ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / ناشیرینترین پیاوی دینا

لەدنیای دیبلۆماسیەت و سیاسەتی نێو دەوڵەتی بەگشتی، قسەیەكی باو هەیە كەدەڵێت: ئەگەر بتەوێت ببیت بە دزیۆترین و ناشیرینترین پیاوی دنیا، ئەوە ببە بە وەزیری دەرەوەی روسیا، ئاخر روسیا بەدرێژایی مێژووی سیاسی خۆی و بەتایبەتیش لەو چەند سەدەی دوایی بەڕووی دەرەوەی خۆیدا خراپترین و دزیۆترین سیاسەتی پیادەكردووە، بەر لەهەموو شتێك لەسەر هەموو ئاستەكاندا پاڵپشتی رژێم و سەركردە دكتاتۆرەكانی كردووەو لەهەموو هێرش و پەلامارێكی ئەو رژێم و سەركردە دكتاتۆرانە بۆ سەر مافە مەدەنی و كۆمەڵایەتی و دیموكراسیەكانی تاكو كۆی كۆمەڵگاكانی خۆیان روسیا پشتگیری كردوون، گوتاری سیاسی و هەڵوێستی سیاسی روسیا بەدرێژایی مێژوو دژی مافی كەمینەكان بووە، دكتاتۆرو پیاو كەوا ئاورشمیەكانی میرەكانی كەنداوی لێ دەربكەی، بەشی هەرە زۆری رژێمە دكتاتۆرییە بەناو كۆمارییەكان لەوانەش سەدام و رژێمەكەی بەپاڵپشتی راستەوخۆی ماددی و مەعنەوی دەسەڵاتدارانی روسیا پایەكانی كورسی حوكمڕانی خۆیان قایمكردو درێژەیان بەدەسەڵاتی فاشییانەی خۆیاندا.

لەئێستاشدا بەبیانووی ململانێیەكانی ناوخۆی سوریاو پاڵپشتیكردنی رژێمی سوریا، وەكو روسیا دەڵێت: لەشەڕی دژی تیرۆرەوە روسیا هاتەوە ناوچەكەو لەناو دڵی رۆژهەڵاای ناوەڕاست بەپاڵشتی نوێترین چەك و مەشق پێكراوترین هێزی سەربازی ئوردووی خۆی لەدەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریا هەڵداو شورایەكی پۆڵاینی بەدەوری ئەو رژێمەدا دروستكرد.

پرسیار ئەوەیە، ئایا سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەو راستیە تێگەیشتوون كە ئامادەیی روسیا بەو قورساییە سیاسی و سەربازیە لەسوریا چ كاردانەوەو دەرئەنجامێكی بەسەر پرس و دۆخی ئێستاو ئایندەی كوردەوە دەبێت لەهەر چوار پارچەكەی كوردستان؟

تێكەڵاو بوونی مەیدانی هێزەكی روسیا بەململانێی و شەڕی سوریا، بەمانای بەهێزبوونی پایەكانی (هیلالی شیعی) لەناوچەكە، هیلالێك كەوا راستەوخۆ عێراق و سوریای خستۆتە ژێر پەرچەمی رەشی خۆی و لەهەردوو وڵاتی سوریاو عێراقیش تابۆی بكرێت و بۆی بلوێت دژی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان دەوەستێت و بەتایبەتیش لەئێستا كە باشورو رۆژئاوایی كوردستان خاوەن سێیەم دەسەڵاتی خۆماڵی خۆیەتی، بۆیەش ئەركی سەرشانی سەركردایەتی سیاسی باشورو خۆرئاوای كوردستانە لەهاتنی روسیاو كۆی دەرهاوێشتەو رووداوە سیاسییەكان یەك سەنگەربن، چونكە پسپۆڕانی سیاسی لەهەمبەر ئامادەیی روسیا باس لەوە دەكەن كە روسیا هاتووە كەدەسەڵاتی رژێمی لەرزۆكی بەشار ئەسەد بباتەوە هەموو ئەو شارو شارۆچكانەی كە ئۆپۆزسیۆن لەو چەند ساڵەی دوایی لێی سەندوون و بەكوردستانی خۆرئاواشەوە. بەرەی چوار قۆڵی ئێران – عێراق – سوریا كە روسیا سەركردایەتی دەكات سەرەنجام سەد لەسەد لەدژی گەلی كورد لەهەر چوار پارچەدا دەشكێتەوەو ئایندەی سیاسیش سەنگی مەحەك دەبێت و پڕ بەدڵیش حەز دەكەم لەوەدا هەڵەبم و سەر چیخ چووبم، ئایا پەلەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد كەلەئێستادا لەخراپترین دۆخی بەیەكەوە نەژیان دەژین، لەئاست ئەو واقیعە نوێیە دەبن؟ دڵنیام نەخێر.

  • 1