ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە گەرمەی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان عەلی و معاویە لەسەر باج و دەسەڵات و جێنشینی، حوسێن كوڕی ئیمامی عەلی لەسەر سنوری سوریا-عێراق دەگاتە شاعیری ناوداری عەرەب (ابن الجهر) و لێی دەپرسێ‌ لەكوێوە دێی؟ (ابن الجهر) دەڵێت لە (كوفە)وە. حوسێن لێی دەپرسێ‌ لەشەڕی نێوان ئێمە و معاویە خەڵكی كوفە لەگەڵ كام لادان؟ (ابن الجهر) دەڵێت قوربان دڵیان لەگەڵ تۆدایە و شمشێرەكەشیان لەدەست (معاویە)دایە.

خوێنەری ئازیز منی نووسەری ئەم وتارە خەڵكی كۆنترین مەملەكەتی ئەو دنیایەم و ئەندامیشم لە دێریرنترین حزبی ئەو مەملەكەتە، خەڵكی مەملەكەت زۆر منیان خۆش دەویست، گوندی و شاری، گەورە و بچووك بەچاوی ڕێزەوە سەیریان دەكردم و دەستیان بۆ بە سنگەوە دەگرتم، حزبەكەم كە بەمەی زانی منی دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ببم بە سەرۆكی ئەنجوومەنی مەملەكەت، لایەنی بەرانبەر كە بەمەی زانی، ئەویش (شینەی سەرپان)ی وەكو ركابەری من دەستنیشان كرد بۆ هەمان پۆست.

هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێكرد من لەلایەك و شینە لەلایەكتر، من و هاوڕێكانم بەگوڵی سورەوە كوچە و كۆڵانی مەملەكەت نەما نەیكەین، كارنامەمان گوزارشت بوو لە هەقیقەتی ناخ و كێشەكانی خەڵك، هەڵبەتە مرۆڤە سوورەكان واش ناسراون كە دەست و دەم پاك و گفت و لفت شیرین و راستگۆن، لەولاشەوە (شینەی سەرپان) خۆی و دەیان ئۆتۆمبێلی جامڕەش و پاسەوانی چەك بەدەست و سەروچاو داپۆشراو هەڵمەتی خۆیان دەست پێكرد، بڕوا بكەن قسەكانی شینە هیچی بەسەر هیچەوە نەبوو، تۆزقاڵێك پەیوەندی بە هەڵبژاردن و ژیانی خەڵكەوە نەبوو، بۆ نموونە هاواری دەكرد (ڕقی دنیام لەلاتە، برنج و ڕۆن و زەڵاتە، ناوێرم ئەو كچە ماچكەم، لەبەر ئەو ئینزبیاتە) یان دەیگوت (بەختم سپیە وەك بەفر، بژی باران و چەتر) یان دەیگوت (كاردی و هەنار و شووتی جوانی هەروەكو توتی) یان دەیگوت (ئەگەر بێت و دەربچم تا بەغداد ڕاناوەستم، قاز و مراوی و عەلەشیش، ئەگەر بشمدەن لەشیش، هەرگیز ناكێشم حەشیش)، (تۆركە و هەنار و كاردی لێدە شینە خوا ناردی).

ئەنجامی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا، شینە بە پلەی یەكەم و دەنگێكی یەكجار زۆر بوو بە سەرۆكی ئەنجوومەنی مەملەكەت، منیش بە وێنەی سەربازێكی خەمباری شەڕگەی تێكشكان بەرەو ماڵ گەڕامەوە، دواتر تێگەیشتم خەڵكی مەملەكەت دڵیان لای من بوو، بەڵام دەنگیان بە شینەدا.

  • 1