگەیاند کە ئامادەن بۆ هاوکاری کردنیان.. بەڵکو بۆ خۆ نواندن و هەڕەشەکردن لە هەر حکومەتێکی تر. بنکە سوپاییەکانی ئەو وڵاتەی بەر موشەک دا. هەروەکو ئەو هەقداری خەڵکی ئەو شارە بێت!! یان ماف پارێزی میللەتان بێت!!

ئەگەر لە ڕوانگەی یاساو بریارەکانی کۆمەڵگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بروانینە خۆ فەرزکردنی ئەمریکا لەو وڵاتەدا کە ئەندامی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیە. ئەوا بێ چەند و چون ئەڵێین ئەمریکا داگیرکەرە!!

ئەوەتا وەکو خاوەن ماڵ لە کۆبانێ فڕۆکەخانە تەیار ئەکات!! بەبێ گوێدان بە هیچ عورف و یاسایەکی نێو دەوڵەتی....

ئەم پەلامارەیشی بە موشەک دیسان دەست درێژیەکی دوژمنانەی زلهێزانەیە بەبێ چەندوچون.. پشتیوانی کردنی تیرۆریستان و بەرهەڵستکارە ئەڵقە لە گوێکانیەتی کە خەریکە لەو وڵاتە بەدەرئەنرێن. چونکە دوای وەدەرنانی ئەوان هیچ بیانویەک بە دەستی ئەمریکاوە نامێنێ بۆ مانەوە لە وڵاتەدا.

ئەم دوژمنکاریەی ئەمریکا بارودۆخی سوریا زیاتر ئاڵوزتر ئەکات. تیرۆیستەکان پشت قایم تر ئەکات. کوشتن و وێرانکاری پەرەپێ ئەدات. کێشە لەگەڵ روسیا دروست ئەکات... لەمانەیش زیاتر ئەیسەلمینێ کە یارمەتی داعش ئەدات. ئەو داعش/ەی کە هێلاری کلینتۆن وتی ـ خۆمان واتە ئەمریکاـ دروستی کردو کردمانن بەگژ سوریاو عێراق دا.

بەهەر حاڵ دەرکەوت کە ئەمریکا سەغڵەت و تەنگەتاوەلەوەی کە سوریا بە یارمەتی دانی روسیا و ئێران نەک هەر خۆی ڕاگرت بەڵکو بەرەو سەرکەوتن مل ئەنێت. لەم حاڵەتەیش نەخشە و پلانەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا شکست ئەهێنێ.

لە کۆتاییدا ئەڵێم: سەیر لەوە دایە کە ئەمریکاو زل هێزەکانی تری ڕژێمی سەرمایەداری گوێ ناگرن لە هاوارو بانگی حکومەتی سوریا کە چەند جار ڕایگەیاند ـ کە چەکی کیمیایان هەر نیە و بەکاریان نەهێناوە ـ بەئاشکرا دیارە ئەمریکا بە تەمای لێدانی ڕاستەوخۆی سوریا بو بەڵام بۆ بیانو ئەگەڕا..

بەرهەڵستکاران ئەگەر بە ڕاستی نوێنەری گەلی سوریابن ئەبێ ئەم پەلامارەی ئەمریکا بە زەقی مەحکوم بکەن....

ئەحمەد حامید