ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند ساڵێك بەر لە ئێستا سەمەد چاوبەرەكم بینی، یەك بەخۆی هاواری دەكرد و بەدەستی ڕاست و چەپ دەیكێشا بە ئەژنۆی خۆی. بەدەنگی بڵند لەبەردەم خەڵكی ئاوایی دەیگوت وەڵاهی ئەوە ڕاست نییە، ئاخر خەڵكینە ئەمە كارەساتە، چۆن لێگەڕان (مستە خێڵ) ببێت بە ئەنجوومەنی گوند!! منیش لێی چوومە پێشەوە، گوتم بۆ سەمەد (مستە خێڵ) چییەتی؟ گوتی كاكە نابێت كەی ئەوە ڕاستە ڕیشسپی و دنیادیدەكانی گوند ئەو بڕیارە خراپە بدەن و مستە بكەنە دەمڕاستی خۆیان. ئاخر مستە تا منداڵ بوو هێلكەی سەر ڕاوكەی مریشكی دەدزی، كە گەورە بوو گوریس و پەتكە گولكی دەدزی، لەوەتەی من دەیناسم لەگەڵ خۆیشی ڕاستگۆ نەبووە، ئەوەی هەیەتی زمانێكی لووس و خۆنیشاندانییەتی وەكو زانا – بەڵام هیچ نازانێت و تەنیا قسەی خەڵكی ئەزبەر كردووە و لە دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان دووبارەی دەكاتەوە، منیش گوتم: سەمەد واز بێنە كێ دەڵێت مستە دوای ئەوەی بوو بە ئەنجوومەنی گوند عاقڵ نابێت و تۆبە ناكات و نایەت بۆ سەر ڕێگای ڕاست؟ گوتی: ناكاكی خۆم، خووی شیری هەتا پیری، ئاخر ئێستا مستە كە كراویشە بە ئەنجوومەن ڕۆژانە خەریكی تێكبەردانی كەر و سەگەكانی ئاواییە.

چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا لە كووچەیەكی ئەم شارە، سەمە چاوبەرەكم بینی، ڕیشی كە پێشتر ماش و برنج بوو سەراپای سپی بوو، پێشتر وەكو بەرزەكی بانان بەڕێگادا دەڕۆیشت، كەچی ئێستا گۆچانی پێیە، چوومە بەردەمی و پێم گوت، سەمەد دەنگ و باسی گوند؟ گوتی وەڵڵا گوندەكە ئێستا بووەتە ئاشی ئاو لێ بڕاو!! گوتم بۆ؟ گوتی مسە خێڵی ئەنجوومەن كە دەستی خۆی دیت گوندەكەی كردە دوو بەش و بەشێكیانی كردە خێڵی ڕەحمان و ئەوەی تریشی كردە خێڵی شەیتان، لە سایەی مستە مزگەوتێكیان هەبوو كرایە دوو مزگەوت، گۆڕستان و كانی ژنان كران بە دوو، سەمەد درێژەی دایە قسەكانی و گوتی زیرەك كاتی خۆی حاجی لەق لەق قوماش فرۆش بوو، بەمەتری كورت شتی دەفرۆشت، خوداش سزای دا و كردی بە لەق لەق، كیسەڵ دوكاندار بوو بەتەرازووی لاسەنگ شتی دەفرۆشت، خودا كردی بە كیسەڵ – قەلەڕەش موختار بوو دووزمانی دەكرد، خودا كردی بە قەلەڕەش!! گوتم سەمەد بێدەنگ بە ئەی مسەی ئەنجوومەن چی لێ هات؟ خوا ئەویشی كردە ڕێوی و دواتر لەیەكێك لەو هەردانە كلكی بە تەڵەی ڕاوچییەكەوە بوو، بەڵام داخەكەم گوندەكەش بووە وێرانە.

  • 1