ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال/هه‌موومان قسه‌ ده‌كه‌ین نه‌ك دیالۆگ

بڕوای‌ پته‌وم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ دیموكراسی‌‌و به‌زمانێكی‌ جوان‌و پاراو نه‌توانێت له‌باره‌ی‌ جیاوازییه‌كان بدوێت كۆیله‌ی‌ زمانه‌، هه‌ركه‌سێك هێلێكی‌ راست‌و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌دا بهێنێت كه‌هاوفیكری‌ ئه‌ونین‌و له‌پرس‌و مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كان وه‌كو ئه‌و بیرناكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا بیه‌وێت‌و نه‌یه‌وێت خزمه‌ت به‌ كه‌لتوری‌ توندڕه‌وی‌‌و پاشه‌كشه‌ پێكردنی‌ پرۆسه‌و فیكری‌ دیموكراسی‌ ده‌كات.

 به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دۆخێك خوڵقێندراوه‌ كه‌ئه‌گه‌ر تۆ له‌وپه‌ڕی‌ پاكیزه‌یی‌‌و بڕوابوونی‌ خۆته‌وه‌ باسی‌ جوانی‌ وه‌رزی‌ به‌هارو ماندوێتی‌ هاوین و خه‌زانی‌ پایزو ساردی‌ زستان‌و ته‌ڕی‌ باران‌و به‌خشنده‌یی‌ دایك‌و خۆنه‌ویستی‌ شه‌هیدو قاره‌مانێتی‌ پێشمه‌رگه‌و دڵره‌قی‌ (داعش) بكه‌یت، ئه‌وا تۆ كرێگرته‌و سیخوڕو پیاوی‌ فلانه‌ حزبی‌، چونكه‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ئێستا سه‌رۆك یا سكرتێر یاخود رابه‌ری‌ ئه‌و حزبه‌ ئه‌ویش وه‌كو تۆ له‌باره‌ی‌ به‌هارو هاوین‌و زستان‌و پایز‌و باران‌و شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌ قسه‌ی‌ كرد، بانووسه‌ر بیت‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ نووسین‌و رۆشنبیریدا داهێنه‌ر بیت، باجه‌نگاوه‌ری‌ رێگای نیشتمان‌و ئاشتی‌‌و جوانی‌ بیت، با پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین بیت‌و زامی‌ گولله‌ی‌ به‌عسیه‌كان به‌جه‌سته‌ته‌وه‌ بێت، بازیندانی‌ سیاسی‌ بووبیت‌و كه‌ڵبه‌ی‌ به‌عس به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ی‌ وجنجڕ وجنجڕ كردبێت‌و تۆ سه‌ر به‌رزانه‌ نهێنیه‌كانی‌ شۆڕشت پاراستبێت‌و ئالاَی‌ كوردستانت به‌رامبه‌ر به‌جه‌للاده‌كانی‌  زیندان به‌رز راگرتبێت، هه‌موومان ئه‌وانه‌ نایخوات‌و مادام هه‌ڵوێست‌و رای‌ تۆ له‌سه‌ر پرسێكی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ فلاَن حزب وه‌كو یه‌كه‌، كه‌واته‌ تۆ په‌یوه‌ندی‌ نهێنیت به‌و حزبه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو نه‌ك خۆت‌و باوك‌و باپیرت‌و دراوسێكانیش دژی‌ گه‌ل‌و نیشتمان بوونه‌!، راستی‌ مێژوو سه‌لماندوویه‌تی‌ كه‌ شۆڕش‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازی‌ گه‌لی‌ كورد له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی‌ كوردستان فره‌ حزب‌و فره‌ سه‌ركرده‌و جولاَنه‌وه‌ی‌ جۆراوجۆر بووه‌، مێژووی‌ ئه‌و شۆڕشه‌ له‌سه‌ر هیچ حزب‌و لایه‌نێك تاپۆ نییه‌، به‌ڵكو شتێك له‌جوانی‌ ‌و گرنگی‌‌و قورسایی‌ سیاسی‌ شۆڕشی‌ كورد خۆی‌ له‌و فره‌ییه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، بۆیه‌ش ناكرێت‌و بگره‌ كوفرێكی‌ سیاسیشه‌ له‌سه‌ر جیاوازی فیكری‌‌و سیاسی‌ وێنه‌ی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ یه‌كتری‌ ناشیرین بكه‌ین‌و ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ (میت‌و ئیتلاعات‌و داعش‌و عه‌قڵیه‌تی‌ بڕینی‌ بوودجه‌ی‌ هه‌رێم) بۆ ئێمه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ش ئاوا وێنای‌ به‌رووبوونه‌وه‌ی‌  (داعش) له‌كۆبانێ‌ – شه‌نگال-مه‌خمور-كه‌ركوك- سنوره‌ ده‌ستكرده‌كانی‌ تێك شكاند و لوله‌ی‌ تفه‌نگ‌و ئیراده‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ گه‌ریلاو شه‌رڤانان‌و پێشمه‌رگه‌ نه‌خشه‌ی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ی كێشایه‌وه‌ (باكور، خۆرئاوا، باشوور، رۆژهه‌لاَت) یه‌ك ئامانج‌و یه‌ك ئاواته‌و بووه‌ به‌ وێردی‌  سه‌رزمانی‌ كورد.

 به‌رێزان باده‌ست به‌و خرۆشان‌و راچه‌نینه‌ سۆزه‌وه‌ بگرین كه‌ له‌كۆبانی‌‌و باشور بووه‌ ژێرخانی‌ كوردستانی‌ یه‌كگرتوو، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا من له‌هه‌ندێك كه‌ناڵی‌ میدیایی‌‌و تۆڕه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان ده‌یبینم وورد و خاشكردنی‌ ئه‌و ژێرخانه‌یه‌ بار رقی‌ ئه‌ستووری‌ له‌یه‌كتری‌ بوونه‌وه‌، بكه‌ینه‌ رق له‌داعش له‌میت له‌ ئیتلاعات له‌به‌غدای‌ مه‌زهه‌بی‌، ده‌زانن ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین یه‌كجار ته‌نیاین‌و بۆی‌ هه‌یه‌ زۆر شت له‌ده‌ست بده‌ین؟.

 هه‌موومان به‌ده‌نگی‌ به‌رز قسه‌ ده‌كه‌ین، كه‌س گوێ له‌كه‌س ناگرێت‌و له‌هه‌مووشی‌ كوشنده‌ تر هه‌موومان خۆمان به‌ڕاست ده‌زانین‌و به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵه‌، به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبینم و  ده‌یخوێنمه‌وه‌ دوژمنایه‌تیه‌ نه‌ك دیالۆگ، دیموكراسیه‌تیش له‌سه‌ر به‌رۆكی‌ خۆی‌ نووسیه‌تی‌ فه‌وزا.

  • 1