ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەگەڵ شیشیلەشانی بەنگلادیشی قەناعەتم پێكرد كە رێگەم بدات بەردەوام بم لەسەر بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانی بەزمانی كوردی.

شیشیلەشان نوسیویەتی: پیاوێك هەبوو خەڵكی ئەوشارە بوو كە منی تێدا دەژیام، ناوی (عەبدۆ) بوو، رۆژێك پێی گوتم بەنگلادیشی، ئێمەی كورد زۆر زوو شتمان لەیاد دەچێت و لەوەشدا لە سمۆرە دەچین! گوتم بۆ سمۆرە چییەتی؟ گوتی سمۆرە لە وەرزی پایزدا دەچێتە سەر دارگوێزە بەرزەكان و دانەدانە گوێز لەسەر لقەكان لێ دەكاتەوە و دەیخاتە خوارەوە، دواتر بەپێ كوڵكە یەكە یەكەی گوێزەكان دەخاتە ژێر خاك، بۆ ئەوەی زستان بیانخوات، بەڵام زستان لەبیری دەچێت و سەرئەنجام لەناو سەرما و كڕێوەدا لەبرسان دەمرێت، ئینجا (عەبدۆ) بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی و گوتی: ساڵی (1991) ئێمەی كورد ڕاپەڕینێكی جەماوەری گەورەمان لە دژی رژێمی بەعس بەرپاكرد، لەو ڕاپەڕینەدا دەستمانگرت بەسەر چەندین باڵەخانە و شوێنی ترسناك و هەستیاری ئەو ڕژێمە، كە تێیدا هەزاران بەڵگەنامەی نهێنی و بنكە هەواڵگرییەكانی بەعس هەبوون، بەشێكی زۆری ئەو بەڵگەنامە و نوسراوانە ئێمەی كوردی توشی حەپەسان و توڕەبوونێكی زۆر كرد، چونكە بەپێی بەڵگەنامەكان دەركەوت كە بەشێك لە پیاوە دیارەكانی ناو شۆڕش لەسەرەوە خەباتگێڕ و لە ژێرەوەش سیخوڕ و پیاوی ڕژێمی بەعس بوون، ئەمەش بووە هۆی داڕمانێكی ئەخلاقی كەلتوری شۆرششگێڕانە و ناشیرین بوونی ئەو وێنە جوان ڕۆمانسییەی كە شۆڕشگێڕەكان لەلای هاووڵاتیانی كوردستان هەیان بوون، دواتر (مامە عەبدۆ) گوتی : بەنگلادیشی لەوە كارەساتتر ئەوەیە هیچ كاتێك لەوانەی كە فایلی بەعس بوونیان ئاشكرا بوو نەك دەرنەكران، بەڵكو لە لوتكەی سەرەوەی حزب و سیاسەت وەك خۆیان و دەستڕۆشتوتر لە جاران مانەوە، ئەو ڕۆژەش (كارۆخ)ی برام كە پێشمەرگەیەكی دێرینە و ئێستا هێندە هەژارە زەكاتی پێدەچشێت، ویستبووی لەیەكێك لە فەرمانگەكان دەبمەزرێت، یەكێك لەو فایلدارانە كە سەرۆكی فەرمانگەكە بوو داوای تەزكییەی حزبی لێ كردبوو.

  • 1