ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە شارەكەم كۆنفرانسێكی گەورە بۆ گەڵامێو بەسترا، ئەو شارەی بەچێشتخانەی توركی و ئێرانی و ئەمریكی و ئیتاڵی.... تەنراوە، یەكەم جار بوو بە هەواڵی بەستنی كۆنفڕانس دڵخۆش بم، چونكە لەلایەك بەشی زۆر كۆنفڕانسەكان بەمەبەستی بێ‌ نرخكردنی ژیان دەبەسترێن و لەلایەكیش كۆنفڕانسەكە بۆ گەڵای مێوبوو، ئاخر گەڵای مێو خواردنێكی كوردەواریەو خەڵكی وڵاتەكەم دەستی پێوە دەخوات.

 منیش بەهەڵە داوەتی كۆنفڕانسەكە كرابووم!! دواتر لەناو چەپڵەو هات و هاوار، كۆنفڕاس دەستی بەكارەكانی خۆی كرد، بەڵام كاتێك ئەو كەسانەم ناسی كە ئامادەكارو بەڕێوەبەری كۆنفڕاس بوون تووشی سەرسوڕمان هاتم، باسەرتان نەهێشێنم و ناو و نازناوی ئەوانەتان بۆ بڵێم كە وتەبێژو دەم راست و ئامادەكاری كۆنفڕانسەكە بوون، فەرەج كنتاكی كەچەندین جار لای من گووتویەتی خواردنی سێ‌ ژەمەی كنتاكییە، سەمەد پیتزا كە لەگەڵ بینینی پیتزا لیكاو بەدەمیدا دێتە خوار، قەدۆی مەكدۆناڵد كەلای ئەو بەرامبەر مەكدۆناڵد هەرچی خواردنی كوردەواری هەیە فلسێكی قەڵپ ناهێنێت، حەكۆی فینگەر كەهیچ خواردنێك ناخوات قاپێك فینگەری لە پێش نەبێت، برزۆ فەلافل كە لەگەڵ خواردنی فەلافل مەست و حەیران دەبێت، سەیدۆی هەمبەرگر كەلای ئەو هەمبەرگەر شای هەموو خواردنەكانە، خاتوو ڕەعنا كە مام عەوڵای مێردی چەندین جار لای من گووتویەتی سی ساڵە رەعنا ژنمەو تائێستا خواردنێكی نەداومەتێ‌ سوێر نەبووبێت، باجی رووناك كە هەر جارێك و رۆژێك بۆنی سوتان بە كۆچەو كۆڵانەكانی گەڕەكدا بڵاو دەبێتەوە خەڵكی گەڕەك دەزانن باجی رووناك خەریكی لێنانی چێشتە، باجی حەلاو كە مام برایمی مێردی چەندین جار لای خەڵك گوتویەتی ئەو حەلاوەی ژنم نازانێت هێلكەو رۆنیش بكات، بەڵی خوێنەری ئازیز كۆنفڕانسەكە لەسەر گەڵای مێو بوو، بەڵام بەڕێوەبەرەكانی ئەمانەبوون كەباسم كردن.

 باش بوو خۆشبەختانە دوای سێ‌ رۆژی گفتوگۆی چڕ كۆنفڕانس كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا، لەهەمووی سەیرتر ئەوە بوو لەهەر نۆژەمی هەرسێ‌ رۆژەكەی كۆنفڕانسەكە یاپراخی گەڵا مێومان لەسەر مێزی نان خواردن نەدی، دیارە هەواڵی سەركەوتنی كۆنفڕانس دڵی والی شاری خۆشكرد، بۆیە بڕیاریدا بەناوی كوردەواری چێشتخانەیەك بۆ فەرەج و سەمەد و قەدۆ و حەكۆ و خاتوو رەعناو باجی رووناك بكاتەوە، منیش رۆژێك چووم بۆ ئەو چێشتخانەیە بینیم لەسەر دیواری چێشتخانەكە نووسرابوو لێرە باسی یاپراخی گەڵا مێوو و هیچ خواردنێكی كوردەواری مەكە، چونكە تەنها كنتاكی و شاورمەو هەمبەرگرو فەلافلمان هەیە، لەهەمووی سەیرتر لێژنەی هەڵسەنگاندی كۆنفڕانسەكان، كۆنفڕانسی گەڵای مێوی بەباشترین كۆنفڕانسی ساڵ دانا.

  • 1