ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەبوو نەبوو، وڵاتێک هەبوو، ئەو وڵاتە لە دەورانی زوو لەلایەن دوژمنەکانی دابەشکرابوو، دانیشتووانی لەتێکی ئەم وڵاتە ڕۆژێکیان بە فەرمی داوەتیان کردم، ئەوەبوو لە (5)ی ئاداری ساڵی (1991) گەیشتمە یەکێک لە شارەکانی ئەم وڵاتە، وابزانم ناوی ڕانییە بوو، هەڵبەت منی ڕاپەڕین بۆ هەر کوێیەک چووبم ئازادیشم لەگەڵ بووە، بۆیە با هەقی ئەم هاوڕێیە دڵسۆز و گیانی بەگیانییەم نەخۆم و هەربۆیەش ئازادیشم لەگەڵ بوو، کە گەیشتینە ئەوێ پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین. خەڵکەکە بە ئەندازەیەک لە باوەشیان گرتین دەتگوت ئاشقە و مەعشوقە بووین و بەوپەڕی تاسەوە تێک ئاڵابووین. دواتر وردە وردە بەرەو شار و شارۆچکەکانی تری ئەو وڵاتە دەڕۆیشتین، لەوێش بەهەمان تاسە و ئەشقی ڕانیە لەباوەشیان دەگرتین، ماچبارانیان دەکردین، هەڵبەت من و ئازادی هاوڕێم دەگەیشتینە هەر شوێنێکی وڵاتەکە تاجی ڕزگاریمان دەخستە سەریان، هەر لەگەڵ دەستی خۆمان ئاومان برد بۆ ئەو ئاشانەی ئاویان لێ بڕابوو، ئاگردانی کوژاوەی یەکەیەکەی گوند و شارییەکانمان گەرم کردەوە، هەر لەگەڵ دەستی خۆمان زینمان بۆ کاکە مەم و شیرینیمان بۆ فەرهاد بردەوە، شیعرە هەڵاتووەکانمان بردەوە بۆ دیوانەکانی نالی و مەحوی و گۆران. هەر لەژێر سایەی ئێمەدا دایکی شەهیدان جلی ڕەشیان دانا و خۆیان باڵاپۆشی ڕەنگەکان کرد، بێکەس چووە سەر گۆیژە و پڕ بەدەنگی هاواری کرد؛ قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین/میللەتێکی قارەمانە هەر دەبێت سەربەست بژین. گۆران بە پێش خەڵکی ڕاپەڕین کەوتبوو؛ (کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو)ی دەگوت. شێخ مارف بەرزنجی چووە سەر قەڵای کەرکووک و پەتی سێدارەی لە گەردن داماڵی و پڕ بە گەرووی سروودی نەورۆزی بەکۆرس لەگەڵ کەرکووکییەکان دەگوتەوە. هەر بەدەست و پەنجەی ئێمە بە ڕیز چرای ئازادی لە تاق و ژوور و بەرماڵی سەرتاسەری کوردستان داگیرسانەوە. لەپڕ ڕۆژێکیان لە دەڤەرێکی نزیک ڕانیە ئەو شارەی من و ئازادی (5)ی ئادار لێی دابەزین، خەڵکی ئەوێ بەدار و بەرد و پاچە و خاکەناس بەربوونە گیانی یەکتری، منیش پرسیم ئەوە چییە؟ خەڵکی گوتیان هیچ نییە، دوو گرووپ هەن یەکێکیان بەناوی (گوڵم سەیدزادە شاڵ گرێ گرێ) و یەکێکیان بەناوی (سێو پێگەیی نەهاتی کە لیمۆ زەرد بوو وەرە)، لەسەر ریزێک دووکان بەربوونەتە گیانی یەکتری، دواتر شەڕ لەسەر دووکان وەکو ئاگر هەموو گوند و شاری گرتەوە، ئازادی هاوڕێم گوتی، ڕاپەڕینی هاورێی بەشەرەفم قەوما، تا زووە با هەڵێین، ئێرە کەڵکی ئێمەی نەما، لەپڕ کۆمەڵێک چەکدار هاتنە سەرمان و گوتیان پێشمان کەون! گوتم بۆ کوێ؟ لەپڕ ئێمەیان بردە بارەگەیەکی خۆیان و زیندانیان کردین، گوتمان کەی ڕەوایە ڕاپەڕین و ئازادی بخرێنە زیندان؟ گوتیان زروف گۆڕاوە و ڕاپەڕین و ئازادی نەما!

نەک هەر ئەوە بەڵکو ناوی ئێوەشمان گۆڕی- من کە ناوم ڕاپەڕین بوو ناویان نام (قەرە زیندان) و ناوی ئازادی هاوڕێشمیان کردە (ئاغای مەشهەدی). دواتر شەوێکیان بەناچاری بڕێک بەرتیلمان دا و لە زیندانەوە خۆمان گەیاندە ئەودیو سنووری وڵاتی گوڵم سەید زادە و سێو پێگەیی و نەهاتی کە لیمۆ زەرد بوو وەرە! خوێنەری ئازیز ئێستا من کە ناوم ڕاپەڕینە و ئەو چەند دێڕە دەنووسم؛ تەمەنم (28) ساڵە و ئازادی هاوڕێم بەو پێیەی ئێمە جمکین هاوتەمەنمە، بەڵام لە داخی ئەوانەی ئێمەیان ڕادەستی وڵاتەکەیان کرد و دواتر زیندانیان کردین، پیر و کەنەفت بوون و پشتمان چەماوەتەوە، بەدارەدارە بەڕێدا دەڕۆین، بەڵام ئێستا خۆشحاڵین کە چیتر ناومان قەرەزیندان و ئاغای مەشهەدی نییە و بەڵکو ناومان کردەوە ئازادی و ڕاپەڕین.

 

  • 1