ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی گۆشە بەلای منەوە قورسترین کاری ڕۆژنامەوانییە، بۆیەش زۆر کەس کە دەیان ساڵە لەبواری نووسین و کایەی جیاجیای ئەو بوارەدا کار دەکەن، توانای نووسینی گۆشەیان نییە، چڕکردنەوەی بیرکردنەوە و ڕووبەری گۆشە و کورتبڕی و تێکئاخنینی خاڵ و بڕگە و وشە و ڕستە و چۆنییەتی داڕشتن و گەیاندنی مانا، هەوێنی هەموو گۆشەیەکی سەرکەوتوون، لەبارەی نووسین وتەیەکی باو هەیە، کە دەڵێت گرنگ بە تەنیا ئەوە نییە تۆ چی دەنووسیت، بەڵکو لەوە گرنگتر چۆنیەتی نووسینە، هەڵبەت هەڵبژاردنی بیرۆکە و چۆنیەتی ئاوێتەکردنی ئەو بیرۆکەیە بە وشە و ڕستە، ماهیەت و هێڵە گشتییەکانی هەموو نووسینێک دیاری دەکەن، من لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا لە سێ قۆناغی جیاجیادا و هەر لە هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان)، گۆشەی ڕۆژنامەنووسیم هەبووە، گۆشەی (خەرمانە، سایە، نیشانە) بەهەرسێکیان زیاتر لە دوو سەد ئەڵقەم نووسی، شانازیش بە خەرمانە و سایە و نیشانە دەکەم، هەرسێکیانم خۆش دەوێت، چونکە بەرهەمی بیرکردنەوە و تێڕامانی من بوونە، لەواقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری گەلی کوردستان.

زۆریش خۆشحاڵم کە لەدوای بڵاوکردنەوەی هەرگۆشەیەک خەڵکێکی زۆر ئافەرین و دەستخۆشەیان لێ دەکردم، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا زۆرجار هەر لەسەر نووسین کراومەتە ئامانجی تیروتانەی ئاشنا و بێگانە!!! ژمارەیەک لەوانە بڕوا ناکەم لەهەموو ژیانیان نامیلکەیەک یاخود ستوونێکیان لەبارەی کاری ڕۆژنامەوانی نەخوێندۆتەوە، بەڵام حوکمی کوێڕانەیان لەسەر قسە و نووسینەکانم دەدا، بەڵام گرەوی من لەوەدا براوە بوو، کە هەوادار و خوێنەری بەردەوامی گۆشەکانم زۆر زیاتر لەوانەی بەبێ ئەوەی ئەلف و بێی ڕۆژنامەوانی بزانن هەڵسەنگاندنی بۆ نووسینەکانم دەکرد، لەسەر زۆر ڕووداوەکان، دیاردەکان، ناشیرینییەکان هەڵوێستم هەبووە، جا بەنووسین بووبێت یاخود لەڕێگای شاشەی تیڤییەکانەوە بووبێت، جا ئەوەی نووسیومە و گوتوومە بەرهەمی قەناعەت و بیرکردنەوەی خۆم بووە، دەشێ لە هەندێکیان هەڵەبووبم و لەهەندێکیان ڕاست، ئاخر سروشتی مرۆڤ خۆی وایە و هەر ژیان خۆی بریتییە لە هەڵە و ڕاستی، سەرکەوتن و شکست، لێرەدا ئەم گۆشەیەم دەکەمە دوا ئەڵقەی گۆشەی (نیشانە).

بەهیوام لەداهاتووێکی نزیکدا بەستایل و فۆڕم و ناوەڕۆکی نوێتر درێژە بەکاری نووسین بدەم، سوپاسی سەرنووسەر و ستافی (ڕێگای کوردستان)یش دەکەم کە بەردەوام هاندەرم بوون.

  • 1