ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو شارەی منی لێ بووم بەدەست دەیان كێشە و گرفتی جۆراو جۆرەوە دەیناڵاند، بگرە خەڵكی بەجۆرێك گرفتاری دەیان پەتا و ئاریشە و دەردەسەری بوو بوون، كە هەرگیز هەستیان نەدەكرد كە لەشار دەژین، هەر ئەوەش وایكردبوو كە شارەكەیان لەهەر جۆرە سیما و خەسڵەتێكی شار بوون دابماڵدرێت، كەمی ئاو یەكێك بوو لە كێشە هەرە گەورەكانی خەڵك، شەوانە دەبووایە سەرجەم ئەندامانی خێزان بە نۆرە بەدیار هاتنی ئاوەوە ئێشكگری بكەن، چونكە كەس نەیدەزانی چ كاتێك و چ سەعاتێك ئاودێت، خاوەن بیری ئاو بە تەزكییەی حزبی دامەزرا بوو، بۆیە بێ‌ نۆرە و بە بەردەوامی ئاوی بۆ كۆڵانی بەرپرس و دەوڵەمەندەكان بەردەدایەوە و ماڵە هەژار و خانووە قوڕەكانیش هەفتەی جارێك دووجار ئەویش بۆ ماوەی یەك سەعات ئاویان بۆ دەچوو، ئیدی خەڵكی شار لەبەرانبەر بێ‌ ئاوی پردی تەحەمولیان ڕووخا و كاسەی بێزاریان لەسەری رژا.

بۆیە گەورە و بچووك و ژن و پیاو ڕێپێوانێكی فراوانیان بەرەو شارەوانی شار دەست پێكرد، لەوێ‌ لەبەردەم شارەوانی كەوتنە بەرزكردنەوەی دروشم و هوتاف كێشانە لەدژی گەورەی شار و سەرۆكی شارەوانی ئاوی (حەمەلاو گۆشت و چەلاو) سەرۆكی شارەوانی وەربگرێت بە درێژایی تەمەنی خەریكی ڕاوە ڕێوی بوو، خەڵكی پێیان وابوو یەكێك لە هۆكارەكانی كەم بوونەوەی ڕێوی لە وڵاتەكەمان پەیوەندی بە تفەنگەكەی (حەمەلاو گۆشت چەلاو)ەوە بوو، ئیدی سەرۆكی شارەوانی هاتە بەردەم ئاپۆرای جەماوەر و گوتی ئەی خەڵكی بێ‌ ئاوی شار سڵاوتان لێ بێت، دەزانم بێ‌ ئاوی تەنگی پێ هەڵچنیوون، هەر بۆیەش مژدەتان دەدەمێ‌ لەم نزیكانە كێشەی بێ‌ ئاوی ئێوە چارەسەر دەكەم، خەڵكی هاواری دەكرد، چەند هەنگاوێكت ناوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە؟ (حەمەلاو گۆشت و چەلاو) گوتی: بەناوی ئەنجوومەنی شار نووسراوی ڕەسمیمان بۆ وەزارەتی ئەوقاف كردووە بۆ ئەوەی هەینی داهاتوو تەواوی خەڵكی شار ببەن بۆ نوێژە بارانە، منیش دڵنیام خوا ڕەحم دەكات و باران دەبارێت، كە باران باری ئاوی ژێر زەوی زیاد دەكات و بیرەكان پڕ دەبن لە ئاو، ئیدی دڵنیا بن گرفتی ئاو لەم شارە نامێنێت! لەوە سەیرتر ئەوە بوو خەڵكی بەدەم چەپڵًە لێدان ڕووەو ماڵەوە گەڕانەوە.

 

  • 1