ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حەلاوی خێزانم بەڵایەکە بۆ خۆی، ئاخر هەروا دەکات پێشنیازی سەیر سەیرم بۆ دەکات، ماوەیەک پێش ئێستا گوتی پیاوەکە مۆلیدەیەک لە گەڕەکەکەمان دانەنێین؟! ناچار خۆم خستە ژێرباری داواکاریەکەی حەلاو. برادەرەکانم گوتیان بۆ ئەنجامدانی کارێکی ئاوا دەبێت سەردانی بارەگای کۆمەڵەی ئازادیخوازانی مۆلیدەکانی وڵات بکەی، سێ و دووم لێ نەکرد و چوومە ئەوێ، گوتیان عەریزەیەک بنووسە، عەریزەم نووسی و چوومە لای بەرپرسی کۆمەڵە، گوتی بڕۆ لای بەرپرسی حزبی گەڕەک، یەکسەر ڕۆیشتم بۆ ئەوێ و هەر کە چوومە ژوورەوە، دوای سێ جار سڵاوکردن، ئینجا بەرپرسەکە چونکە خەریکی یاری پۆبجی بوو، بە سەری لووت وەڵامی دامەوە، گوتی ها؟ چیت دەوێ؟ گوتم قوربان دەمەوێت مۆلیدەیەکی کارەبا لە گەڕەکەکەمان دابنێم. گوتی بڕۆ نامەیەکم لە موختاری گەڕەکەوە بۆ بێنە، یەکسەر چوومە لای موختار و ئەویش بە فیزێکەوە قەڵەم و کاغەزی لەبەردەم دانام و گوتی چیت پێ دەڵێم ئەوە بنووسە، تومەز کاکی موختار خوێندەواری نەبوو، نووسراوەکەی موختارم برد بۆ لای بەرپرسی حزبی گەڕەک، گوتی ئا دەی بۆم بخوێنەوە، بزانم موختار چی نووسیوە، دواتر بۆم دەرکەوت کاکی بەرپرسیش خوێندەواری نەبوو. کاکی بەرپرس فۆرمێکی داپێم و گوتی بڕۆ پرسگە پڕی بکەوە، کە سەیری فۆڕمەکەم کرد ئەو پرسیارانەی تێدا بوو؛

ناوی خۆت و باوک و باپیرت، ناوی دایک و باوک باپیری دایکت، بە ئەسڵ خەڵکی کوێی، ناوی باوک و باپیری دە لە دراوسێکانی دەستەڕاست و دە لە دراوسێکانی دەستەچەپی ماڵەکەت، ڕەنگی پێست و درێژی باڵات، حەز لە چ جۆرە خواردنێک دەکەی، دەنگی کام گۆرانیبێژت پێ خۆشەم میزاجی کوردەواریت چۆنە، لایەنگری بەرشلۆنەی یان ڕیال مەدرید، حەز لە کام جۆری خواردن دەکەی ماستی هەولێر یان کفتەی سابوونکەران، لە دامە و تاوڵە و دۆمینە و پۆبجی زیاتر حەزت کە کامیانە، ژمارە مۆبایلی خۆت و خێزان و خەسوو و خەزوورت، بایەعەکەت ناوی چییە؟!

تەواوکردنی مامەڵەی دانانی مۆلیدە ساڵێک و دوو مانگی ویست، بەس ئەوەندە مابوو مۆلیدەکە بکڕم، ڕۆژێک پیاوێکی کەتەی ورگ زل خۆی و چوار چەکدار هاتنە ماڵەکەم، گوتیان ئەو مۆلیدەیەی دایدەنێیت نیوەی قازانجەکەی بۆ منە! گوتم بە چ هەقێک؟ گوتی یاسایە، دیارە تۆ لە یاسا نازانی؟ منیش قبوڵم نەکرد و ئەو بگرە و بەردەیەش هەشت مانگی خایاند و بەوەش مامەڵەی دانای مۆلیدە بوو بە دوو ساڵ، لە میانەی ئەو دوو ساڵەشدا ئەو پارەیەی داماننابوو بۆ کڕینی مۆلیدە وردە وردە هەموومان خوارد و گوتم ئۆخەی لەکۆڵ حەلاوی خێزانم و موختار و بەرپرس بوومەوە، بەڵام دوای ئەوە کێشەیەکی گەورەم بۆ دروست بوو، چونکە بەرپرسی حزبی گەڕەک و موختار و پیاوە کەتەکە کە بڕیار بوو ببێتە حازرخۆری بەرسێبەر، ڕۆژانە بانگهێشتم دەکەن و هەڕەشەی ئەوەم لێدەکەن کە ئیلا و بیلا دەبێت مۆلیدەکە دابنێم!

  • 1