ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

برادەرێكی بیل كلنتۆنی سەرۆكی ئەمریكا نووسیویەتی، یەكێك لە هیوایەتە گەورەكانی كلنتۆن ئەوە بوو ببێت بەشاعیر، بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە زۆر كۆشا، دەیان دیوانە شیعری خوێندەوە، شیعر ببوو بە خۆراك و وێردی سەرزمانی شەووڕۆژی، بەڵام سەرەنجام نەیتوانی پەری شیعری بهێنێتەوە ژوانی خۆی و لەداخی ئەوەش كارێكی ئاسانتری دۆزیەوە و بوو بە سەرۆكی ئەمریكا.

لە كوردستان نەمێژوو نەتوانای ڕۆشنبیری و ئەزموون و نەدڵسۆزی گرنگە، بەڵكو ئەوەی دەتكات بەخاوەنی پلەوپایەو سەرمایەیەكی زۆر حزب، حزب شان و باڵ بۆ ئەندامەكانی دروست دەكات و فووی تێدەكات وەكو دەبدەبە دەیگەیەنێتە ئاسمان.

من و شەفە برادەری منداڵین و قۆناغی هەرزەكاریشیمان بەیەكەوە بڕی، ئەو شەفەیە "ڕاوە بەرازێك بوو لەو گۆڕە" تەمبەڵ هیچ نەزان، زۆربڵێ‌، ئێستایشی لەگەڵ بێت نەیتوانی قۆناغی سەرەتایی تەواو بكات، تەنانەت مەلای گوندەكەشمان بەدەست شەفەوە گیری خواردبوو، شەش ساڵ خەریكی سیپارەبوو، بەڵام نەیتوانی پیتەكان لەبەر بكات و تەنیا ئەلف و بێی ڕەوان بوو، دواتر (ح-خ-ش و غ)ی تێكەڵ دەكرد.

شەفە هێندە بەدوو ئێسك قورس و لەسەر ملان گران بوو سێبەرەكەی خۆشی پێی شەرم بوو لەدوای بڕوات، جا لەوەش گەڕێین چ درۆزنێكی گەورەبوو، ڕۆژێكیان شەفەم بینی باسی تاوانەكانی بەعسی دەكردو گوتی هەركاتێك هێزەكانی سەدام هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە كردبا، بەعس هێڵی ئینتەرنێتی لەو ناوچەیە دەبڕی، شەفە زۆرجار دەمی لە مەسەلە ئاینییەكانیش دەكوتاو جارێكیان بۆ كۆمەڵێك خەڵك قسەی دەكردو دەیگوت جارێكیان ئیمامی عەلی خۆی و هەشتا ئۆتۆمبێلی مێك زەمین هێرشی كردە سەركافرەكان، شەفە خەریكی گێلایەتی و ساختەكاری خۆی بوو، ڕۆژێك لەلایەن سكرتێری حزبێكی تازە هەڵتۆقیو تەلەفۆنی بۆ دەكرێت و دەڵێن سبەی وەرە بۆ بارەگای حزبەكەمان، شەفە بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، دواتر خشكەی كرد بۆ ناویەك لەدوو حزبە دەسەڵاتدارەكەو لەوێش ڕووەو سەرەوە هەڵكشا، ئەو ڕۆژەش لەبازاڕ بینیم گوتی: زیرەك كەمال دیار نی، گوتم شەفە سەردەمی من كۆتایی هات و سەردەمی تۆ دەستی پێكرد.

  • 1