ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەموو هەواڵێكی، دیمەنێكی تراژیدی، رووداوی خەفەت هێنەر، دەمخاتە حاڵەتی رامانێكی قووڵا‌و دۆخێكی تاسەبار، بەڵام هەواڵیش هەیە هەموو ئەو رووبەڕو سنورانەم پێ‌ تێدەپەڕێنێت‌و دەمخاتە حاڵەتی گریان، مەرگی ئیسماعیل سابوری زۆر گریاندمی، گێڕامیەوە بۆ دۆخی منداڵی، ئەو كاتەی لە رادیۆ شڕەكەی باوكم گوێبیستی سابوری دەبووم‌و كە بە وێنەی كۆترە باریكەیەكی تاق كەوتووی بریندار‌و دابڕاو لە دڵبەندەكەی هاواری دەكرد (دەردت لەمن ئازیز دەرت لەمن) منیش لەگەڵا ئەو وشە بە وشەو رستە بە رستە ئیقاعی دەنگی ئەو دووبارەم دەكردەوە.

سابوری دەنگی ئەفسوناوی جیهانی عەشق‌و غوربەت‌و دابڕان بوو، هەناسەی غەریبی گەورە كچەكانی سنەو بۆن‌و بەرامەی ئارەقەی هەینەی كچانی بۆكان‌و لەنجەو لاری قازو قومری گۆلاوەكانی ورمێ‌‌و جوانی مهابادی قازی بوو، حەیف ئەویشمان رۆیشت، ئیسماعیل سابوریشمان بەوپەڕی دڵشكان هەڵات لەو دونیایەی سیاسەت وێرانی كرد.

وەغەرت خێر یادت بەخێر سابوری، چل چرای ئاسمانی هونەر، ماڵئاوا ئەی عەشقە ناكامەكەی شیرین‌و فەرهاد، ئەی ئەو خۆرەی ئێوارانیش وەكو بەیانی هەڵدێی.

  • 1