ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال/ رووسیا هات و هەرێمیش بێ بەرنامەیە

لەچەند رۆژی رابردوودا حكومەتی رووسیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەژمارەیەك چەكی زۆر قورسەوە خۆی گەیاندە ناوجەرگەی شەڕو رووداوە گەرم و گوڕەكانی وڵاتی سوریا، جگە لە جێگیركردنی بەشێكی بەرچاوی ئەو چەكانە لەشوێنە هەستیارو گرنگەكانی ئەو وڵاتەدا، هەروەها بەناوی شارەزا و پسپۆڕەوە ژمارەیەكی زۆری لەسەربازە سوور و چاوشینەكانی خۆی بەكوچەو شەقام و ناوەندی پێگە جوگرافیە گرنگەكانی سوریادا بڵاو كردەوە، هاتنی روسیا بەو قورساییە سەربازی و لوجیستیە بۆسەر هێڵە گەرمەكانی ئەو وڵاتە بەو دەست و بردی و گەرم و گوڕییە جیهانی تووشی حەپەسان و سەرسامییەكی گەورە كرد، هەروا راستەوخۆش وڵاتانی ناتۆو خودی (باراك ئۆباما)ی سەرۆكی ئەمریكای هێنایە سەر هێلی هەڵوێست وەرگرتن و راشكاوانە ناڕەزایی و دژایەتی خۆیان لەسەر ئەو كارە بەرامبەر روسیا دەربڕی، پسپۆڕانی بواری سیاسی و شارەزا و گرنگیپێدەرانی رووداوەكانی سوریا، هاتنی روسیایان بۆ سوریا بەو قەبارە سەربازی و لەناكاوییە بەشكستی سیاسەتو پڕۆژەی سیاسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسوریا لەقەڵەمدا پێیان وایە ئیدی ئەوەی لەداهاتوودا دەبێتە بزوێنەرو داینەمۆی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی وڵاتی سوریا حكومەتی روسیا دەبێتو ئەوەی ناوەڕۆكو ئاراستەی ئەو گۆڕانكارییانەش دیاری دەكات خودی روسیا خۆی دەبێت، ئێستا رووسیا لەناو جەرگەی سوریادا راستەوخۆ سەركردایەتی بەرەیەكی چوار قۆڵی ئێران – سوریا- عێراقو خۆی دەكات – بەرەیەك سونە گەراكان پێیان وایە بەرەیەكی شیعە گەراییەو پسپۆڕانو شارەزایانی سیاسەتی نێو دەوڵەتیش پێیان وایە ئەو بەرەیە رژێمی بەشار ئەسەد لەسەر عەرشی حوكمڕانی دەهێلێتەوەو پێگەی روسیاش نەك لەسوریا بەڵكو لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەی مایەی داخو كەسەرە ئەوەیە پێناچێت هەرێمی كوردستان لەهەمبەر تێكەڵاوبوونی روسیا بەرووداوەكانی سوریا سیاسەتی روون و بابەتی هەبێت، هەر لەبنەچەكەدا وای نابینم هەرێم ئەو مەسەلەیەی بەهەند هەڵگرتبێت. لەكاتێكدا زۆربەی پسپۆڕو سیاسەتمەدارانی جیهان پێیان وایە روسیا بۆئەوە نەهاتووە بەتەنها بەشار ئەسەدو رژێمەكەی لەرووخان رزگار بكات، بەڵكو بۆئەوە هاتووە نەگەڕێتەوەو لەدەستكاریكردنی نەخشەی سیاسیو جوگرافی و دەڤەرەكە رۆڵی سەرەكی هەبێت، دەبوایە كورد لەسەر ئاستی (سەرجەم سەرۆكایەتیەكان)و ناوەندەكانی توێژینەوە لەسەر ئەو پرسە دەیان كۆبوونەوەیان بكردباو هەڵوێستی خۆیان دیاری بكردبایە، چونكە روسیا لەناوچەكەدا سیاسەت دەخاتە قۆناغێكی نوێوەو ئیدی كوردیش لەباكورو باشورو خۆرئاواو رۆژهەڵات پێناچێت لەهاتنی روسیا دەستكەوتێكی ئەو تۆ بچێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی بەدەستیشی هێناوە پێ دەچێت بكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە.

  • 1